hemn husain
10 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2016
زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش لە دوای داگیرکردنی بەشێکی زۆری پارێزگای نەینەوا رووی لە زیادبوون بوو، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لە حاڵەتی هێرشکردن گەڕایەوە بۆ حاڵەتی بەرگریکردن و لە ئێستاشدا لە حاڵەتی پاشەکشەکردندایە و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش ئاماژە بە کەمبوونەوەی تواناکانی داعش دەکات لە دوو ساڵی رابردوودا. لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر تیشکی خستە سەر تواناکانی داعش لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا و گوتی: "لە ساڵی 2014، تیرۆریستانی داعش گەیشتنە دەروازەی بەغدا، نزیکەی بەشێکی عێراق و سنووری چوار پارێزگای عێراق کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی داعش، بەڵام لە ئێستادا تەنیا پارێزگای مووسڵ لە ژێر دەسەڵاتی داعش ماوەتەوە، بەشێکیش لەو گوندانەی سەربە پارێزگای نەینەوا، لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵ کرانەوە لە شنگال و زوممار و باشیک و هەندێک ناوچەی خازر و مەخموور".
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بە مانەوەی هەندێک ناوچە دەکات لە ژێر دەسەڵاتی داعش و لە هەمانکاتدا پێی وایە کە داعش بەشێکی زۆری ناوچەکانی لەدەستداوە و گوتی: "جگە لە پارێزگای مووسڵ، ئێستا هەندێک شوێنی دیکە لە ژێر دەسەڵاتی داعش ماوەتەوە وەکو حەویجە و ریاز و هەندێک ناوچەی رومادی کە دەتوانم بڵێم بەشێکی زۆری ناوچەکانییان لە دەست نەماوە کە ئەمەش کۆمەڵێک هۆکاری هەیە وەکو کەمبوونەوەی ژمارەی چەکداران و کەمبوونەوەی تواناکانی دارایی".
ئەگەرچی لە سەرەتای درووستبوونی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە پەلامارەکانی زیاتر بوون و ژمارەی چەکدارەکانیشی زیاتر بوون، بەڵام ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا کەمتر خەڵک پەیوەندی بە داعشەوە دەکات کە ئەمەیشی بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانی داعش گەڕاندەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "بێگومان ئێستا ژمارەی چەکدارانی کەمی کردووە، هەم توانای شەڕکردنی کەمتر بووەتەوە هەم خەڵک زیاتر لێی دوورکەوتووەتەوە و ئێستا خەڵک کەمتر پەیوەندی بە داعشەوە دەکەن و لەبەر ئەوەی رووی راستەقینەی داعش دەرکەوت کە رێکخراوێکی تیرۆریستە و دوای داگیرکردنی هەر ناوچەیەک پێشلکاریی و تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە".
فەریق جەبار گوتیشی: "بەپێی ئامارەکان تاوەکو ئێستا نزیکەی 20 هەزار چەکداری داعش کوژراوە، هەر ئەوەیش بووەتە هۆکار کە توانای وەکو پێشووتر نەماوە، بە بۆچوونی ئێمەش رەنگە ژمارەی ئەو چەکدارانەی لەناو مووسڵ و دەرەوەی مووسڵ هەبن نزیکەی 10 هەزار چەکدار بێت".
سەبارەت بە مەودای نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و پارێزگای مووسڵ، فەریق جەبار یاوەر گوتی: "لە هەر سێ میحوەرەکە پێشمەرگە کۆنتڕۆڵی هەیە بەسەر ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی خۆیەتی، پێشمەرگە نزیک بووەتەوە لە مووسڵ، بە جۆرێک لە هەندێک ناوچە هێزەکانی پێشمەرگە نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری مووسڵەوە دوورە".
ئەگەرچی لەسەرەتای هاتنی داعش بۆ ناو خاکی عێراق، ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی پەلاماری ناوچەیەکانیان دەدا زۆر زیاتر بوون لە ژمارەی ئەوانەی کە لەئێستادا پەلاماری ناوچەکان دەدەن، بە گوتەی بەرپرسی میحوەرەکانیش ئەمە هۆکاری لاوازبوونی داعشە و لەمبارەیەوە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "ئەمە پەیوەندی بە توانای تیرۆریستانی داعشەوە هەیە، چونکە جیاوازییەک هەیە لە نێوان ژمارەی تیرۆریستانی داعش و توانای دارایی و شێوازی شەڕکردن لە ساڵی 2014 تاوەکو 2016".
فەریق جەبار یاوەر گوتیشی: "ساڵی 2014 داعش بەرەو پێشەوە دەچوو لە هەموو بوارەکاندا کە خاکێکی زۆری خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆی لە هەمانکاتدا ژمارەیەکی زۆر چەکداریشی هەبوو، چەک و تەقەمەنییەکی زۆریشی دەستکەوت لە سووریا، لە عێراقیش نزیکەی چەک و تەقەمەنی 4 فرقەی دەستکەوت کە هەمووشیان چەکی پێشکەوتوو بوون، لەڕووی داراییەوەش تواناکانی زۆر بوون بەهۆی ئەوەی هەندێک بیری نەوتی لە ژێر دەسەڵاتدا هەبوو، هەندێک دەروازەی سنووری سووریا و ئوردن کەوتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، وەرگرتنی باج لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان کە هاتوچۆیان دەکرد، سەرچاوەیەکی دیکەی داهاتی داعش بوو، بەڵام ئێستا ئەوانە نەماون".
سەبارەت بە لاوازبوونی داعش لە ساڵی 2016، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر هۆکارەکانی ئاشکرا کرد و گوتی: "لە ساڵی 2016 داعش لە هەموو روویەکەوە لاواز بووە بە جۆرێک ئێستا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لێ بەرتەسک بووەتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە ژمارەی چەکدارەکانی کەمتر بووەتەوە، دەتوانم بڵێم ئێستا نیوەی ئەو ژمارە چەکدارەی هەیە کە لە ساڵی 2014 هەیبوو، تواناکانی چەک و تەقەمەنیشی کەمتر بووەتەوە، ئەوەیش لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەکەکان یان تێکشکاندنی چەکەکان بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەوە، جگە لەوەیش ئێستا زۆربەی بیرەکانی نەوتی کەرکووک و حەمرینی لە دەستداوە، واتا ئێستا سەرچاوەی فرۆشتنی نەوتی قاچاغیشی نەماوە یان کەمتر بووەتەوە لە عێراق و لە سووریا، کەواتا ئێستا داعش لە حاڵەتێکی بەرگری پاشەکشەدایە لە کاتێکدا لە ساڵی 2014 لە حاڵەتێکی دیکە بوو".
سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی جۆری چەکەکانی داعش لە ماوەی ئەو دوو ساڵەشدا، فەریق جەبار یاوەر گوتی: "ماوەی ئەو دوو ساڵە گۆڕانکاری بەسەر چەکەکانییاندا نەهاتووە، بەڵکو هەمان ئەو چەکانەیە کە لە ساڵی 2014 بەکاری هێناوە بەڵام لە هەندێک ناوچە ژمارەی چەکەکان زیاد دەکات ئەوەیش رەنگە بەهۆی ئەوەوە بێت کە لە عەمبارەکان دەریاندەهێنن و لە هەماکاتدا ئێستا تاکتیکی خۆتەقاندنەوە بەکار دەهێنن، دەبینین لەو ماوەیەی دواییدا تەنانەت خەڵکی خۆکوژیشی کەم بووەتەوە".
دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن داعشەوە لەماوەی رابردوودا هەواڵێکی گەرمی رۆژەڤ بوو، بەو هۆیەوەیشەوە چەندین برینداری سڤیل لە هەرێمی کوردستانەوە گواسترانەوە بۆ تورکیا بە مەبەستی چارەسەرکردنییان، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەش ئاماژە بە جۆری ماددەکان دەکات و لەمبارەیەوە گوتی: "داعش لە چەند ناوچەیەک چەکی کیمیاوی بەکارهێناوە بەڵام بەپێی ئەو لێکدانەوەی ئێمە، ئەو چەکە کیمیاییانە بۆخۆی درووستی دەکات و دەیکاتە ناو گولـلەی ئاربی جی و یان شتێکی لەو بابەتە، لەبەر ئەوە دەستکردی خۆیانە و رەنگە پشت ببەستێت بە هەندێک ماددەی کیمیاوی ماوە بەسەرچوو، لەبەر ئەوە کاریگەرییەکی خراپی نییە و جیاوازە لەگەڵ ئەو کیمیاویەی کاتی خۆی سەدام لە هەڵەبجە بەکاری هێنا، ئەوەی سەلمێنراوەیشە تاوەکو ئێستا لە دوو ناوچە غازی خەردەلی بەکارهێناوە".