عێراق

حکوومەتی هەرێمی کوردستان: "نەناردنی مووچە و بوودجە و ڕێگریی لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ گوشارخستنە سەر هەولێرە"

حکوومەتی هەرێمی کوردستان: "وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریدا مووچەی هەشت مانگی ٢٠٢٥ نەنێرێت، لە کاتێکدا لە ١٣ تریلیۆن دیناری پشکی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ تەنیا چوار تریلیۆن دینار نێردراوە".

Fakhradin Ibrahim Mohammad  | 11.06.2025 - نوێکردنەوە : 12.06.2025
حکوومەتی هەرێمی کوردستان: "نەناردنی مووچە و بوودجە و ڕێگریی لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ گوشارخستنە سەر هەولێرە"

Arbil

حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

- "وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریدا مووچەی هەشت مانگی ٢٠٢٥ نەنێرێت، لە کاتێکدا لە ١٣ تریلیۆن دیناری پشکی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ تەنیا چوار تریلیۆن دینار نێردراوە".

- "حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پاساوەکانی بەغدای لە بواری دارایی و نەوتدا بڕیوە هاوکات ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ و کارکردن بە دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی پێشان داوە بەڵام سزاکانی و گەمارۆکانی بەغدا بۆ سەر خەڵکی کوردستان بەردەوامن و نیازی حکوومەتی فیدڕاڵی لە دژایەتی قوڵی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیدا بۆ ناوخۆ و دەرەوە ڕوون بووەتەوە".

هەولێر - AA

لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق، باس لە وردەکاریی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات و ڕادەگەیەنێت، "١١ ساڵە حكوومەتی فیدراڵی هەموو ئامرازەكانی گەمارۆی ئابووری و سیاسی و دارایی بۆ سەر خەڵكی كوردستان دەست پێكردووە".

لە تۆمارەکەدا، حکوومەتی هەرێم وێڕای بە دووپاتکردنەوەی پابەندی حکوومەتی هەرێم بە دەستووری عێراق، بەغدای بە پێشێلکردنی دەستوور و هەوڵدان بۆ لاوازکردنی پێگەی سیاسی و ئابووری هەرێم تاوانبار دەکات.

حکوومەتی هەرێم پێی وایە کە نەناردنی مووچە و بوودجەی هەرێم، ڕێگریی لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، بەشێکن لە پلانەکانی بەغدا بۆ گوشارخستنە سەر هەولێر.

لە تۆمارەکەدا هاتووە:

"لە چەند ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق لەسەر ئاستە سیاسی و دارایی و ئابوورییەکان گەمارۆی خستووەتە سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و فشاری بەردەوامی لە بچووککردنەوە و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان کردووە. لەگەڵ ئەوەی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان فاکتەری ئارامی و گەشەی ناوچەکەیە، لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا ڕۆڵی لە گێرانەوەی سەقامگیری و لەخۆگرتنی ئاوارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا بینیوە. حکوومەتی فیدڕاڵی لە جیاتی هاوبەشی و ڕێککەوتن، هەموو ئامرازێکی بۆ سزادانی هەرێم خستووەتە گەڕ و لیستی مووچەخۆران بۆ ماوەی ١١ ساڵە حکوومەتی فیدڕاڵ بوودجە و مووچەی خەڵکی کوردستانی بڕیوە. لە بەرامبەردا هەموو مانگێک بیانووی جۆراجۆری بۆ نەناردنی مووچە دروست کردووە، سەرباری ئەوەی دادگای فیدڕاڵی بڕیاری داوە مووچەی خەڵکی کوردستان خەرج بکرێت بە بێ دواکەوتن و پەیوەندی بە هیچ بابەتێکەوە نەکرێت.

حکوومەتی هەرێم هەموو مانگێک بیانووکانی بەغدای بڕیوە و کێشەکانی لیستی مووچەی چارەسەر کردووە بۆ ئەمەش سیستەمی پێڕۆڵی دامەزراندووە و یاسای یەکگرتووی خانەنشینی عێراق و سیستەمی بە بانکیکردنی مووجەی جێبەجێ کردووە و لەسەر داوای حکوومەتی فیدڕاڵ دامەزراندنی هەمیشەیی و گرێبەستی و لەجێ دانانی فەرمانبەرانی بە هەموو شێوەیەک ڕاگرت بەڵام حکوومەتی فیدڕاڵی هەموو مانگێک مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی خواخستووە و هیچ ساڵێکیش ١٢ مووچەی مووچەخۆرانی نەناردووە، ئەمە جگە لە پیادەکردنی دادپەروەری لە دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق.

لە دوا بڕیاری ستەمکارانە و سزادانێکی نوێدا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریدا مووچەی هەشت مانگی ٢٠٢٥ نەنێرێت، لە کاتێکدا لە ١٣ تریلیۆن دیناری پشکی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ تەنیا چوار تریلیۆن دینار نێردراوە".


حکوومەتی هەرێم هەروەها "گەمارۆکانی بەغدا لە بواری بوودجە"ی باس کردووە و ڕایگەیاندووە، "بەغدا لە ڕێگەی سکاڵای نێودەوڵەتییەوە لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣، ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت کە بە هۆیەوە عێراق و هەرێمی کوردستان ٢٥ ملیار دۆلار زیانیان بەر کەوتووە. حکوومەتی هەرێم لە ٤ی نیسانی ٢٠٢٣ لەگەڵ عێراق رێککەوتنی ئیمزا کرد کە نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە نەوتی بفرۆشێت. هەرێمی کوردستان ١١ ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کردووە بەڵام تێچوویەکی ئەو بەرهەمهێنانەی خەرج نەکردووە. جگە لەوە لەسەدا ٥٠ داهاتی نانەوتی ڕادەست کردووە بەڵام بەغدا بۆ ماوەی ١١ ساڵە بوودجەی کوردستانی بڕیوە و بەو هۆیەوە پڕۆژە و گەشەی شارەکانی وەستاندووە. سەرەرای پەسەندکردنی بوودجە بۆ ساڵی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، ئەمە جگە لەوەی بەغدا هیچ قەرەبوویەکی خەڵکی کیمیاباران و جینۆساید و ئەنفالکراوی کوردستانی نەکردووەتەوە کە ماددەی ١٣٢ی دەستوور ئاماژەی پێداوە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو تۆمارەدا، باس لە "ڕێگریی لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم" لە لایەن بەغدا کراوە و هاتووە: "عێراق جگە لەوەی مووچە و بوودجە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت، ئاستەنگیش لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دروست دەکات تاکو نەتوانێت ئابووری ببووژێنێتەوە و مووچە دابین بکات لە کاتێکدا ماددەی ١١١ و ١١٢ی دەستووری عێراق مافی وەبەرهێنانی وزە بۆ کوردستان دەستەبەر دەکات. هەرێم هەموو ئاسانکارییەکانی بۆ مەرجەکانی عێراق و ڕێککەتن لەگەڵ کۆمپانیاکان کردووە و گرێبەستەکانی نێوان هەرێم و کۆمپانیاکان بە پێی بڕیارەکانی دادگاکانی عێراق یاسایین بەڵام حکوومەتی عێراق ئاستەنگی نوێ لەبەردەم پرسەکە دروست دەکات، تاکو هەرێم لە ڕووی ئابوورییەوە لاواز بکات و توانای خۆبژێوی نەبێت وەک سەرەتای ٢٠١٤. سەرباری ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پاساوەکانی بەغدای لە بواری دارایی و نەوتدا بڕیوە هاوکات ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ و کارکردن بە دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی پێشان داوە بەڵام سزاکانی و گەمارۆکانی بەغدا بۆ سەر خەڵکی کوردستان بەردەوامن و نیازی حکوومەتی فیدڕاڵی لە دژایەتی قوڵی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەیدا بۆ ناوخۆ و دەرەوە روون بووەتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی توندی حزبەکانی کوردستان و عێراق و سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق و سیاسەتمەدار و چاودێرانی دەرەوەی لێ کەوتووەتەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın