عێراق

مەسرور بارزانی: "ئامانجمانە لە ١٠ ساڵی داهاتوودا، ٢٠ ملیۆن گەشتیاری بیانی ڕابکێشین"

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق مەسرور بارزانی: "هاتنی گەشتیارانی دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان، دەرفەتێکی باشە بۆ تێکەڵاوبوونی کولتوورە جیاوازەکان و زیاتر ناساندنی هەرێم بە دنیای دەرەوە.".

Fakhradin Ibrahim Mohammad  | 10.06.2025 - نوێکردنەوە : 11.06.2025
مەسرور بارزانی: "ئامانجمانە لە ١٠ ساڵی داهاتوودا، ٢٠ ملیۆن گەشتیاری بیانی ڕابکێشین"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، ئامانجیان هەیە پەرە بە پڕۆژە گەشتیارییەکان لە هەرێم بدەن و لە پلانیان دایە لە ١٠ ساڵی داهاتوودا ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان بگاتە ٢٠ ملیۆن گەشتیار.

لە میانی ڕێوڕەسمێکدا کە بە دەستپێشخەری کەرتی تایبەت لە هەرێم بە ناونیشانی "پڕۆژەی ڤیزیت کوردستانVisit Kurdistan" بەڕێوەچوو و چەندین کەسایەتی و کۆمپانیاکانی گەشتیاری تێدا بەشدار بوون، مەسرور بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد.

لە سەرەتای گوتارەکەیدا، بارزانی ڕایگەیاند کە پلانیان هەیە بۆ زیاتر ناساندنی هەرێمی کوردستان بە جیهانی دەرەوە و ڕاکێشانی گەشتیارانی بیانی بۆ هەرێم. گوتیشی، "(لە هەرێمی کوردستان) چەندین شوێن و مەزاری کۆن و دێرین و پیرۆزی ئایینی وەک مزگەوت و کلێسا و پەرستگەی هەموو ئایینەکان هەن وەک مەڵبەندێکی بەیەکەوەژیانی ئایینی و ئاشتییانەی هەموو پێکهاتەکان. هەروەها لە کوردستان سەدان شوێنەوار و شوێنی گەشتوگوزارمان هەن کە لە ئاستی جیهانیشدا، زۆر ناسراون بۆ نموونە ئەشکەوتی شانەدەر و قەڵای هەولێر".

بە گوتەی سەرۆکوەزیران بارزانی، هاتنی گەشتیارانی دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان، دەرفەتێکی باشە بۆ تێکەڵاوبوونی کولتوورە جیاوازەکان و زیاتر ناساندنی هەرێم بە دنیای دەرەوە.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق مەسرور بارزانی گوتیشی: "ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بە هاوکاری کەرتی تایبەت، بتوانێت لە ماوەی ١٠ ساڵی داهاتوودا، ٢٠ ملیۆن گەشتیاری بیانی ڕابکێشین بۆ سەردانی وڵاتەکەمان".

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، مەسرور بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا ئاماژەی بەوەدا کە پابەندییە دەستوورییەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە و دەسەڵاتدارانی بەغدای تاوانبار کرد بە "برسیکردنی خەڵکی کوردستان" و بە "سیاسەتێکی چەوت" ناوی هێنا و گوتی: "بەرپرسانی بەغدا، دەبێ بزانن کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و هەرێمی کوردستانیش بە پێی دەستوور، قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە و دەبێ لەو چوارچێوەیەدا، مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت. نەک بە عەقڵییەتی مەرکەزی و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان کە لە سەدەی ڕابردوودا، ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتدار لە بەغدا، بە ئاگر و ئاسن و بەکارهێنانی هەموو چەکێک، ڕووبەڕووی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بوونەوە و بەڵام ئەم سیاسەت و ڕەفتارانە، جگە لە ماڵوێرانی و وێرانکاری، هیچ سوودێکی بۆ عێراق نەبووە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın