Hawkar Yaseen
20 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ راگەیەندرا.
مەسرور بارزانی لە میانی رێوڕەسمەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند "ھیوادارم ئیدارەیەکی خزمەتگوزار بۆ بنەماڵەی شەھیدان و پێشمەرگە و ھەموو خەڵکی ئەو دەڤەرە بێت، دەستپێک و قۆناغێکی نوێ دەست پێ بکات، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی ئێوەی خۆشەویست بکەین، ئەو ئیدارە سەربەخۆیەی زاخۆش وەکو وەفایەکە بۆ زەحمەت و ماندووبوون و خوێنی شەھیدان و زەحمەتی ھەمووان. لە ئێوە پیرۆز بێت، ھیوادارم ئەو ئیدارەیە بتوانێت ئاستی خزمەتی ئێوە دابێت".
گوتیشی: "رەنگە لە زۆر لایەنەوە خزمەتگوزاری ئیدارەیەکی سەربەخۆ باشتر خزمەت بکرێت، وەکو دەزانن دەڤەری زاخۆ دەڤەرێکی فراوانە، بۆ راپەڕاندنی ئیشوکاری ئیداری بگەڕێنەوە دھۆک، رەنگە ھەندێک زەحمەت بێت، شۆڕکردنەوەی دەسەڵات یان راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ ئەوەیە ئاسانکاری زیاتر بۆ خەڵکی ئەو دەڤەر بکرێت، دەڤەرێکی مێژووییە و خەباتگێڕە، خەڵکێکی خەباتگێڕ و تێکۆشەری لێیە. لە ھەمانکاتدا یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستان".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی راشیگەیاند "پێویستە مافی خەڵکی زاخۆ بۆ خەڵکی زاخۆ بگەڕێتەوە، داھاتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر ھەموو ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دابەش بکرێت، بێگومان وەکو دیارە ھەقی خەڵکی زاخۆ وەکو خۆی نەدراوە، لەبەر ئەوە بڕیاری ئێمەیە بتوانین بیکەین ئەوەیە، ھەقی ئەو خەڵکە بگەڕێنینەوە و خزمەتگوزارییە پێویستەکان جێبەجێ بکرێن، داخوازیش لە ئیدارەی نوێی زاخۆ دەکەم بە ھەموو جۆرێک خزمەتی خەڵکی خۆی بکات، بەرپرسیارێتی ئیمتیاز نییە، ئەو کەسەی وەکو سەرپەرشتیار و بەرپرس دیارکراوە، بۆ ئەوە نییە ئیمتیاز وەربگرێت، بۆ ئەوەیە خزمەتی زیاتری خەڵک بکات، پێویستە ئێمە ھەموو خزمەتکاری خەڵکی خۆمان بین، چونکە ئەوە ئەمانەتە لەسەر ئەستۆی ئێمە، ئەو ئەمانەتەش ئێوە بە ئێمەتان بەخشیوە".
دواتریش پارێزگاری دهۆک، عەلی تەتەر وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند "راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەستکەوتێکی مەزنە و پیرۆزبایی لە خەڵکی دەڤەرەکە دەکەم کە لەڕووی خزمەتگوزارییەوە ئەمە دەبێتە دەرفەتێکی باش و کارئاسانی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەمان دەکات".
عەلی تەتەر گوتیشی: "ئەم ھەنگاوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە شۆڕکردنەوەی دەسەڵات و راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، باشترین خزمەتە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشکەشی ئێمەی کردووە، رێزگرتن و ئاسانکارییە کە پێشکەشی خەڵک کراوە، کەمکردنەوەی رووتینە و بۆ خێرا جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانە".
زاخۆ دەکەوێتە باکووری پارێزگای دھۆک و لە ساڵی ١٨٦٤ بووەتە قەزا، رووبەرەکەی هەزار و ٢٠٩ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار کەسە، جگە لەو ژمارەیە، ٩٠ ھەزار ئاوارە و پەنابەری لێ دەژیت، قەزای زاخۆ لە سێ ناحیە و ١٨٧ گوند پێکدێت.
قەزای زاخۆ لە ناحیەکانی باتیفا، دەرکار و رزگاری پێکھاتووە و لە سنووری قەزاکە ١٨٧ گوند ھەیە، ٩٢ گوند ئاوەدان کراونەتەوە و ٩٥ گوندش بەھۆی شەڕی پەکەکەوە نەتوانراوە ئاوەدان بکرێنەوە.
ناحیەی رزگاری ٤٩ گوند و پێنج کۆمەڵگا لەخۆدەگرێت، ناحیەی دەرکای-ش ٦٣ گوند و سێ کۆمەڵگای لەخۆگرتووە، ناحیەی باتیفا ٧٥ گوند و سێ کۆمەڵگای لەخۆگرتووە، هەروەها لە زاخۆ شەش شارەوانی ھەیە.
ناحیەی باتیفا لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆکەوە پێشنیاز کراوە تا ببێتە قەزا و پێشنیازەکەش پەسەند کراوە کە کۆمەڵگەی بێگۆڤا و گوندی ئاڤەگەنیێ ببنە شارەدێی سەربە باتیفا.
هەروەها لە ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک، پێشنیازکراوە ناحیەی باتێل کە سەربە قەزای سیمێڵ-ە بکرێت بە قەزا و ئیدارەکەی بۆ قەزای زاخۆ بگوازرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو ھەنگاوە جێبەجێ نەکراوە.
لە رووی ئابوورییەوە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێگەیەکی گرنگی ھەیە، دەروازەی سنووریی ئیبراھیم خەلیل کە یەکێکە لە گرنگترین دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە سنووری قەزای زاخۆیە کە ھەرێمی کوردستان بە تورکیا دەبەستێتەوە و رێگەیەکی بازرگانیی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراقیش.
هەروەها لە زاخۆ چەندین شوێنەواری مێژوویی گرنگ ھەیە کە بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەی شوێنەواری مێژوویی دھۆک، ١٥٩ شوێنەواری مێژوویی لەو قەزایە دەست نیشان کراوە لە گرنگترینیان؛ پردی دەلال، کەللی زاخۆ، کەللی قوباد پاشا و شوێنەواری کێستە.