Heman Hussein Yaseen
17 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی کرد لە شاندێکی ھیندستان بە سەرۆکایەتی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە، ڤێرڤالی مۆرالی دەھاران.
ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە لە کۆبوونەوەیەکدا وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ھیندستان ئاماژەی بە گرنگی پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و ھیندستان کردووە، بەتایبەتی کە رەوەندێکی گەورەی ھیندستان لە ھەرێمی کوردستان دەژین. ئامادەیی وەبەرھێنەرانی وڵاتەکەیشی دەربڕی بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکەن.
ئاماژە بەوەیشکراوە کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار بۆ ئەوە دەکات زەمینەیەکی باشتر و لەبارتر بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی برەخسێنێت کە لە بەرژەوەندی پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووری ھەرێمی کوردستان بێت.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و بارزگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ھیندستان کراوە.