Heman Hussein Yaseen
17 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کرد لە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی هیندستان، ڤێرماڤالی مۆرالی دەھاران.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پوختەیەکی دەربارەی قۆناغی رابردوو و ئێستای ناوچەکە، دۆخی دەستی کاری ھیندستان لە ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و بوونی ژینگە و یاسای لەبار بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان، پێشکەش کردووە.
ئاماژە بەوەیشکراوە کە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی هیندستان، ڤێرماڤالی مۆرالی دەھاران پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کردووە و سڵاوی سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ھیندستانی پێگەیاندووە.
ڤێرماڤالی مۆرالی دەھاران هەروەها، پێزانینی وڵاتەکەی بۆ قوربانیدانی گەلی کوردستان لە شەڕی دژبە تیرۆر و خواستی وڵاتەکەی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە.
تاوتوێکردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ھیندستان، کاری ھاوبەش بۆ لەناوبردنی تیرۆر، دیاریکردنی بوارەکانی کاری ھاوبەش لە کەرتە جیاوازەکاندا، دۆخی دەستی کاری ھیندستان و ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بۆیان، ھەروەھا رێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری غاندی لە پارکی شانەدەر لە ھەولێر، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.