سياسەت

ژیاننامه‌ی نێچیرڤان بارزانی

- ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێم سوێندی یاسایی ده‌خوات، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكایه‌تی چه‌ند كابینه‌یه‌كی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌، ئاژانسی ئانادۆڵو ژیاننامه‌ی بڵاوده‌كاته‌وه‌.

Hemn Baban  | 10.06.2019 - نوێکردنەوە : 11.06.2019
ژیاننامه‌ی نێچیرڤان بارزانی

Arbil

ھەولێر - AA

نێچیرڤان بارزانی دووەم سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە لە دوای مەسعود بارزانی کە نزیکەی هەشت ساڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بوو.

ئەمڕۆ رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە دانیشتنێکی پەرلەمان لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری ھەولێر بە ئامادەبوونی سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح و نوێنەرانی چەندین وڵاتی جیھان و وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و چەندین کەسایەتی دیکە بەڕێوەبچێت.

نێچیرڤان بارزانی کە دووەم کەسە لەسەر کورسی سەرۆکی ھەرێم دادەنیشێت سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوو بۆ چەند کابینەیەک ئەو ناوی تەواوی نێچیرڤان ئیدریس بارزانی-یە و لەدایکبووی ٢١ی ئەیلوولی ١٩٦٦ی گوندی بارزان-ە.

نێچیرڤان بارزانی لە ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ بنەماڵەکەی لە دوای رێککەوتننامەی جەزائر لە نێوان ھەریەک لە عێراق و ئێران روو دەکەنە ئێران و لەوێ لە زانکۆی تاران زانستە سیاسییەکان دەخوێنێت.

نێچیرڤان بارزانی کە ئێستا جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە، پەیوەندیی بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی کوردستانەوە کردووە و بەشداریی لە چەندین شەڕدا دژبە حکوومەتی پێشووتری عێراق کە حکوومەتی بەعسییەکان بوو کردووە.

لە ساڵی ١٩٨٩ بووە بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی لە کۆتاییەکانی ئەیلولی ١٩٩٦ تاوەکو ٢٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٩ جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە.

لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٩ تا ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە.

لە پێنجی نیسانی ٢٠١٢ش تاوەکو نۆی ئاداری ٢٠١٩ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە.

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ خاتوو نەبیلە بارزانی کچی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی ھاوسەرگیریی کردووە و سێ کوڕ و دوو کچی ھەیە.

نێچیرڤان بارزانی جگە لە کوردی، زمانی فارسی، عەرەبی و ئینگلیزی باش دەزانێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın