Hemin Hüseyin
26 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 27 ئەیلوول 2018
هەولێر - AA
بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و ژمارەیەک لە وەزیران و خاوەنی کۆمپانیای هێمن گرووپ، خالید خۆشناو بەردی بناغەی دروستکردنی شەقامیی بازنەیی ١٥٠ مەتری دانرا.
لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "پرۆژەی ١٥٠ مەتری لە ھەولێر پڕۆژەیەکی هەرە گرنگە نەک تەنیا بۆ ھەولێر، بەڵکو بۆ ھەموو ئەو جووڵە و ھاتوچۆیانەی بە ھەولێردا تێدەپەڕن، چونکە ھەولێر رێڕەوی جووڵەی ھاتوچۆی بازرگانییە و رێڕەوی ھاتوچۆی نێوان وڵاتانی عێراق و ئێران و سووریا و تورکیاشە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە کۆمپانیای هێمن گرووپ کرد وەکو کۆمپانیایەکی جێبەجێکار کە لەماوەی رابردوودا پڕۆژەی شەقامی بازنەیی ١٢٠ مەتری لە لایەن هەمان کۆمپانیا جێبەجێکراوە و گوتی: "سوپاسی کۆمپانیای هێمن گرووپ دەکەین کە ھەر سێ پرۆژەی شەقامی ١٢٠ مەتری، ١٥٠ مەتری و شەقامی ھەولێر-گوندی گۆپاڵ، بەقەرز دروست دەکات و بەمەش رێگای هەلێر-دهۆک کورت دەبێتەوە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند کە خەریکە رۆژە سەختەکان تێدەپەڕن و دوای باشتربوونی دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان، حکوومەت دەستی بە خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی کردووەتەوە و بەردەوامیش دەبین.
دوای تەواوبوونی شەقامی بازنەیی ١٢٠ مەتری شاری هەولێر، دەستدەکرێت بە دروستکردنی شەشەم شەقامی بازنەیی ھەولێر کە درێژییەکەی ٧٠ کیلۆمەترە و پانیی ھەر لایەکی ١٩ مەتر و نیوە و بڕیارە لە میانی هەزار و ٢٥٠ رۆژدا تەواو بکرێت.
قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە لە رێگای بەحرکە بۆ رێگای کۆیە بە درێژایی ١٤ کیلۆمەتر دەست پێدەکات بە گوژمەی ١٣١ ملیۆن دۆلار، لەم مەودایەدا سێ بەرزە پرد و سێ ئەندەرپاس دروستدەکرێت، ئەم شەقامە وەستانی تیایدا نییە و تاکە جیاوازی ئەم شەقامە ئەوەیە کە یوتێرنی تیادا نییە و دووەم قۆناغیش لە رێگای کۆیە بۆ رێگای کەرکووک دەست پێدەکات.