07 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2019
دهۆک - AA
بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى گەشتوگوزارى زاخۆ، چیا ئەمین رایگەیاند "چەکدارانى پەکەکە لە سنوورى قەزاى زاخۆ گەشتیاران و دانیشتوانی دەیان گوند بێزار دەکەن و بوونەتە هۆى نائارامى لە ناوچەکە".
چیا ئەمین لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "بوونى پەکەکە لە سنوورى قەزاى زاخۆ، زیانى بە کەرتى گەشتیارى گەیاندووە و رۆژ لە دواى رۆژ هەوڵەکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ بەرتەسککردنى کەرتى گەشتیارى سنوورى قەزاکەمان".
ئەو گوتیشى: "پەکەکە زیانێکى زۆری بە کەرتى گەشتوگوزارى قەزاى زاخۆ گەیاندووە، بە هۆى بوونى چەکدارەکانى ئەو رێکخراوە، لەئێستادا ١٥ شوێنى گەشتیارى داخراون، سەرەڕاى ئەوەش ماوەیەکە داواى بەشێک لە داهاتى گەشتیارى دەکەن بۆ ئەوەى وەک سەرچاوەیەکى دارایی سوودى لێوە ببینن".
بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى گەشتوگوزارى زاخۆ، چیا ئەمین باسى لەوەیشکرد کە دواى ئەوەى بەڕێوەبەرایەتى گەشتوگوزارى قەزاى زاخۆ دەستیکرد بە فراوانکردن و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بە چەند ناوچەیەکى گەشتیارى لە سنوورى ناحیەى باتیفا، چەکدارانى پەکەکە سەرەڕاى رێگریکردن لە خزمەتگوزارییەکان، داواى بەشێک لە داهاتى پڕۆژە گەشتیارییەکان دەکەن کە ئەمە بووەتە مایەى توڕەبوونى ئەوان و هاووڵاتییانى سنوورەکە.
بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى گەشتوگوزارى قەزاى زاخۆ ئاماژەى بەوەدا کە لە پلانیان دایە ژمارەیەک پڕۆژەى گەشتیارى لە سنووى قەزاى زاخۆ جێبەجێ بکەین، بەڵام بە هۆى رێگرییەکانى پەکەکەوە پڕۆژەکان نەچوونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
چیا ئەمین هۆشدارى دەدات لە جموجۆڵەکانى پەکەکە و دەڵیت "ئەگەر حکوومەتى هەرێمى کوردستان رێگرى لە جموجۆڵەکانى پەکەکە نەکات ئەوا لە ئایندەدا بۆ نێو سەنتەرى قەزاى زاخۆ دزە دەکەن، ئەمەیش زیانێکى گەورەمان پێدەگەیەنێت".
بە هۆى بوونى چەکدارانى پەکەکە گەشتیاران ناتوانن بە ئارەزووى خۆیان سەردانى سەرجەم ناوچە گەشتیارییەکانى سنوورى قەزاى زاخۆ بکەن، لەمبارەیەوە گەشتیارێک بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دەڵێت "چەندین هاوینەهەوار و شوێنى گەشتیارى لە سنوورى قەزاى زاخۆ هەیە، بە هۆى پەکەکەوە ناتوانین سەردانیان بکەین و کاتێکی خۆش بەسەر ببەین، ترسى ئێمەش لەوەدایە کە لە لایەن پەکەکەوە بڕفێندرێین یان بۆ مەبەستە قێزەوەنەکانى خۆیان بەکارمان بهێنن".