Azat Muhammet
12 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2017
دهۆک-AA
فەرماندەی فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ رایگەیاند "ژمارەیەکى زۆری کوردى ئیزدى ریزەکانى چەکدارانى پەکەکەیان جێێشتووە و تا ئێستا نزیکەى ٥٠٠ کەس ناونووس کراون بۆ ئەوەى بخرێنە سەر وەزارەتى پێشمەرگە، ئەمڕۆ شوێنى مەشقدان و راهێنانى سەربازییان بۆ کرایەوە، بەیانى لە سەربازگەى بەنداوى مووسڵ یەکەم رۆژى دەستپێکردنى خولە سەربازییەکە دەبێت".
لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو، فەرماندەی فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ گوتى: "یەکەمین قۆناغى دەرکردنى پەکەکە لە شنگال گەڕاندنەوەى ئەو کوردە ئێزدیانەیە کە چوونەتە ریزەکانى پەکەکە، دواى نەمانى هیچ کوردێکى ئیزدى لە ریزەکانى چەکدارانى پەکەکە، دەرکردنیان ئاسانتر دەبێت و کاتێک هیچ کوردێکى ئێزدیان لەگەڵدا نەمێنێت هەر خۆیان جێگەیان لە شنگال نابێتەوە".
قاسم شەشۆ گوتیشى: "جێهێشتنى ریزەکانى پەکەکە لەلایەن کوردى ئیزدى لە شنگال بەردەوامە، رۆژانە دەیان چەکدارى کوردى ئیزدى واز لە پەکەکە دەهێنن و خۆیان رادەستى پێشمەرگە دەکەن، هەموو ئەو چەکدارانەى خۆیان رادەستى پێشمەرگە دەکەن باس لە شەڕو ئاڵۆزییەکانى خانەسۆر دەکەن ئاماژە بەوە دەدەن کە پەکەکە ئەوانى هەڵخەڵەتاندوون و بۆیە پەشیمانن لەوەى تێکەڵى پەکەکە بوون، خۆشبەختانە تا ئێستا نزیکەى ٨٠ لە سەدى چەکدارە ئێزدییەکان ریزەکانى پەکەکەیان جێشهێشتووە، ئەو رێژەیەی کە ماون لە چەند رۆژ و هەفتەى داهاتوو خۆیان دەگەیەننە پێشمەرگە، پێشمەرگەش لەسەر ئاستى فەوج و لیواکان لە پێشوازیاندایە".
فەرماندەی فەرماندەیی شنگال جەختى کردەوە کە لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ دەرکردنى پەکەکە لە شنگال و دەشڵێت "یەکێک لەو هەنگاوانەى گرتوومانەتەبەر بۆ دەرکردنى پەکەکە لە شنگال وەرگرتنى ئەو چەکدارە ئیزدیانەى ریزەکانى پەکەکە لە چوارچێوەى وەزارەتى پێشمەرگە، بە فەرمانى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى هەرێمى کوردستان تا ئێستا ٤٨٩ کەس ناونووس کراون خولێکى سەربازى لەژێر چاودێرى وەزارەتى پێشمەرگە بۆیان کراوەتەوە و مەشق و راهێنان بەهەموو ئەو چەکدارانە دەکرێت کە لەلایەن پەکەکە لە خشتە برابوون".
هەروەها ئاماژەى بەوەدا کە سبەی یەکەم رۆژى خولى مەشق و راهێنانى سەربازى دەبێت بۆ ئەو چەکدارانەى ریزەکانى پەکەکەیان جێهێشتووە، راهێنانەکان لەسەر ئاستى جیاواز دەبن و چۆنیەتى راهێنانیان لەسەر جۆرەها چەک و رووبەڕووبوونەوە و هێرشبردنى سەربازى هەروەها وانەى جەستەیی، سەربازى، پەروەردەیی و رۆشنبیریان بۆ دەگوترێتەوە، تاوەکو لە پەروەردە چەوتەکانى پەکەکە رزگار بن کە لە ماوەى رابردوو بە زۆرەملێ بینیویانە.
- "حاڵەتەکانى تەقەکردن لە پێشمەرگە لە شنگال، پەکەکە بوون"
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ گوتى: "پەکەکە لە شنگال بووەتە هۆى دروستبوونى ئاڵۆزى و دەرگاى زۆرى بە رووى کەسانى تێکدەر و ئاژاوەگێڕ کردووەتەوە، ئەمەیش ترسى لە دڵى خەڵکى شنگال دروست کردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان، ئەگەر پەکەکە لە شنگال نەمێنێت بێگومان ئاوارەکان دەگەڕێنەوە و شارۆچکەکەش ئاوەدان دەکرێتەوە، چونکە بەهۆى مەترسى پەکەکە لە شنگال و دەورووبەرى تا ئێستا وڵاتانى جیهان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى نەیانتوانیوە شنگال ئاوەدان بکەنەوە".
گوتیشى: "پەکەکە لە سنوورى شنگال جگە لەوەى چەندین هاووڵاتى گولـلە باران کردووە، زیاتر لە دوو جاریش تەقەیان لە هێزەکانى پێشمەرگە کردووە، بۆمان روون بووەتەوە کە جگە لە پەکەکە هیچ گرووپێکى دیکەى چەکدارى لەو ناوچانە نییە تەقەى لە پێشمەرگە کردبێت، کە بەهۆى تەقە کردنەکانیشەوە جارى یەکەم دوو پێشمەرگە بریندار بوون جارى دووەمیش سێ پێشمەرگە بە سەختى بریندار بوون".
- "پێشمەرگە بەشدارى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى تەلەعفەر نابێت"
هاوکات جێگرى فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، عەمید سمێ بۆسەلى راگەیاند "هێزەکانى پێشمەرگە ئامادەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى ئەو ناوچانەى لە دەست داعش ماون لە دەورووبەرى شارۆچکەى شنگال کە پێک دێت لە ٥ کۆمەڵگە و ١٣ گوند، دواى کۆتایی هاتنى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ، ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى ئەو ناوچانەى شنگال دەست پێدەکات".
لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو، عەمید سمێ بۆسەلى گوتی: "ئۆپەراسیۆنەکە بە هەماهەنگى لەگەڵ سوپاى عێراق دەبێت و تەواوى ناوچە کوردییەکانى شارۆچکەى شنگال لەلایەن پێشمەرگە کۆنتڕۆڵ دەکرێتەوە و هەر یەکە لە شارۆچکەکانى بەعاج و بلێج لەلایەن سوپاى عێراق و هێزە عێراقییەکان کۆنتڕۆڵ دەکرێنەوە، چونکە ئەو ناوچەیە سەربە خاکى عێراق-ن هاووڵاتى عەرەب تێیدان".
عەمید سمێ بۆسەلى گوتیشی: "تا ئێستا هیچ بڕیارێک نەهاتووە کە هێزەکانى پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارۆچکەى تەلەعفەر بەشدار بێت، پێشمەرگە بەشدارى ئۆپەراسیۆنەکە نابێت. هەرچەند ئێمە وەک هێزى پێشمەرگە ئامادەین بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى هەر ناوچەیەکى عێراق و ناوچەکە لە دەست داعش، بەڵام کۆنتڕۆڵ کردنەوەى تەلەعفەر لە ئەستۆى هێزە عێراقییەکانی ناوچەکەیە".