سياسەت

"رۆژی چوارشەممە دەنگ بە کابینەی نوێ دەدرێت"

- گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد: "بڕیارە رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی خۆیدا، دەنگ لەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدات".

Heman Hussein Yaseen Yaseen  | 08.07.2019 - نوێکردنەوە : 10.07.2019
"رۆژی چوارشەممە دەنگ بە کابینەی نوێ دەدرێت"

Arbil

هەولێر - AA

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد رایگەیاند کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەنگی لەسەر بدرێت و ئاشکرایشی دەکات کە ئەمڕۆ لیستی ناوی وەزیرەکانی کابینەی نوێ رادەستی پەرلەمان دەکرێت.

مەحمود محەمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "دەمێکە بەڵینمان داوە کە لەو کاتە یاساییەی کە هەیە کۆتایی پێ بهێنین، هەموولایەنەکانی بەشداربوو لە کابینەی داهاتوودا، ناو و سیڤی کاندیدەکانیان ناردووە بۆ راسپێردراوی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانیش ناوەکانی پێشکەش بەو دەکات و ئەمڕۆش دەبێت رادەستی پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی سیڤییەکان لەبەردەستی ئەندامانی پەرلەمان بێت تاوەکو لە کاتی دەنگدان لەسەر کابینەکەدا، ناوەکان لەبەردەستی پەرلەمانتاراندا بێت".

مەحمود محەمەد گوتیشی: "بڕیارە رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی خۆیدا، دەنگ لەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدات".

سەبارەت بەو لیستەی کە بڵاوبووەتەوە لە راگەیاندنەکان، مەحمود محەمەد گوتی: "ئەو لیستە فەرمییە کاتێک لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاودەکرێتەوە".

ئەو ئاماژەی بەوەشکرد کە حکوومەتی بەهێز ئەوەیە کە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بەشداربن و لەم کابینەیەش رەچاوی ئەوەکراوە و راشیگەیاند کە ئەمە کابینەیەکی بەهێز دەبێت و پشتیوانییەکی سیاسیی دەبێت.

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان راشیگەیاند کە لە هەموو لایەنەکانی بەشداربوو پێشنیازکراوە کە بەشداریکردنی ژن لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێدا لەبەرچاو بگیرێت.

لەبارەی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک، مەحمود محەمەد گوتی: "لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆداین و لیژنەی هاوبەش لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نشتیمانیی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا هەیە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک و ناوچەکان و لەسەر هەندێک شت گەیشتووین بە خاڵی کۆتایی و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا واژووی بکەین".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن