Hemin Hüseyin
13 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2017
هەولێر-AA
لە رۆژی رابردوودا، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانيیەتی دژ بە داعش، رایگەیاند کە ٢ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلاریان کۆکردووەتەوە بۆ بونیادنانەوەی عێراق و سەبارەت بە میکانیزمی خەرجکردنی ئەو هاوکارییەش بۆ هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحموود محەمەد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بونیادنانەوەی عێراق پێویستی بە پەرەپێدانی مرۆیی و ماددی هەیە و لەلای ئەمریکا ئەم بابەتە زۆر گرنگە چونکە لە پێشووتریشدا ئەمریکا لە رێگای کۆمەڵێک رێکخراو کاری لەسەر ئەم بابەتە دەکرد، بۆیە ئەمە هێشتا دیارنییە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند پشکی بەبەر دەکەوێت".
سەبارەت بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی پەکەکە لەناوچەی شنگال بە تایبەت دوای رووداوەکەی کۆمەڵگەی خانەسۆر، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پەکەکە نەک ئێستا، بەڵکو لە پێش راپەڕینەوەش کۆمەڵێک کێشەی دروست کردووە بۆ ھەرێمی کوردستان، زۆر جار شەڕی بە لایەنەکان فرۆشتووە، لە دوای راپەڕینیش هێرشێکی سەرتاسەرییان کردە سەر ھەرێمی کوردستان، و ھەروەھا پەکەکە جگە لە دەردەسەری نەیتوانیووە هیچ شتێک بەدەست بێنێت و کۆمەڵێک کێشەشیان لە ناوخۆی تورکیا دروست کردووە، رەنگە بە هەزاران خێزانی کورد لە ئەنجامی ئەو نەزانییەی پەکەکە لە تورکیا ئاوارەبووبن".
مەحموود محەممەد گوتیشی: "ئەو کارانەی پەکەکە دەیکات، هی ساڵانی شەستەکانە کە لە عێراق دەکرا، نەک هی ئەو سەردەمە بێت کە سەردەمی عەولەمەیە و سەردەمی گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن و سەردەمی یەکتر قبوڵکردنە، بۆیە لە ئێستادا پرسیارێک دروست دەبێت ئەویش ئەوەیە کە ئایا پەکەکە چ کارێکی هەیە لە شنگال، جگە لە نانەوەی ئاژاوە، بۆیە وا دەکەن کە خەڵکی هەرێمی کوردستان وەکو میوانێکی رەزاگران سەیریان بکەن، چونکە دەبنە مایەی کێشە لەم وڵاتە و دەبنە گرفت لەبەردەم پڕۆسەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان".
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان مەحموود محەممەد زیاتر گوتیشی: "پەکەکە لە جیاتی ئەوەی ھاوکارمان بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان، خۆیان دروستکەری کێشەن لە ھەرێمی کوردستان، بە تایبەت ئەوەی لە شنگال، قەندیل، مەخموور و شوێنەکانی دیکە روویدا جگە لە دروستکردنی کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان، ھیچی دیکە نەبوو".
لە ناوەراستی ئەمساڵدا دەبێت ئامادەکارییەکان تەواوبن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و ئەو گوتەبێژەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمبارەیەوە ئاشکرای دەکات کە بوودجەی پێویست تەرخانکراوە و ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەوان وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان هیوادارن پڕۆسەکە لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.