Hemin Hüseyin
13 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2017
هەولێر-AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتیی شەڕی دژبە داعش، برێت مەکگۆرگ و شاندێکی یاوەری کرد.
بە پێی هەواڵێک لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، شاندەکە پێکھاتبوو لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دۆگڵاس سڵیمان و کۆنسوڵی ئەمریکا لە ھەولێر کین گرووس و فەرماندەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق جەنەڕاڵ داونسێند و ژمارەیەک راوێژکاری باڵیۆزخانە و سوپای ئەمریکا لە عێراق.
بەپێی هەواڵەکە، لە دیدارەکەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە ھاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژبە داعش، وێڕای ئاماژەدان بە رۆژی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر و بۆنە نیشتیمانییەکانی گەلی کوردستان لە مانگی ئازار، ئەوەی خستەڕوو کە جێگەی شانازییە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستاندا کار دەکەن. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئارامیی و سەقامگیریی کوردستان بۆ وڵاتەکەی جێگەی بایەخە".
پەیوەست بە بارودۆخی شنگال هەروەک لە هەواڵەکەدا هاتووە، مەکگۆرگ رایگەیاندووە: "ئەمریکا نایەوێت جگە لە ھێزە فەرمییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ھیچ ھێزێکی دیکە لەم دەڤەرە بێت".
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و بەغدا و بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و شەڕی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و عێراق و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا تاوتوێ کراوە.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی هەواڵەکەیدا رایگەیاندووە کە "شاندی میوان جەختیان لە بەردەوامیی وڵاتەکەیان لە پێشکەشکردنی ھاوکاری بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە".