Hemin Hüseyin
13 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2017
هەولێر-AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ئاشکرای دەکات کە ئەوان بەشداری گەڕی چوارەمی کۆبوونەوەکانی ئاستانا نابن بەهۆی ئەوەی کۆبوونەوەی ئەمجارەی کۆبوونەوەیەکی سەربازییە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی کورد لە سووریا، ئیبراهیم برو لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێش ئێستا وەکو بەشێکی سیاسیی لە ئەنەکەسە، بەشداربووین لە کۆبوونەوەی ئاستانا، ئەمجارەش هەر درێژکراوەی هەمان کۆبوونەوەیە بەڵام تایبەتە بە بەشی سەربازیی و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەشداردەبن و لایەنی رژێمی سووریاش بەشدار دەبێت".
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا پێی وایە کە ئەگەری ئەوە هەیە کۆبوونەوەکەی ئاستانا دوابکەوێت بەهۆی نەبردنە سەری بەڵێنەکەی رووسیا و لەمبارەیەوە گوتی: "دەبینین رووسیا بەڵێنی دابوو بۆ وەستاندانی شەڕ، کەچی بەڵێنەکەی نەبردەسەر، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە کۆبوونەوەی ئاستانا دوابکەوێت و لەکاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێت".
سەبارەت بە ژمارەی پێشمەرگەکانی لەشکری رۆژ، سەرۆکی ئەنجوومەنی کورد لە سووریا، ئیبراهیم برۆ گوتی: "ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگەمان هەیە، بەڵام لە ئێستادا دەرگایەکمان کردووەتەوە بۆ ئەوەی پێشمەرگەی نوێ خۆیان تۆمار بکەن و پشبینی دەکەین لە ماوەی داهاتوودا ژمارەی پێشمەرگەکانی لەشکری رۆژ بگاتە ١٠ هەزار پێشمەرگە".
لە مانگی ٨ی ٢٠١٤ ھێزی ھاوپەیمانان ھێرشی ئاسمانییان بۆ سەر داعش لە عێراق دەستپێکرد و لە مانگی ٩ی هەمان ساڵدا ھێرشەکانییان بۆ سەر داعش لە سووریا دەستپێکرد و لە هەمانکاتدا هاوکارییەکانی ئەو هێزانەشیان کردووە کە دژ بە داعش شەڕ دەکەن و سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا رایدەگەیەنێت کە ئەوانیش بەشێک بوونە لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگە و لەمبارەیەوە گوتی: "هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی، هەروەکو چۆن مامەڵە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دەکات، بە هەمان شێوە مامەڵەش لەگەڵ لەشکری رۆژ دەکات، واتا ئەو هاوکارییەی دەگاتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە، بە هەمان شێوە دەگاتە دەست لەشکری رۆژ-یش".
لە ماوەی رابردوودا گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هێزەکانی لەشکری رۆژ و چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەی شنگال روویدا و سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریاش ئاماژە بەوە دەکات کە هەبوونی پەکەکە لەو ناوچەیە دەبێتە مەترسی بۆ دوارۆژ و لەمبارەیەوە گوتی: "بوونی پەکەکە لەو ناوچەیە بە رەوا نابینین و مەترسی شەڕی لێ دەکەین لە دواڕۆژدا".