Azat Muhammet
13 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2017
دھۆک-AA
ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ ئەنجوومەنى رۆحانى کوردانى ئێزیدى و ئیدارەى پارێزگاى دهۆک، لە هۆڵى کۆمەڵگەى دادوەرى پارێزگاى دهۆک وتارێکى پێشکەشکرد و گوتى: "هاوکاریکردنى پەکەکە لە سەرەتاى ساڵى ٢٠١٤ ماناى ئەوە نیيە کە پەکەکە خۆى لە ناوچەکە جێگیر بکات و بمێنێتەوە، بەڕاستى مانەوەى پەکەکە لە شنگال و ناوچەکە دەبێتە هۆى نائارامى و ناسەقامگیرى بەهۆیەوە ناوچەکەش ئاوەدانناکرێتەوە ".
لەبارەى ئەو ئاڵۆزى و کێشانەى لە کۆمەڵگەى خانەسۆر بەهۆى پەکەکەوە دروستبوو، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان گوتى: " هەڵوێستى ئێمە زۆر ئاشکرایە، ئەو کاتەى برایانى ئێمە لە سووریا پێویستییان بە هاوکارى ئێمە بوو ئێمە هێزى پێشمەرگەمان بۆیان نارد و هاوکارى ئەوانمان کرد بۆ رزگارکردنى کۆبانێ، ئەو کاتەى ئەرکى ئێمە لە رزگارکردنى کۆبانێ و گوندەکانى دەوروبەرى کۆتاییهات، ئەوان داوایان کرد ئەرکى ئێوە کۆتایی هاتووە ئەگەر بگەڕێنەوە، ئێمە بە سوپاسەوە گەڕاینەوە، ئێمە وەک پەکەکەمان نەکرد و خۆمان نەسەپاند بەوەى لە کۆبانێ و گوندەکانى سنوورى کۆبانێ بمێنین".
گوتیشى : " ئەوەى ئێمە لە کۆبانێ پەیڕەومان کرد، هەمان پێشبیمان هەبووە بۆ هاتنى ئەوان، لەسەرەتاى ساڵى ٢٠١٤ کە هاوکارى خەڵکى کردووە، بەڵام هاوکاریکردنى پەکەکە ماناى ئەوە نیيە کە پەکەکە خۆى لە ناوچەکە جێگیر بکات و بمێنێتەوە، بەڕاستى مانەوەى پەکەکە لە شنگال و ناوچەکە دەبێتە هۆى نائارامى و ناسەقامگیرى".
سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى بە پێویستى زانى پەکەکە لە شنگال دەرکەوێت، وەک چۆن هێزەکانى پێشمەرگە لە کۆبانێ مامەڵەیان کردووە بە هەمان شێوە ئەوان شنگال و ناوچەکە چۆڵبکەن و بگەڕێنەوە، نە دەمانەوێت شەڕ بکەین نە نیازى شەڕکردنیشمان هەیە، بەڵام دەمانەوێت شنگال ئاوەدانبکرێتەوە و ئاوارەکان بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان و دەمانەوێت ئەو وڵاتەمان ئاوەدان بێت بە ئاشتى، پەنا بەخوا".
سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى بە مەبەستى ئاگادار بوونى گلەیی و کێشەکانى هاووڵاتییانى پارێزگا و پێکهاتەکانى پارێزگاکە بە تایبەتى کوردانى ئێزیدى ئەمڕۆ سەردانى پارێزگاى دهۆکى لەگەڵ ئەنجوومەنى رۆحانى کوردانى ئیزیدى کۆبوویەوە چەندین بابەتى پەیوەست بە ئاییندەى شنگال وتوێژى لەسەر کرا.