Mazın Asad
13 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2017
ستۆکھۆڵم - AA
وەزیری دەرەوەی سوید، مارگۆت واستروم گوتی: "سوید لەگەڵ ئەوەدایە کە ھەموو کەسێک بە ئازادی قسە بکات. ئەمە ئەو کەمپینانەی ھەڵبژاردنیش دەگرێتەوە کە لە سوید بەڕێوە دەچێت".
وەزیری دەرەوەی سوید مارگۆت واستروم و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان مارک ئایرۆڵت لە ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوید کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ساز کرد.
واستروم لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند: "سوید لەگەڵ ئەوەدایە کە ھەموو کەسێک بە ئازادی قسە بکات. ئەمە ئەو کەمپینانەی ھەڵبژاردنیش دەگرێتەوە کە لە سوید بەڕێوە دەچێت".
وەزیری دەرەوەی سوید ئاماژەی بەوە دا کە جاروبار ئازادی رادەبڕین سنووردار دەکەن و راشیگەیاند نموونەی ئەمە ئەو کۆبوونەوە و چالاکییانەیە کە بۆ رەگەزپەرستی و پشێوی ئەنجام دەدرێت و مەترسی ئاسایش لەخۆ دەگرێت.
لەبارەی دەستبەسەرکردنی سیاسەتمەدارانی ھەدەپە لە تورکیا، واستروم گوتی: "لەبارەی سنووردارکردنی ئازادی رادەربڕین و دەستبەسەرکردنی سیاسەتمەدارە باڵاکانی ھەدەپە، نیگەرانییەکانمان بە حکوومەتی تورکیا راگەیاندووە".
-"پێویستە دووربکەوینەوە لە دەمەقاڵی توند"
لە لایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان مارک ئایرۆڵت ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە گرژییەکانی نێوان تورکیا و ھەندێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا دابەزێت و گوتیشی: "پێویستە بە دیپلۆماسی جموجۆڵ بکرێت و دووربکەوینەوە لە دەمەقاڵی توند".
لەبارەی گرژییەکانی نێوان ھۆڵەندا و تورکیا، ئایرۆڵت رایگەیاند: "کاتێک گوتەکانی وەک نازیزم و فاشیزم بەکاردەھێنرێت، ناخی ئەو وڵاتانە دەسوتێت و بەو ھۆیەوە مایەی قبووڵکردن نییە".