Muhammet Ali Kemal
14 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2017
ئەنقەرە- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند ''تەنانەت لە جەنگیشدا تەقە لە تیمەکانی تەندروستی ناکرێت. بەڵام ئەگەر کەسێک وەک هۆڵەندییەکان بێت، دەیکات. چونکە ئێمە هۆڵەندا و هۆڵەندییەکان لە کۆمەڵکوژییەکەی سربرێنیتساوە، دەناسین''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێورەسمی جەژنی پزیشکیدا کە لە ناوەندی بەشتەپە بۆ کولتوور و کۆنگرەکان بەڕێوەچوو، بەشداریی کرد و گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد کە تەنانەت لە جەنگیشدا تەقە لە تیمەکانی تەندروستی ناکرێت و رایگەیاند ''بەڵام ئەگەر کەسێک وەک هۆڵەندییەکان بێت، دەیکات. چونکە ئێمە هۆڵەندا و هۆڵەندییەکان لە کۆمەڵکوژییەکەی سربرێنیتساوە، دەناسین. دەزانین کە ئەوان چەندێک خراپن لەوبارەیەوە لەوەی کە 8 هەزار بۆسنییان بە چ شێوەیەک کوشت، لەوێوە دەیانناسین. زۆر چاک ئەوانە دەناسین. با هیچ کەس وانەی شارستانێتیی و شارستانیبوون بەئێمە نەڵێتەوە، ئەم میللەتە رووی سپییە بەڵام ئەوان روویان رەشە''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند ''چۆن گەشەسەندنی تورکیا بووەتە هیوا بۆ کەسانێک، دڵنیابن لەوەی کە بووەتە دێوەزمە بۆ هەندێک لایەنی دیکەی وەک ئەڵمانیا و هۆڵەندا''.
سەرکۆماری تورکیا سەبارەت بەئەندامانی فەتۆ قسەی کرد و گوتی: "کەسێک وڵات بەیەک دۆلار بفرۆشێت ئایا نامووس و شکۆی دەمێنێت؟ جانەوەرێک نامەردانە و قێزەونانە بەچەکی خۆی هاوڕێکانی بکوژێت، ئیدی چی لێ چاوەڕێ دەکەیت؟ بەدڵنیاییەوە هیچ شتێک. ناپاک نە هاوڕێی هەیە نە هەستی مرۆییانە. کەسێک عەقڵی خۆی رادەستی مامۆستایەکی هەڵخەڵەتێنەر کردبێت، نە رەوشتی دەمێنێت نە نامووس".
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاشکرای کرد ئەوانەی کە بەتورکیای کۆن راهاتوون، لەبەر ئەوەی هەڵوێستی ئەمڕۆی تورکیایان بۆ قبووڵ ناکرێت، دەستیان بەپێشێلکردنی بەهاکانی خۆیان، مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان کردووە و هەموو شتێکیان تێکداوە بەسەر یەکدا.
گوتیشی: "چەندین جار گوتبوومان کە پێویستە وڵاتانی ئەورووپا واز لە دژایەتیکردنی بیانییەکان بهێنن کە زیانی زۆری لێدەکەوێتەوە. بەداخەوە رووداوەکانی ئەم هەفتەیەی دوایی نیشانیدا کە نیگەرانییەکانمان لەجێگەی خۆیاندا بوون. ئەو بێڕێزیەی شەوی شەممە بەرامبەر وەزیری خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتی کرا تەنها بێڕێزی نەبوو بەرامبەر تورکیا و گەلی تورک و تاکێکی ئەم گەلە، بێڕێزی بوو بەرامبەر یاسای نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەتیش".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان تیشکی خستەسەر ئەوەی کە چیتر یەکێتیی ئەورووپا چووەتە دەرەوە لەوەی لەگەڵ ئەوانەی کە دەیانەوێت هاریکاریی بکەن، ببێتە سیمبولی یاسا، مافی مرۆڤ و ئازادییەکان و رایگەیاند ''ئەورووپا کیشوەرێکی ئەوەندە گرنگە کە جێنەهێڵرێت بۆ ویژدانی ژمارەیەک حکوومەتی رێگر. هەر لەبەر ئەوە بانگهێشتی هەموو جیهان دەکەم تاوەکو لەبەرامبەر ئەو پێشهاتانەی لە ئەورووپا روودەدەن و مایەی نیگەرانین، هۆشیار بن و هەڵوێستیان هەبێت''.
سەرکۆماری تورکیا لەدرێژەی گوتارەکەیدا گوتی: "تهواوی پهیوهندییه نێودهوڵهتییهكان، رێككهوتننامەی ڤییهنا و بههاكانی یهكێتیی ئهورووپا، لهلایهن حكوومهتی هۆڵهنداوه خراوهته ژێر پێ. ئهو دیموكراسییهتەی ئهورووپا بهرگریی لێدهكات و بانگهشهی بۆ دهكات، ئیدی بهها مرۆڤایهتییهكانی وهك ئازادیی رادهربڕین، ئازادی كۆبوونهوه، رێزگرتن له ژن و رێزگرتن له مرۆڤ، لهبهرچاوی ملیارەها مرۆڤدا لهناوچووه. ههموو ئهو وڵاتانهی كه خاوهندارێتی لهم بێ شهرمییهی هۆڵهندا دهكهن، شكۆ و متمانهیان لهدهستداوه. نوێنهری ئهڵمانیاوه دهڵێت، ئێمه لهگهڵ هۆڵهنداین. خۆمان دهزانین كه تۆ جیاوازیت نییه لهگهڵ ئهوان".
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها گوتی: "چەند هەوڵدەدەن و خۆیان رادەپسکێنن، با بیکەن، دانایی گەلەکەمان فێڵ و تەڵەکەکانیان هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەوانەی کە لە گشتپرسییەکەی تورکیادا بەڕوونی لایەنگریی دەکەن، ئەوانەی کە هەڵمەتی بانگەشەیان دەستپێکردووە، گەلەکەمان لە 16ی نیسان بەشێوەیەکی زۆر جوان وەڵامێکی شایستەیان دەداتەوە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی هۆڵەنداوە دوا و رایگەیاند "سبەی لەوێ هەڵبژاردن هەیە، کەسێکی رەگەزپەرست لەهەوڵی بردنەوەیدایە، کەسێکی دیکەش کە لە ئێستادا لەدەسەڵاتدایە، ئەوانە هەردووکیان رکابەریی یەکتر دەکەن. منیش لێرەوە رووی قسەکانم دەکەمە هۆڵەندا و ئەڵمانیا و بەهاووڵاتییانی تورکیا لەوێ دەڵێم، ئەوانەی کە دوژمنایەتی بەرامبەر بەتورکیا پەرە پێدەدەن، ئەوانەی کە دوژمنایەتیی هەموو بیانییەکان و موسوڵمانان دەکەن، 'کە دەنگتان دا، ئاگاداربن لەوەی دەنگ نەدەن بەو جووتە'. بەڕوون و ئاشکرا دەیڵێم. ئەوەش دەڵێم کە چەندێک لێرەوە بەمەبەستی بانگەشە بۆ 'نەخێر' هاتبێتنە ئەوێ، نەکەن پێیان هەڵخەڵەتێن. ئەمە شتێکی جودایە. ئەوانەی کە بەرامبەر تورکیا، گەلی تورک و وەزیرەکانی بەو جۆرە رەفتار دەکەن، خاکی کۆنسوڵخانەی ئێمە، لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا واتە خاکی ئێمە. ئەو وڵاتە ناتوانێت دەست لەو شوێنە وەربدات. ئەگەر وابێت ئەوا ئێمەش باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکانی ناو تورکیامان بەڕووی هاتنە ژوورەوە و چوونە دەرەوەدا داخستووە''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "لەسەرەتادا لە هەموو پلاتفۆرمەکان لەسەروویانەوە، رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیی، کە لەم قۆناغەدا تورکیا سەرۆکایەتی دەکات، هەوڵەکانمان لە بەرەنگاربوونەوەی هەستی دژایەتیکردنی بیانییەکان، رەگەزپەرستی و دژایەتییکردنی ئیسلام چڕدەکەینەوە. چونکە ئەم بابەتە ئیدی تەنها پەیوەندی نییە بەتورکیاوە. ئیدی ئەو رووە ناشیرینەی فاشیزم کاریگەری دەکاتە سەر هەموو موسوڵمانانی ئەورووپانشین و تەواوی بیانییەکان".