Heman Hussein Yaseen Yaseen
08 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2019
هەولێر - AA
نووسینگەی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە راگەیەندراوێكدا ناوی ئەندامانی پێكھاتەی كابینەی نوێی ئاشكرا كرد و سیڤی كاندیدەكانی رادەستی پەرلەمانی كوردستان كرد.
لە راگەیەندراوەكە ھاتووە "ئەمڕۆ رێکەوتی 8/7/2019 لە وادەی دیاریکراودا، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لیستی پێکهاتەی کابینە پێشنیازکراوەکەی رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرد، بۆ ئەوەی لە پێش کۆتایی وادەی یاسایی دیارکراودا دەنگدان لەسەر کاندیدەکان بکرێت، بە هیوای ئەوەی کۆی وەزیرە دیارکراوەکان متمانەی پەرلەمان وەرگرن و هەرچی زووتر ئەم کابینەیە دەست بە خزمەتێکی شایستەی گەلە مەزن و خۆڕاگرەکەمان بکات".
لە راگەیاندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە "لەم ماوەیەدا، لە دەزگاکانی راگەیاندندا ئاماژە بە زۆر ناو بۆ پۆستی جیاجیاکراوە، بەڵام نەمانویست هیچ زانیارییەکی فەرمیی لەبارەی ناوی کاندیدەکان بڵاو بکەینەوە، چونکە تا دوا ساتەکانیش، لایەنە بەشداربووەکانی ناو کابینەی نۆیەم گۆڕانکارییان لە لیستی کاندیدەکانیان کردووە".
نووسینگەی مەسرور بارزانی ئاشكرای کردووە "ئەمڕۆ دوای ناردنی ناوەکان بۆ پەرلەمانی کوردستان، ناوی تەوای پێکهاتەی کابینەی نۆیەم بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویست ئاشکرا دەکەین و دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم ناوانە تەنیا کاندیدی پێشنیازکراون و پەرلەمانی کوردستان بڕیاری یەکلاکەرەوەیان لەسەر دەدات".
لەو راگەیاندراوەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە "لە تەواوی پێکهاتەی کابینەی نۆیەم کە 19 وەزیر و سێ وەزیری هەرێمن، تەنها ناوی وەزیری سامانە سرووشتییەکان رەوانەی پەرلەمان نەکراوە و ئەم پۆستەش لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕ دەکرێتەوە".
ئەمەی خوارەوە کۆی پێکهاتەی کابینەی پێشنیازکراوە:
1- مەسرور مەسعود مستەفا بارزانی، بۆ سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2- قوباد جەلال حسامەدین تاڵەبانی، بۆ جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان .
3- فەرسەت ئەحمەد عەبدوڵڵا، بۆ وەزیری داد.
4- شۆرش ئیسماعیل عەبدوڵڵا، بۆ وەزیری کاروباری پێشمەرگە.
5- رێبەر ئەحمەد خالید، بۆ وەزیری ناوخۆ .
6- ئاوات جەناب نوری ساڵح، بۆ وەزیری دارایی و ئابووری .
7-سامان حوسێن محەمەد بەرزنجی، بۆ وەزیری تەندروستی .
8- ئالان حەمە سەعید ساڵح محەمەد، بۆ وەزیری پەروەردە .
9- دانا عەبدولکەریم حەمە ساڵح عەبدولرەحمان، بۆ وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن .
10- ساسان عوسمان عەونی حەبیب، بۆ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار.
11- ئارام محەمەد قادر ئەمین، بۆ وەزیری خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستی .
12- دارا رەشید مەحمود، بۆ وەزیری پلاندانان .
13- کوێستان محەمەد عەبدوڵڵا مەعروف، بۆ وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی.
14- محەمەد سەعید عەلی، بۆ وەزیری رۆشنبیری و لاوان .
15- عەبدوڵڵا مەحمود محەمەد سان ئەحمەد، بۆ وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان .
16- بێگەرد دڵشاد شوکرڵڵا، بۆ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
17- کەمال موسلیم سەعید قەرەنی، بۆ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی .
18- ئانو جەوهەر عەبدولمەسیح عەبدوکا، بۆ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن.
19- پشتیوان سادق عەبدوڵڵا، بۆ وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی .
20- کەمال محەمەد ساڵح خەلیل، بۆ وەزیری کارەبا .
21- خالید سەلام سەعید، بۆ وەزیری هەرێم .
22- ئایدن مەعروف سەلیم، بۆ وەزیری هەرێم .
23- ڤاڵا فەرید ئیبراھیم، بۆ وەزیری هەرێم.