Hemin Hüseyin
04 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2019
هەولێر - AA
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد رایگەیاند کە سبەی سێشەممە کۆبوونەوەی دووقۆڵی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم ئەنجام دەدرێت و ئاشکرایشی دەکات کە دواتر لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان-یش کۆدەبنەوە.
مەحمود محەمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "دوای ئەوەی کە چەند مانگێکە پەرلەمان هەڵبژێردراوە، بەڵام لە درێژەکێشانی گفتوگۆکان رەنگە خەڵکی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانن هەرچی زووترە ئەم کابینەیە پێکبێت، بۆیە سبەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەیەکەوە دادەنیشین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو خاڵانەی کە هاوبەشن و ئەو خاڵانەیشی کە جیاوازی بۆچوونمان هەیە گفتوگۆی لەسەر بکەین و رێگاچارە بۆ بابەتەکان بدۆزینەوە".
مەحموود محەمەد گوتیشی: "ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەگەر حکوومەتێکی بەهێز دروست بکەین، ئەوا دەتوانین گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنیی کەرکووک و ئەو کێشانە بکەین کە چەندین ساڵە هەڵواسراون، ئەگەر حکوومەتێکمان نەبێت رەنگە نەتوانین چارەسەری کێشەکان بکەین".
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرایشی دەکات کە دواتر بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان-یش کۆدەبنەوە.
لەبارەی کاریگەری سەردانەکەی پارتی دیموکراتی کورستان، بۆلای کۆمەڵی ئیسلامیی لە هەفتەی رابردوودا و پەیوەندی بە پێکهێنانی کابینەی حکوومەتەوە، مەحمود محەمەد گوتی: "کۆمەڵی ئیسلامیی پێشتریش هەڵوێستی خۆیان لەسەر بەشداریکردنی حكوومەتی هەرێم راگەیاندبوو، ئێمەش کە سەردانمان کردن وەکو نوێکردنەوەی پەیوەندییەکان بوو".
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لەوەشکردەوە کە ئەوان دەیانەوێت هەرچی زووە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبێت و ئاشکرایشی دەکات کە ئاستەنگ لە تێڕوانینی جیاواز هەیە و هەندێک بۆچوونی جیاواز لە پرسەکەدا هەیە و ئەمەش وایکردووە کە پێکهێنانی کابینەی حکوومەت دوا بکەوێت.