Fahrettin İbrahim
07 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
بەبۆنەی ١٠٠ رۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەم، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی گوتارێک پێشکەش بە رای گشتی دەکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە "ئەمڕۆ شەممە ٧/١٢/٢٠١٩ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی تێپەڕبوونی ١٠٠ رۆژی کارکردن بە سەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی تەلەڤزیۆنی پێشکەشی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات".
بە پێی ئەم سەرچاوەیە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا کە بڕیارە کاتژمێر ٨ی ئێوارە لە کەناڵەکانی راگەیاندن پەخش بکرێت، تیشک دەخاتە سەر دەسکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ١٠٠ رۆژی کارکردنیدا.
سەرچاوەکە راشیگەیاندووە کە "ئەو تەوەرانەی سەرۆکوەزیران لە گوتارەکەیدا بە درێژی باسیان دەکات، بریتین لەپرۆسەی چاکسازی کارگێڕی و دارایی، رووبەڕووبوونەوە و سنوورداركردنی گەندەڵی، گەشەپێدانی وەبەرهێنان و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری، باشترکردنی پەیوەندی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا و هاوکات لە گەڵ گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیارە راپۆرتێکی پڕ لە وردەکاری و زانیاری تایبەت بە سەد رۆژی کارکردن لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە دەزگاکانی راگەیاندن بڵاو بکرێتەوە".
شایەنی باسە رۆژی ٤ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ١٠٠ رۆژی کارکردن بەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێپەڕی.