Sarmand Hameed
07 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2019
واشنتۆن - AA
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر چوار کەسایەتی عێراقییدا سەپاند کە سێیان سەرکردەن لە حەشدی شەعبی و تێوەگلاون بە کوشتنی خۆپیشاندەران و چوارەمیان خاوهنكارێكه له گەندەڵی تێوەگلاوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگهیهنراوێكدا تیشكی خستووهته سهر ئهوهی، لە نێو ئەو کەسایەتییە عێراقییانەدا کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، سێیان سەرکردەن لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەهۆی هەبوونی پەیوەندییان لەگەڵ ئێران کە بریتیین لە سەرکردەی عەسائیب ئەهلی حەق، قەیس خەزعەلی و برایهكی، لەیس خەزعەلی و بەڕێوەبەری ئاسایشی حەشدی شەعبی، حوسێن فالح ناسراو بە ئەبو زەینهب لامی.
ئەو سێ بەرپرسەی حەشدی شەعبی بەوە تۆمەتبارکراون کە فەرمانی راستەوخۆیان داوەتە میلیشیاکان بۆ تەقەکردن لە خۆپیشاندەران کە بەهۆیەوە سهدان هاووڵاتیی سڤیل کوژراون، لە بەرامبەردا میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ئەوە رەتدەکەنەوە کە هیچ رۆڵێکیان هەبووبێت لە کوژرانی خۆپیشاندەران.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکان لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، نزیکەی٤٦٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧ هەزاری دیکە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.
کەسایەتی چوارەم کە لە لایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەردا سەپێنراوە بریتییە لە خاوهنكاری عێراقی، خەمیس فەرحان خەنجەر.
بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، خەمیس خەنجەر تۆمەتی گەندەڵی خراوەتە پاڵ.
خەمیس خەنجەر خاوهنكار و سیاسییەکی عێراقییە، خاوەنی چەندین کۆمپانیا و پرۆژەی بازرگانییە، و ئەمینداری گشتیی پرۆژەی عەرەبییە لە عێراق، سامانەکەی بە سەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.
وێڕای تۆمەتبارکردنی بە گەندەڵی لە لایەن ئەمریکاوە، پێشتر خەنجەر لە بۆنەیەکی سیاسییدا لە ساڵی ٢٠١٨دا رایگەیاندبوو "دەکرێت بەرەنگاریی گەندەڵی ببینەوە و بەسەریدا زاڵ ببین، چونکە دەزانین گەندەڵکاران کێن، و تێڕوانیمان هەیە بۆ ریشەکێشکردنی گەندەڵیی لە رەگ و ریشەوە".
لە دوای داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣، خەمیس خەنجەر زیاتر لە گۆڕەپانی سیاسیی بەدیارکەوت و چاودێران ئاماژە بەوە دەدەن کە یارمەتی دارایی پێشکەش بەو گرووپە چەکدارییانە کردووە کە پێشتر لە ناوچە سونییەکان رووبەڕووی هێزەکانی ئەمریکا بوونەتهوە.
بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سەرجەم سامانی ئەو چوار کەسایەتییە عێراقییە لە ئەمریکا بلۆک دەکرێت و قەدەغە خراوەتە سەر هاووڵاتییانی ئەمریکیی لە مامەڵەی دارایی و بازرگانی لە گەڵیاندا.