Mehmet Nuri Uçar,Arif Yusuf
07 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2019
بەغدا ــ AA
سەرچاوەیەكی پزیشكی رایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە ئاكامی تەقەی ژمارەیەك چەكداری نەناسراو لە خۆپیشاندەران لە بەغدای پایتەختی عێراق كوژراون، لە ١١ كەسەوە بەرزبوویەوە بۆ ١٦ كەس.
سەرچاوەكە كە لە فەرمانگەی تەندروستی بەغدا كار دەكات بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند دوای ئەوەی دوێنێ هەینی، ژمارەیەك چەكداری نەناسراو تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد لە گۆڕەپانی خەللانی ناوەڕاستی بەغدا و ژمارەی كوژراوانی ئەو هێرشە لە ١١ كەسەوە بەرزبوویەوە بۆ ١٦ كەس و ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتە ٧٠ كەس.
هاوكات ئەفسەرێك لە پۆلیسی بەغدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە كرد كە لە ئاكامی ئەو تەقەكردنەدا، سێ كارمەندی ئەمنی كوژراون و راشیگەیاند كە هێزە ئەمنییەكان هەوڵەكانیان بە ئامانجی راوەدوونانی ئەو كەسانە خستووەتەگەڕ كە تەقەیان لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا كردووە.
دوێنێ هەینی ئاژانسی ئانادۆڵو زانیاری لە شاهێدحاڵەكانەوە دەستكەوتبوو كە ژمارەیەك چەكداری نەناسراو لەنێو ئۆتۆمبێلی تایبەتەوە تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردووە لە پردی خەللانی ناوەڕاستی بەغدا بە هۆیەوە ژمارەیەك خۆپیشاندەر و كارمەندی ئەمنی كوژراون و ژمارەیەك خۆپیشاندەری دیكەش برینداربوون.
بەپێی ئامارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق، لە دەستپێكی خۆپیشاندانەكان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكەی عێراق كە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، نزیكەی٤٦٠ كەس كوژراون و زیاتر لە ١٧ هەزاری دیكە لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان برینداربوون.
عێراق.. ژمارەی كوژراوانی خۆپیشاندانەكانی بەغدا گەیشتە ١٦ كەس