Rewa Mahmood Hasan
17 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2020
سلێمانی - AA
بەمەبەستی تاوتوێکردنی هەنگاوی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە سلێمانی کۆبوویەوە.
کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ لە دیوانی پارێزگای سلێمانی بە سەرپەرشتیی پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر و ئامادەبوونی بەڕێوەبەری هەریەک لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای سلێمانی، لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سلێمانی و لیژنەی ئەمنیی سلێمانی کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری پێویست لەبارەی رێنمایی و رێکارە نوێکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و رۆژانی جەژنی رەمەزان دران. بڕیارە پارێزگای سلێمانی لەو بارەیەوە راگەیەندراوێک بڵاو بکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کە دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، لەئێستادا و بۆ رۆژانی جەژنیش رێکارەکان وەک ئێستا دەمێننەوە و باروگوزەرانی هاووڵاتییان رەچاو دەکرێت بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستیی و رەوشی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بەڵام ئەگەر بێت و ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنای نوێ لە بەرزبوونەوەدابێت، ئەوا رێکارەکان گۆڕانکاریان بەسەردادێت.
کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە کە لە میانی سێ رۆژی رابردوودا، ١٣ حاڵەتی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون و رێکارەکانی پێشووتریش تا ١٨ی ئەم مانگە درێژ کرابوویەوە.