سياسەت

کۆبوونەوەى پارتی و یەکێتی

- ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتیی لە کۆبوونەوەدان و تەوەری کۆبوونەوەکەش، بریتییە لە تاوتوێکردنی پرسی پێکھێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی تایبەت بە هەرێم و بەغدا.

Hemin Hüseyin  | 11.12.2018 - نوێکردنەوە : 11.12.2018
کۆبوونەوەى پارتی و یەکێتی

Arbil

هەولێر - AA

لە ھەولێر ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەدان و تەوەری کۆبوونەوەکەش، بریتییە لە تاوتوێکردنی پرسی پێکھێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی تایبەت بە هەرێم و بەغدا.

کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی باڵا بەڕێوەدەچێت و شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتوون لە جێگری سەرۆکی ئەو حزبە، نێچیرڤان بارزانی و سکرتێری مەکتەبی سیاسیی، فازڵ میرانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی، هەروەها شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێکهاتوون لە جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی، کۆسرەت رەسوڵ و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە نێویاندا قادر حەمەجان و سەعدی ئەحمەد پیرە.

بەپێی زانیارییەکان کۆبوونەوەکە لەسەر داوای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسی پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و چۆنییەتی و شێوازی کارکردنیان لە بەغدا دەکەن و تا ئێستاش کۆبوونەوەکە بەردەوامە.

پێشتریش بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە، عەلی حوسێن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتبووی کە سیستەمی پەنجا بە پەنجا کۆتایی هاتووە و ئەمجارە سیستەمێکی تازە لە پێکهێنانیی حکوومەت پەیڕەودەکرێت.

تا ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان، بە فەرمیی سەردانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانی کردووە و وەک پێشووتر ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی رایگەیاندبوو کە بەنهێنیش سەردانی پێکهاتەی تورکمان و کلدان و ئاشوورییەکانیان کردووە.

لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان، پارتی بە بەدەستھێنانی ٤٥ کورسی، بووە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ٢١ کورسی بەدەستھێنا.

رۆژی سێی ئەم مانگە، پارتی دیموکراتی کوردستان دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی رایگەیاند کە کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و بۆ پۆستی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش، مەسرور بارزانی دەبێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın