Zana Natık Kerem
30 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت رایگەیاند، بەپێی یاساکە دەبێت رێکارە یاسایی، تەکنیکی و کارگێڕییەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن پێش تەواوبوونی ئەو ماوەیەی کە درێژکراوەتەوە تەواو بکرێت و ھەڵبژاردنیش ئەنجام بدرێت.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە رێواز فایەق پێشوازیی کردووە لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت و کۆبوونەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، گفوگۆکراوە لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پرۆسەکە و لەوبارەیەوە رێواز فایق رایگەیاندووە "دۆخی ناسەقامگیر و نەخوازراوی عێراق، بەھۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان، ھەروەھا دواکەوتنی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، کاریگەریی زۆری ھەبووە لەسەر دواخستنی ھەڵبژاردنەکان، ھاوکات بابەتی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنیش بەشێک بوون لە ئاڵنگارییەکان و جیاوازیی نێوان حزبە سیاسییەکانی کوردستان".
باسی لەوەش کردووە کە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە بەپێی یاساکە دەبێت رێکارە یاسایی، تەکنیکی و کارگێڕییەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن پێش تەواوبوونی ئەو ماوەیەی کە درێژکراوەتەوە تەواو بکرێت و ھەڵبژاردنیش ئەنجام بدرێت.
ھەروەھا رێواز فایەق پوختەیەکی لەبارەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی بەرامبەر خێزان و منداڵ بۆ شاندی میوان خستووەتەڕوو.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لای خۆیەوە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت پشتیوانیی خۆی بۆ ھەنگاوەکانی پەرلەمانی کوردستان نیشانداوە، ھەروەھا ئامادەیی خۆشی دەربڕیوە بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان و گەیشتن بە رێککەوتن.