Zahir Sofuoğlu
10 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2023
ھەولێر - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا، چارڵز میشێل لە نیودەلھی کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە لە پەراوێزی لووتکەی سەرکردەکانی G20دا کە لە نیودەلھی پایتەختی ھیندستان بەڕێوەدەچێت، ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و چارڵز میشێل پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپایان تاووتوێ کرد، ھەروەھا گفتوگۆیان لەبارەی پرسە ھەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان کرد.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا باسیان لەو ھەنگاوانە کرد کە پێویستە بۆ بەدیھێنانی ئەندامێتیی تەواوی ئەنقەرە لە یەکێتیی ئەورووپا بنرێت.
ھەریەک لە وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان، وەزیری گەنجینە و دارایی مەھمەت شیمشەک، سەرۆکی میت ئیبراھیم کاڵن و سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار فەخرەددین ئاڵتون ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.