Zana Natık Kerem
10 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2023
نیودەلھی ــ AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند کە تورکیا ھەنگاوی گرنگی لە بواری وەبەرھێنانی وزەی نوێبووەوە، ئەتۆمی و ھایدرۆجین ناوە.
ئەردۆغان لە پەراوێزی لووتکەی سەرکردەکانی G20 کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا کە تیایدا باسی لە ژمارەیەک ڕۆژەڤی گرنگی کرد.
سەرەتا سەرکۆماری تورکیا ڕایگەیاند، شەش مانگ بەر لە ئێستا توركیا ڕووبەڕووی کارەساتی سەدە بووەوه، ئامادەیە بە ھەموو تواناکانییەوە یارمەتی مەغریبی برای بدات.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەیش کرد کە تورکیا ھەنگاوی گرنگی لە بواری وەبەرھێنانی وزەی نوێبووەوە، ئەتۆمی و ھایدرۆجین ناوە و گوتی: "تورکیا باوەڕی بە تواناکان بۆ دامەزراندنی جیھانێکی دادپەروەرتر ھەیە، ئێمەیش یەکەم وڵاتی جیھانین کە ھاوکاری پێشکەش دەکەین بەراورد بە داھاتی نیشتمانی".
سەرکۆماری تورکیا بە ئاماژەدان بە بەردەوامبوونی پڕۆسەی ھەناردەکردنی دانەوێڵە لە ئۆکراینا گوتی: "بەردەوامبوونی بارکردنی دانەوێڵە لە ژێر ڕۆشنایی دوورخستنەوەی ڕووسیا، ئەگەرێکی زۆر لاوازە".
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "ئێمە باوەڕمان بەوە ھەیە کە دەبێت خۆمان لە ھەموو ھەنگاوێک بەدوور بگرین کە ئارامی تێکدەدات و گرژییەکانی دەریای ڕەش زیاتر دەکات".
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەشێکی قسەکانی بۆ سووتاندنی قورئانی پیرۆز تەرخانکرد و گوتی: "سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەژێر پاسەوانی پۆلیسدا، ئیستفزازییەکی ڕوون و تاوانی ڕق و کینەیە، کەس ناتوانێت چاوەڕێی ئەوەمان لێ بکات کە لەم بابەتەدا بێدەنگ بین".
ئەردۆغان ڕاشیگەیاند کە بە پێشنیاز و ھەوڵەکانی تورکیا لە بەیاننامەی کۆتایی لووتکەی سەرکردەکانی G20دا، ھێرشی سەر کتێبە پیرۆزەکان شەرمەزار کرا و گوتی: "لەو وڵاتانەی دیاردەی دژبە ئیسلام تیایاندا ڕوو لە زیادبوونە، پێویستە سیاسەتی یەکلاکەرەوەتر بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی ئایندەی ھاوبەشی مرۆڤایەتی".