هەولێر - AA
كۆنسولی گشتی فەڵەستین لە هەرێمی كوردستان، نەزمی حەزوری لە هەفپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "ئێران خۆی دەڵێت چەند لایەنێكی فەڵەستینی پڕچەك دەكات، بەڵام لە رووی سیاسییەوە پاڵپشتی دەوڵەتی فەلەستینە".
لە باڵەخانەی كۆنسولخانەی وڵاتەكەی لە هەولێر كە دەكەوێتە گەڕەكی وەزیران یەكێك لە گەڕەكە دیار و فاخیرەكانی شار، كۆنسولی گشتی فەڵەستین "باڵیوز"، نەزمی حەزوری ماڵئاوایی لە میوانێكی دەكرد كە وەك هەمیشە پیاوێكی دۆست لەگەڵ میوانە و رۆژانە میوانداریی چەندین كەس دەكات و لە زۆر بۆنە و یادەكانیشدا ئەم پیاوە لە هەولێر ئامادەیی هەیە، ئەو كە دەورووبەری پڕبوون لە وێنەی قودس و سەركردەكانی وڵاتەكەی بەهێمنی وەڵامی پرسیارەكانی ئاژانسی ئانادۆڵو دەداتەوە كە هەر لە هەرێمی كوردستانەوە لێمان پرسی تا فەڵەستین و ئیسرائیل، تەنانەت باسی ئێران و ئەمریكاش دەكەین.
ئاژانسی ئانادۆڵو: چەند رۆژێكە سەردانی چەند بەرپرسێكی عێراقی بۆ ئیسرائیل راگەیاندنەكانی عێراقی تەنیوە، راستیی ئەم مەسەلەیە لەكوێدایە؟ ئەو سەردانە روویداوە؟
نەزمی حەزوری: ئێمەش وەكو ئێوە لە راگەیاندنەكانەوە گوێمان لەو مەسەلەیە بوو، هەندێك لە ئیسرائیلییەكانیش لەوانە ئیدی كۆهین چەند ناوێكیان بردووە و باسیان لێوەكردووە، ئەم پرسەش لە پەرلەمانی عێراق مشتومڕی دروستكرد و لە لایەن لایەنە فەرییەكانی عێراقەوە بەدواداچوونی بۆ دەكرێت بۆ ئەوەی بۆیان دەربكەوێت كە ئەو سەردانە روویداوە یان نا، ئەگەر ئەو سەردانە روویداوە كێین ئەو كەسانەی چوون و بەچی سیفەتێك سەردانیان كردووە، ئەوەی ئێمە لێی دڵنیایین ئەوەیە هەركێیەك چووبێت و سەردانیشی كردبێت هیچ سیفەتێكی رەسمییان نییە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: كەواتە ئەو سەردانە روویداوە؟
ئێمە دڵنیانیین لەوەی ئەو سەردانە كراوە یان نا، راگەیاندن چەند ناوێكی باسكردووە، باسی سەردانی چەند كەسێكیان كردووە لەوانەی لە كۆمەڵگەی مەدەنی و چەند كەسێكی هۆزەكانن، بەڵام بە شێوەیەكی فەرمی ئەو پرسە روون نییە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: لێرە و لەوێ باس لەوە دەكرێت پەیوەندییەكانی عێراق و ئیسرائیل ئاسایی بكرێنەوە، ئەمە واریدە؟
نەزمی حەزوری: ناتوانیین بڵێین ئاساییكردنەوە لە نێوان عێراق و ئیسرائیل، بەڵكو دەتوانیین بڵێین لەسەر ئاستی نیشتمانی عەرەبی بەگشتی هاوكێشەیەك لێرەدا هەیە و پێویستە جێبەجێی بكەین، نزیكبوونەوە لە ئیسرائیل بەقەد ئەوەیە كە ئیسرائیل لە پرۆسەی ئاشتی نزیك دەبێتەوە، هەر هەنگاوێك بەرامبەر ئیسرائیل نابێت بێ بەرامبەر بێت، ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان نابێت بەبێ بەرامبەر بێت، ئیدی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان یان سەردان بێت، هەر شێوازێك لە شێوازەكانی ئاساییكردنەوە دەبێت لەسەر بنەمای ئەو هاوكێشەیەی سەرەوەبێت، ئەمەش دەبێت لەسەر بنەمای دەستپێشخەریی عەرەبی بێت كە لە لووتكەی عەرەبی لە بەیروت لە ساڵی 2002 هاتووە، دەستپێشخەریی جێنیشینی ئەو كات شازادە عەبدوڵڵا كە دواتر بوو بە خادمی هەردوو حەرەمە شەریفەكە شا عەبدوڵڵا، ئەو دەستپێشخەرییە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە هەر چاوپێكەوتنێكی عەرەبی یان چارەسەری ناكۆكیی عەرەبی-ئیسرائیلی لەسەر ئەم بنەمایانە دەبێت كە بریتیین لە چارەسەری دادپەروەرانەی پرسی گەلی فەڵەستیین بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین و پایتەختەكەی قودسی شەریف بێت، كشانەوەی ئیسرائیل لە سەرجەم خاكی عەرەبی كە لە ساڵی 1967وە داگیریكردووە، هەروەها كشانەوەی ئیسرائیل لە جۆلانی عەرەبی سووری، هەروەها كشانەوە لە باشووری لوبنان كە ئێستا كێڵگەكانی شەبعای لێ ماوەتەوە، قبوڵكردنی فەڵەستین وەكو دەوڵەتێكی سەربەخۆ كە ئایندە و ژیانی هەبێت، چارەسەركردنی كێشەی پەنابەرانی فەڵەستین بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لەسەر بڕیاری شەرعییەتی نێودەوڵەتی ژمارە 194، ئەو بڕیارەی جەخت لەسەر مافی گەڕانەوە و دیاریكردنی چارەنووسی گەلی فەڵەستینی دەكات، ئەمە هەنگاوەكانی یەكەمن كە دەبێت بەجێ بگەیەندرێت تا دەگاتە چارەسەری كێشەی عەرەبی-ئیسرائیل بەڕێككەوتنی پەیماننامەی ئاشتی، ئەگەر یەكەم و دووەم و سێیەم جێبەجێ نەكرێت ناتوانیین یەكسەر بچین بۆ ئاساییكردنەوە، ئاساییكردنەوە واتە تێپەڕاندنی هێڵە سوورەكان و ئەوەی بەدیهاتووە لە دەستەكەوتەكان لە رێگەی لووتكەی عەرەبییەوە، یەكەم پێویستە ئەو پرسانە بەدیبێت دواتر دەتوانین بگەین بە رێككەوتنی عەرەبی-ئیسرائیل، ئەمەش هەموو جارێك سەرۆك یاسر عەرەفات (1929-2004) دەیگوت كە دەبێتە هۆی كرانەوەی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل لەگەڵ 57 وڵاتی ئیسلامی، بەڵام گرنگە ئیسرائیل هەنگاو بۆ بەدیهێنانی ئەمە بنێت بۆ ئەوەی مافەكانی گەلی فەڵەستین بگەڕێتەوە بەتایبەت كە لە 29ی نۆڤەمبەر 2012 كە جیهان بە زۆرینەی 138 دەوڵەت دانییان بەوەدا نا فەڵەستیین دەوڵەتە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: پەیوەندییەكانی بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل چۆن دەبینن؟
نەزمی حەزوری: لە پەیوەندیی نێوان عەرەب و ئیسرائیل روونە كە چەند وڵاتێك پەیوەندییان هەیە و رێككەوتنیان هەیە لەوانە پەیوەندیی ئیسرائیل لەگەڵ هەریەك لە میسر و ئوردن، لەگەڵ میسر رێككەوتنی كامپ دیڤید-یان هەیە و لەگەڵ ئوردن-یش رێككەوتنی وادی عەرەبە، بەڵام ئەو رێككەوتنانە مافی میسر و ئوردن راناگرێت لەوەی داوای مافی فەڵەستین بكەن، میسر پاڵپشتیی مافەكانی فەڵەستین دەكات و ئوردن-یش و ئەو دوو وڵاتە هەردوو گورچیلەی مەسەلەی فەڵەستینن، ئەو رێككەوتننانەش نەبووەتە هۆی پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی میللی ئاسایی ببێتەوە یان لە داواكردنی مافی گەلی فەڵەستینی پاشەكشە هەبێت، ئەمڕۆ نابینێت میسرییەك بچێتە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل، تەنانەت لە ئوردن-یش هەمان شتە.
لێرەوە دەڵێین ئاسایی نەكردنەوەی پرسی فەڵەستین كە بە ئاشتی بەدیدێت پەیوەندییەكان ئاسایی نابنەوە، ئەوەش بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین و گەڕاندنەوەی پەنابەرانی فەڵەستین و كشانەوەی ئیسرائیل لە جۆلان و لە لوبنان و مەرجەكانی دیكە دەبێت، فاكتەرەكانی متمانە لەگەڵ ئیسرائیل دەبێت جەخت لەسەر ناوەڕۆكی كێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین بکاتەوە كە ئەویش چارەسەری دادپەروەرانەی كێشەكەیە.
ئێمە كە دەڵێین خاك بەرامبەر بە ئاشتی ئەوە نابێت وا لێكبدرێتەوە كە ئیسرائیل ئاشتیمان بداتێ و خاكی بدەینێ وەك ئەوەی ترەمپ لێی تێگەیشتووە، بەڵكو مەبەستە راستەقینەكەی خۆی بگەیەنێت كە واتای خاك بۆ گەلی فەڵەستین و مافەكانی عەرەبی وەكو سووریا و لوبنان ئینجا هەنگاوەكان بۆ ئاشتی بندرێن، ئاشتی بە دیوار و بەكوشتن و تیرۆر دەستدرێژیكردن نابێت، ئەوەی ئیسرائیل رۆژانە دەیكات لە پێشێلكاریی دژی ئاشتییە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەی هەڵوێستی توركیا لەمبارەیەوە چۆن دەبینن؟
نەزمی حەزوری: بەدڵنیاییەوە دەستخۆشی لە هەڵوێستی توركیای دۆست و پاڵپشت دەكەین لەگەڵ گەلی فەڵەستین، بیرمانە سەركردەی تورك سوڵتان عەبدولحەمید كە لە سەردەمی لاوازیی دەوڵەتی عوسمانیدا بوو، ئامادەنەبوو خاكی فەڵەستین بە جوولەکەکان بدات و هەڕاجی بكات و وەكو گوتی "كە بە چیای خوێن دروست بووە و مافی ئەوەی نییە بیدات"، گەلی توركیا و سەرۆكی توركیا بەڕێز ئەردۆغان دۆست و هاورێ و پاڵپشتی مافەكانی گەلی فەڵەستین-ە، هەروەها رێزێكی زۆرمان بۆ هەڵوێستی توركیا هەیە كە داوایكرد دژی بڕیارەكەی ترەمپ بوەستینەوە كە دانی بەوەدا نا قودس پایتەختی ئیسرائیل-ە و باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی گواستنەوە بۆ ئەوێ، هەڵوێستی فەرمی و میللی توركیا و هاووڵاتییانی زۆر جێی شانازییە و پاڵپشتیی گەلی فەڵەستینن و بیرمانە كاتێك دەنگ بۆ دەوڵەتی فەڵەستین درا لە نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوێ كات وەزیری دەرەوەی توركیا، ئەحمەد داودئۆغڵۆ بەهەموو ماناكانی برایەتی و دۆستایەتی هەڵسایەوە و سەرۆكی فەڵەستین، مەحمود عەباس-ی لە ئامێز گرت و ئێمە رێز لەم جۆرە هەڵوێستانە دەگرین.
ئاژانسی ئانادۆڵو: هیچ پەیوەندییەك لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئیسرائیل هەیە؟
نەزمی حەزوری: یەكەم دەمەوێت ئەوە بڵێم من لێرەم تا نوێنەرایەتی فەڵەستین بكەم لە هەرێمی كوردستان، نەوەك بۆ ئەوەی بەدوای ئەو پرسانەدا بگەڕێم، ئەگەرچی راگەیاندن باسی ئەو پرسە دەكات، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان لایەنگیرییەكی تەواوی بۆ پرسی فەڵەستین هەیە، هەر لە سەرۆك مەسعود بارزانی و خوا لێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال و هەموو حزبەكانی كوردستانی لەگەڵ فەڵەستین و مافەكانی گەلی فەڵەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینن كە پایتەختەكەی قودس بێت، ئەوەشی لێی دڵنیام تێڕوانینیانە بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت، ئەوەی لایەنگیریی بۆ قودس هەبێت ناتوانیین بۆچوونی وەربگرین.
ئاژانسی ئانادۆڵو: كەواتە هیچ پەیوەندییەك لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئیسرائیل نییە؟
نەزمی حەزوری: بەفەرمی نییە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەی نافەرمی هەیە؟
نەزمی حەزوری: نافەرمی راگەیاندن باسی لێوەدەكات، پێشتر رەنگە لە شەستەكانی سەدەی رابردوودا هەبووبێت و سنوورداربووە بۆ مەبەستی تەندروستی هەبێت كە نەخۆشخانەیان دروستكردووە، بەڵام ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان نابێت لەسەر حسابی پرسی فەڵەستین بێت، چونكە ئەوە پرسی ئوممەی عەرەبی و ئیسلامی و مەسیحی-یە، پرسی مرۆڤ و مافەكانییەتی، پرسی گەلێكە مافەكانی لێ زەوتكراوە و لە خاكی خۆی دەركراوە و زۆر لە رۆڵەكانی دەركراون و ئەوانەشی ماون لە زیندانێكی گەورەدان لەژێر داگیركاری و رۆژانە رووبەڕووی سیاسەتەكانی بەجوولەکەکردنی خاک و نیشینگەکان و كوشتن و گرتن و تاوانەكان دەبنەوە، ئەوەشی ئەمڕۆ لە حكوومەتەكەی ناتانیاهو (سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل) دەیبینین ئەوەیە هەموو ئەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە بۆ ئاشتی هەمووی بەدیواردا داوە و ئەوەشی روودەدات لە دەستبەسەرداگرتنی خاك لەم چوارچێوەیە.
ئیسرائیل ئەمڕۆ كاركردنی تیمی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاوانەی چەكیان پێ نییە و كڵاوی شینیان نییە، بەڵكو چاودێری مەدەنیین لە خەلیل، ئەمەش وایكردووە حكوومەتی نەرویج كە چاودێری رێككەوتنی ئۆسلۆیە رەتی بكاتەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: بۆچوونتان لەبارەی ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ-ەوە چییە تایبەت بە تێڕوانینەكانی سەبارەت بە پرسی فەڵەستین؟
نەزمی حەزوری: ئومێدمان دەكرد كە ترەمپ خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بباتەوە و لە سەردەمی ئەودا رێككەوتنی ئاشتی نێوان گەلی فەڵەستین و ئیسرائیل بەدیبێت، لەسەردەمی ئەودا وەكو گەلی فەڵەستینی ستەملێكراو كە لە نیشتمان و مافەكانی بێبەشكراوە دەمانویست راستگۆیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش و راستگۆیی ئەمریكا ببینین كە چاودێری رێككەوتنی ئۆسلۆ بوو و ئەمە بەردەوام بێت تا ئەوەی دەوڵەتی فەڵەستینی سەربەخۆ پایتەخەتەكەی قودس بێت بەدیبێت، روونە ترەمپ نەیویست ئەمە بكات و بوو بە لایەنگری ئیسرائیل و دژی ئاوات و مافەكانی گەلی فەڵەستین بۆ سەربەخۆیی و ئازادی و ژیان لە نیشتمانەكەی خۆی وەستایەوە.
ئەوەی ترەمپ كردی یەكەم شت بریتی بوو لە دانپێدانان بە قودس وەكو پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بۆ قودس، هەروەها داخستنی نووسینگەی رێكخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین لە ئەمریكا، راگرتنی یارمەتییە داراییەكان بۆ نەخۆشخانەكانی قودس، راگرتنی ئەو بەخشینە داراییەی بۆ دەسەڵاتدارێتیی نیشتمانیی فەڵەستینی و مەرجی ئەوەی دا كە ئەمریكا ئەو پارەیە دەدات ئەگەر فەڵەستین مووچەی خێزانی شەهیدەكان و دەستگیركراوەكان نەدات، ئەمەش فەڵەستین و سەرۆك مەحمود عەباس لە میمبەری نەتەوە یەكگرتووەكانەوە رایگەیاند کە نابێت و ناتوانیین ئەوە بكەین و ئەو مەرجە رەتكرایەوە، ئەوە جگە لەوەی ئەمریكا یارمەتییەكانی بۆ ئۆنروا راگرت و داوای لە وڵاتانی دیكەش كرد كە ئەو پاڵپشتییە رابگرن و دواتر ئۆنروا نەهێڵن، ئۆنروا بە ئیرادەیەكی نێودەوڵەتی هاتووە بۆ ئەوەی چاودێریی گەلی فەڵەستین بكات بۆ ئەوەی بژییت، ئۆنروا نە مووشەك و نە تانك و نە فڕۆكە و چەكی ئەتۆمیمان بۆ دەهێنێت وەك ئەوەی ئەمریكا بۆ ئیسرائیلی دەهێنێت، ئۆنروا شیری منداڵ و تەندروستی و فێركردنمان بۆ دەهێنێت و یارمەتی بەساڵاچوان دەدات و ئەوەش زۆر كەمێكە لەو مافانەی كە جیهان دەیدات بە گەلی فەڵەستین، چونكە ئێمە بەتەنها لە ژیان بێ بەش نەكراوین، بەڵكو لە خەونەكانیشمان بێ بەش كراوین، ئەوەی ئەمریكا كردی تاوانێكە دژبە مرۆڤایەتی.
بۆیە هەڵوێستە یەك لەدوای یەكەكانی ئەمریكا لەژێر ناوی "گرێبەستی سەدە" نزیكە بۆ كردەی ئاشتی، چی گرێبەستێك؟ چی وتوێژێك دەكرێت لەژێر رۆشنایی ئەوەی لەسەر خاك هەیە و روودەدات، ئەوەی ئەمڕۆ ئیسرائیل دەیكات لە کەناری رۆژئاوا لە غەززە، لەو خاكی ئێمە ئەوانەی لە 1948ەوە داگیركراون پشت بە بڕیارەكانی ترەمپ دەبەستێت بۆ ئەوەی تاوانكاریی بكرێت، كوشتن و تاوان و دەستبەسەرداگرتن و گرتن و هەموو شتێك دەكرێت لە لایەن ئیسرائیلەوە دژبە فەڵەستینییەكان، ئەوە جگە لە هەوڵەكانی داخستنی ئەقسا و ئەو هەڵكەندنانەی لەژێر ئەقسا دەكرێن، هەروەها ئەوەی راگەیەندرا كە تەلەفرێكێك دروست دەكەن و زەوییەكی زۆر دەستی بەسەردادەگیرێت، شتی دیكەی زیاتریش، ئەمانە ئیسرائیل دەیانكات و هەموو كاتژمێرێک روودەدات كە تیرۆرێكی رێكخراوە دژبە فەڵەستینییەكان.
دەتوانیین بڵێن سەرۆك ترەمپ بەتەواوەتی لە سیاسەتی ئیدارە یەك بەدوای یەكەكانی ئەمریكا لایداوە، هەڵوێستی تەواوشی وەرگرت لەوەی لایەنگری تەواوی داگیركاری بێت، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئەمریكا سیفەتی چاودێری ئاشتی لەدەستبدات، فەڵەستینییەكان و سەركردایەتییەكەی بەتایبەت یاسر عەرەفات و دواتر سەرۆك مەحمود عەباس هەنگاوی گرنگییان لە پێناو ئاشتی ناوە و دەتوانیین بەدڵنیایییەوە ئەوە بڵێن سازشی مێژووییان لە مافەكانی گەلی فەڵەستین كردووە لە پێناو گەیشتن بە بەدیهێنانی ئاشتی، بەڵام ئەوەی ئیدارەی ئەمریكا كردی هاوشان نییە لەگەڵ ئەو قوربانییانەی كە سەركردایەتیی فەڵەستین پێشكەشیكرد بۆ گەیشتن بە ئاشتی، هەروەها گرێبەستی سەدە كە باسی لێوەدەكرێت كەس نازانێت چییە؟ ناوەڕۆكەكەی چییە؟ بەڵام هەموو شتێك جێبەجێكرا، ئەگەر لەژێر ناونیشانی گرێبەستی سەدە چووین بۆ وتوێژ ئێمە لەسەر چی وتوێژ بكەین؟ لەسەر نەهێشتنی سنوورەكان؟ لەسەر پێدانی قودس بەئیسرائیل؟ لەسەر ئەو تاوانەی دژبە گەلەكەمان كرا بە راگرتنی پاڵپشتییەكان بۆ ئۆنروا؟ لەسەر چی پرسێك دەتوانیین وتوێژ بكەین؟
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئایا ئێران هێشتا پاڵپشتیی هەندێك گرووپ و رێكخراوی فەڵەستینی دەكات؟
نەزمی حەزوری: ئێران وڵاتێكی ئیسلامییە پاڵپشتیی مافەكانی گەلی فەڵەستین و بڕیارەكانی پاڵپشت بۆ گەلی فەڵەستین دەكات. لە نەتەوەیە كگرتووەكان دەنگی بۆ بەرژەوەندیی دەوڵەتی فەڵەستین داوە و لە هەموو كۆڕبەندێكی نێودەوڵەتی لە پاڵ مافەكانی رەوای گەلی فەڵەستین دەوەستێت، لووتكەی رێكخراوی هەماهەنگیی ئیسلامی كە لە تاران و بەسەرۆكایەتی ئەحمەدی نەژاد بەسترا پابەندبوونی خۆی بۆ دەستپێشخەریی عەرەبی دەرخست، ئێران وڵاتێكی گرنگە لەو رێكخراوە، بەو پێیە ئێران بەفەرمی لەگەڵ مافەكانی گەلی فەڵەستیندایە بەوەی کە خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت و پایتەختەكەی قودس بێت، باڵیۆزخانەمان لە تاران هەیە و بە بڕیاری ئیمام خومەینی باڵیۆزخانەكە لەسەر خاشاكی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل ئاڵای فەڵەستین بەرزكرایەوە و ئەمەش پشتیوانییە بۆ فەڵەستین، ئێران پاڵپشتیی رێكخراوە فەڵەستینییەكان لە چوارچێوەی پەیوەندیی دووقۆڵی دەكات، ئەوەی ئومێدی دەكەین لە ئێران و وڵاتانی دیكە ئەوەیە پاڵپشتیی راستەوخۆیان لە بواری ژیان و تەندروستی و خوێندن و پاڵپشتیی دارایی لە رێگەی دەروازەی شەرعی و دامەزراوە فەرمییەكانی دەوڵەتی فەڵەستیین بێت، ناتوانیین رێگری لە كەس بكەین پەیوەندیی دووقۆڵی ببەستن و ئەمە مافێكی سروشتییە، بەڵام لە پرسە ستراتیجییەكان ئومێددەكەین ئەو پەیوەندییە لەگەڵ دەوڵەتی فەڵەستین بێت بەو پێیەی پاڵپشتیی جوڵانەوە سیاسییەكانی سەركردایەتیی فەڵەستیین بێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: واتە ئێران ئێستاش چەك دەداتە هەندێك لە گرووپە چەكدارەكانی فەڵەستین؟
نەزمی حەزوری: ئەوەی ئێران رایدەگەیەنێت ئەوەیە بەڵێ هێشتا چەكیان دەداتێ، پەیوەندیی لە نێوان ئێران و چەند كۆمەڵەیەك هەیە لەوانە حەماس و جیهادی فەڵەستینی، بەڵام ئێران لە رووی سیاسییەوە پاڵپشتیی دەوڵەتی فەڵەستین دەكات و لە پەیوەندیی دووقۆڵی پەیوەندیی هەیە، چۆن پاڵپشتیی دەكات ئەوە جۆراوجۆرە، ئێران و راگەیاندنەكانیش دەڵێن بەچەك پاڵپشتیی هەندێك دەكات، وەكو حەماس و جیهادی ئیسلامی.
ئاژانسی ئانادۆڵو: پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و فەڵەستین چۆنە و لە چی ئاستێكدایە؟
نەزمی حەزوری: شانازی بە پەیوەندیی مێژوویی فەڵەستینی-كوردستانی دەكەین، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو ئەوا لە پێشماندا سەركردە سەڵاحەددینی ئەیوبی دەبینین كە كوردە و مێژوویەكی كوردی لەسەر شوراكانی قودس تۆماركرد و رێگەی خاكی قودسی بەخوێنی شەهیدان خۆشكرد. لە رێگەی هاوسەرگیری و بازرگانی و مانەوەوە، چەندین بنەماڵەی كورد لە فەڵەستین هەن و ماون و ریشەیان هەیە و ریشەی بەشێك لە خێزانە فەڵەستینییەكان كوردیین، ئەو پەیوەندییەی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی پەیوەندییەكانی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا و یاسر عەرەفات درێژەی كێشا تا گەیشتە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو گەل و پەیوەندییەكانی فەڵەستین لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی و خوالێخۆشبوو مام جەلال تاڵەبانی و هاوبەشیی هەردوولامان زۆر بوو و هەروەها یاسر عەرەفات و حەكیمی شۆڕشی فەڵەستین و سەرۆكی فەڵەستین، مەحمود عەباس ئەمانە لەو سەركردایەتییانەن كە پەیوەندیی كورد و فەڵەستینییان باشتركرد، هەروەها زۆرێك لە رۆڵەكانی بزووتنەوەی نیشتمانیی كوردی لە سەربازگەكانی شۆڕشی فەڵەستین لە سووریا و لە لوبنان مەشقییان كردووە و شۆڕشی فەڵەستین پاڵپشتیی كوردی كردووە، ئێمەش پاڵپشتیی خۆمان بۆ دەربڕیون و سەركردەی كورد محەمەد حاجی مەحمود پێی گوتم كە شانازی دەكەن كە یەكەم چەك وەریانگرتووە لە رێكخراوی رزگاریخوازی فەڵەستین بووە، مێژوو شاهێدە كە زۆر كورد لە رێزەكانی شۆڕشی فەڵەستین شەهیدبوون و بەشێكشیان شاهێدی ئەو قۆناغەن و لە ژیاندا ماون.
هەروەها فەڵەستین بەشێك لە ویژدانی رۆشنبیر و هونەرمەندەكانی كورد پێكدەهێنێت و ئیبراهیم تۆقان و فەدوا تۆقان و سەمیح قاسم و غەسان كەنەفانی، مەحمود دەرویش لە ویژدانی كورد ئامادەبوون و پاڵپشتیی پرسی فەڵەستین بوون و رووبەڕێكی فراوانی لە یادگەی كورددا هەیە، مەحمود دەرویش كە لەم رۆژانەی داهاتوو نزیك دەبینەوە لە ساڵیادی لەدایكبوونی شیعری كوردستانی لە 1965 نووسی ئەو كاتە گەنجێك بوو كە كوردستانی هەر نەبینی بوو، بەڵام هۆشیاریی هەبوو لەوەی كورد گەلێكن ستەمیان لێ دەكرێت و دەكوژرێن و دەناڵێنن، بەڵام عەرەب بوونی رێگریی لێ نەكرد لەوەی شیعر بۆ كورد و كوردستان بنووسێت، ئێمە ئومێد دەكەین كە كۆڕبەندێك هەبێت بۆ ئەوەی بیرمەند و راگەیاندنكاران و رۆشنبیرانی كورد و فەڵەستین بزانن پەیوەندییەكان چەندە تۆكمە و دوور و درێژن.
news_share_descriptionsubscription_contact

