Hemin Hüseyin
05 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2019
هەولێر- AA
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
دوای کۆبوونەوەکە، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، ئاماژەی بە ناوەڕۆک و هەنگاوەکانی دوای کۆبوونەوەکە کرد.
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی پیرە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان و پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە رۆژانی داھاتوو لیژنەی دیاریکراو بۆ نووسینی پڕۆژە سیاسییەکان دەستبەکاردەبن و لە ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتوودا رەشنووسەکە دەدەن بە ھەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی و پارتی بۆ ئەوەی رێککەوتنی لەسەر بکرێت".
سەعدی پیرە گوتیشی: "لە ١٨ی شوبات پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و لە روانگەی زیاتر چڕکردنەوەی ھەوڵەکانمان بۆ کەرکووک، ئەوا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هەمان رۆژدا کۆدەبێتەوە و بەھاوکاری حکوومەتی هەرێم و یەکێتیی و پارتی پارێزگارێک بۆ کەرکووک دادەنرێت".
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بە رەشنووسەکە کرد و گوتی: "هەموو سێکتەرەکانی ئابووری و بازرگانی و دارایی و نەوت و وزە و پێشمەرگە و ئەمن و ئاسایش و حوکمڕانی لە زاخۆ تا خانەقین و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی حکوومەتی ھەرێم و زیاتریش ھەوڵی ئەوە دەدات لەگەڵ حکوومەتی بەغدا چارەسەری کێشەکان بکات".
سەعدی پیرە ئاشکرایشی کرد کە دوای ئامادەکردنی رەشنووسەکە، ئەوا هەردوو لایەنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کورستان کۆدەبنەوە.
جێی ئاماژەیە زیاتر لە چوار مانگە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە و تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان چەندین کۆبوونەوەیان کردووە و نەگەیشتوون بە رێککەوتن و پێدەچێت تا کۆتایی ئەم مانگە نزیکبوونەوەی لایەنەکان زیاتر بێت.