پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت
- سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود: "دوو جار قسە لەگەڵ ئێمە کراوە لەسەر پێکهێنانی کابینەی حکوومەت، هاوکات را و بۆچوونەکان ئاڵۆگۆڕکراوە و پێیان باش بوو کە ئێمە بەشداری لە حکوومەتدا بکەین".
Arbil
هەولێر - AA
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود ئاشکرای دەکات کە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن دوو جار سەردانیان کردوون و را و بۆچوونیان لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ئاڵوگۆڕکردووە.
محەمەد حاجی مەحمود، سەبارەت بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێویستە هەموومان پەیوەندیمان لەگەڵ یەکتر باش بێت، بە هۆی ئەوەی کە هاووڵاتی یەک خاک و وڵاتین و لە هەمان کاتدا هاوزمانین، ئێستاش وەک دەبینین بۆچوونەکان لەیەکتر نزیکن و پێویستە هەموولایەک بارودۆخەکە بپارێزین و درێژەی پێبدەین".
محەمەد حاجی مەحمود گوتیشی: "هەرچەندە بابەتی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دواکەوت، رەنگە ئەو دواکەوتنە بۆ ئێمە زۆربێت بە تایبەت نزیکەی شەش مانگە پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامدراوە، بەڵام لە کۆتاییدا پێدەچێت لایەنەکان گەیشتبن بە رێککەوتن و ئومێد دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا هەنگاوەکان تەواوبن".
لەبارەی بەشداریکردنی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود گوتی: "دوو جار قسە لەگەڵ ئێمە کراوە لەسەر پێکهێنانی کابینەی حکوومەت، هاوکات را و بۆچوونەکان ئاڵۆگۆڕکراوە و پێیان باش بوو کە ئێمە بەشداری لە حکوومەتدا بکەین".
سەبارەت بە چۆنیەتی و شێوازی بەشدارییکردنیان لە کابینەی نوێدا، محەمەد حاجی مەحمود گوتی: "تا ئێستا نەچووینەتە ناو وردەکارییەکان، چونکە جارێ دەبێت سەرۆکوەزیران راسپێردرێت و ئەو کاتە بڕیاری لێ دەدرێت و دەچینە ناو وردەکارییەکانەوە".