Zana Natık Kerem
15 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2017
هەولێر ــ AA
دوای ئەوەی دوێنێ كۆمپانیای دانە غاز لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو كە بەبڕیارێكی دەستەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە لەندەن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت ١٢١ میلۆن دۆلاری بداتێ، ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا وەڵامی دانە غازی دایە و رایگەیاند كە لە ١٩ داواكاری كە كۆمپانیای دانە غاز لە بەرامبەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە لەندەن بەرزی كردبووە، ١٨ یان رەتكراونەتەوە، وێڕای ئەوە راگەیەنراوەكەی دانە غاز كە باسی چەندین خاڵی گرنگی ناو بڕیارەكەی دادگای نەكردووە كە لە بەرژەوەندی هەرێمی كورستان بڕیاریان لەسەر داوە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ئاماژەی بەوەشداوە كە دادگا داواكاری سكاڵاكارانی رەتكردووەتەوە كە داوای یەک ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلاریان كردبوو لە بری غازی زیادە.
وەزارەتەكە راشیگەیاندووە كە دادگا بڕیاری داوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان مافی هەیە هەموو ئەو غازە لە كێڵگەی كۆرمۆر و دامەزراوەكانیدا بەرهەمدێت وەربگرێتەوە، بەبێ ئەوەی ناچاربێت پارەی زیادە بدات و سكاڵاكاران مافی ئەوەیان نییە تاكلایەنە داوای پارە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆغازی زیادە.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان روونیكردووەتەوە كە دادگا بەتەواوەتی داواكارییەكی دیكەی دانە غازی رەتكردووەتەوە كە داوای كردبوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ٢٤ ملیۆن دۆلاری بۆ بگەڕێنێتەوە، بەهۆی ئەوەی لەمیانی پرۆسەیەكی بەپەلەی فرۆشتنی هەندێك لە سامانەكەی زیانی پێگەیاندووە، لەبەرئەوەی كێشەی دارایی هەبووە.
لە كۆتاییدا وەزارەتی سامانە سروستییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی راگەیاندووە كە دادگا لە ١٩ داواكاری سكاڵاكاران كە پەیوەست بوون بەمافەكانیان لە گرێبەستەكەیاندا، ١٨یان رەتكردووەتەوە.