هەولێر-AA
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی بوودجەی گشتیی ساڵی 2017، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە پیلانێکی مەترسیدار دژی هەرێمی کوردستان لە ئارادایە و بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە پڕۆسەی دەنگدانەکە و هۆشداری دەداتە نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا کە نەکەونە تەڵەی ناحەزانەوە و نەبن بە بەشێک لەو پیلانە رەشەی دژی خەڵک و ماف و دەستکەوتەکانی ئایندەی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.لە راگەیەندراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "ئەوەی لە بڕگەکانی پەیوەندار بە ھەرێمی کوردستانەوە لە یاسای بوودجەی گشتیی عیراقی فیدراڵدا بۆ ساڵی ٢٠١٧ ھاتووە، پیلانێکی سیاسیی مەترسیدارە دژ بە ھەرێمی کوردستان و بەداخەوە ئەو پەرلەمانتارانەی کوردستانیش کە دەنگیان بۆ یاساکە داوە، زانیبێتیان، یان نەیانزانیبێت، سەرەڕای پێدانی زانیاریی پێویست پێیان، پێچەوانەی بەرژەوەندییە گشتییەکانی ھەرێمی کوردستان و مووچەخۆران، دەنگیان بە یاساکە داوە بێ ئەوەی رەچاوی ئەوە بکەن کە ئەمە لە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیدا نییە، بۆیە نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا دەبێت هۆشیار و ئاگادار بن و نەکەونە تەڵەی ناحەزانی کوردستانەوە و نەبنە بەشێک لەو پیلانە رەشانەی دژ بە خەڵک و ماف و دەستکەوتەکانی و ئایندەی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە "بەراوردکردن و لێکدانەوەیەکی سادەی ژمارەکان بەسە بۆ ئەوەی بزانین کە یاساکە لە دژی ھەرێمی کوردستان ئامادە کراوە و ھیچ بنەمایەکی راستی تێدا نییە و بە ھیچ شێوەیەک ئەوەی لە یاساکەدا بۆ ھەرێمی کوردستان دیاری کراوە، ناکاتە ھێندەی ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە فرۆشی نەوت و داھاتەکانی ناوخۆوە دەستی دەکەوێت. ئەویشی کە گوایە بە پابەندبوونی ھەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی یاساکە، حکوومەتی عیراقی فیدراڵ مووچەی مووچەخۆارنی ھەرێمی کوردستان دابین دەکات، لە درۆیەکی بێبنەما زیاتر نییە و بەرواردکردن و لێکدانەوەیەکی ژمارەکانی فرۆشی نەوت و داھاتە ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو بڕە شایستانەی لە یاساکەدا بۆ ھەرێمی کوردستان دیاری کراون، زۆر بە روونی ئەم راستییە دەردەخات".
یاساکە کە لە رێککەوتی ٤ی کانوونی یەکەم لە پەرلەمانی عیراق پەسەندکرا بەبێ ئەوەی لە ھیچ قۆناغێکی ئامادەکردن و پەسەندکردنی پڕۆژەکە لە ئەنجوومەنی وەزیران و تەشریعکردنی لە پەرلەمانی عیراق، بەشداری بە حکوومەتی ھەرێم و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی بکرێت و بێ ئەوەی داواکاری و پێشنیازەکانی حکوومەتی ھەرێم و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عیراقی تیادا رەچاو بکرێت، پێچەوانەی بنەما چەسپێنراوەکانی دەستووری عیراق بۆ بەشداریپێکردنی ھەرێم لە داڕشتنی بوودجەی وڵاتە، بە جۆرێک لە بەرژەوەندیی سەرجەم گەلانی عێراق بێت بەبێ جیاوازی و لەسەر بنەمای تەوافوق، نەک زۆرینەی ناو ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ژمارە و داتای دروست بەراوردکارییەکی شیکارانە دەخاتە روو لەنێوان ئەو بڕە پارەیەی کە وەک بەشە بوودجەی ھەرێم لە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠١٧دا دانراوە بەپێی تەرخانکراوەکانی خشتەکانی ھاوپێچی یاسای بوودجە، لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی کە حکوومەتی ھەرێم لە پرۆسەی راستەوخۆی ھەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی ھەرێم دەستی دەکەوێت، لەگەڵ خستنەڕووی خەرجی مانگانەی ھەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە هێزەکانی پێشمەرگە، لە بەشێکی دیکەی یاساکەدا هاتووە "ئەوەی پەیوەندیدارە بە پێشمەرگەوە کە لە بڕگەی پێنجەمی ماددەی ھەشتەمی یاساکەدا ھاتووە، ھیچ روون و ئاشکرا نییە و ھەمان ئەو دەقەیە کە لە یاساکانی بوودجەی فیدراڵی ساڵانی پێشووش ھاتبوو، بەڵام بەھۆی ناڕوونی و نادیاریی ژمارەکانەوە، ھیچ ساڵێک جیبەجێ نەکراوە، ئەمساڵیش نازانرێت بوودجەی تەرخانکراو بۆ ھێزە وشکانییەکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق چەندە و رێژەی چەند لەو تەرخانکراوە بۆ پێشمەرگەیە و ژمارەی پێشمەرگەش چەند ھەژمارکراوە، لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە سەرەڕای ھەبوونی ھەمان دەقی یاسایی، کەچی تا ئێستا تەنھا یەک دیناریش بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە خەرج نەکراوە، لە کاتێکدا ھەرێمی کوردستان لەو کاتەوە بە رێژەی سەدا 17 لە دابینکردنی بوودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکان، بەشدار بووە".
سەبارەت بە بڕگەکانی ماددەی ١٠ لە یاساکە، بەپێی بڕگەی ٥٣ لە خشتەی (ە) ی ھاوپێچی یاساکە، نزیکەی ٦ ترلیۆن دینار بۆ ساڵی ٢٠١٧ دانراوە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و مووچەی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی کە مانگانە دەکاتە ٤٩٦ ملیار دینار، لە کاتێکدا بڕی بوودجەی پێویست بۆ دابینکردنی تەواوی شایستەی داراییی یەک مانگی مووچەخۆران کە ژمارەیان نزیکەی ١ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار مووچەخۆرە، نزیکەی ٨٨٠ ملیار دینارە، واتە مانگانە کورتھێنانی شایستەی داراییی مووچەخۆران ٣٨٤ ملیار دینارە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو راگەیەنراوەدا هاتووە "ئەوەی پەیوەندیدارە بە بوودجەی بەکاربردنەوە، بەشی ھەرێم بە بڕی ١ ترلیۆن و ٦١٠ ملیار دینار بۆ ساڵی ٢٠١٧ خەمڵێنراوە، کە مانگانە دەکاتە ١٣٤ ملیار دینار، واتە لە باشترین حاڵەتدا بڕی ئەو پارەیەی کە لە بەغدا بۆ ھەرێمی کوردستان دێت دەکاتە ٦٣٠ ملیار دینار، ئەویش بە مەرجی بڕینی تەواوی داھاتە ناوخۆییەکانی ھەرێم لە باج و گومرگ و رەسمەکان کە بە بڕی ١٣٠ ملیار دینار مانگانە دەخەمڵێنرێت لەو ٦٣٠ ملیار دینارە لە لایەن وەزارەتی دارایییەوە لە بەغدا، واتە لە باشترین حاڵەتدا تەنھا بڕی ٥٠٠ ملیار دینار دەگاتە ھەرێم".
پێشنیازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە رەچاو نەکرا ئەوە بوو لە بەرامبەر فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە و گەڕانەوەی داھاتەکەی بۆ بەغدا، تەواوی شایستە داراییەکانی ھەرێم خەرج بکرێت کە لە خشتەی ھاوپێچی یاسای بوودجەدا ھاتووە کە نزیکەی ٩٧٠ ملیار دیناری مانگانەیە، ھەرچەندە ئەمەش بە بڕی ٥٠ ملیار دینار کەمترە لە داھاتی فرۆشتنی نەوتی راستەوخۆ لە لایەن ھەرێمەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نیازە میوانداری سەرجەم ئەندامانی فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق بکات و هەروەک لە راگەیەنراوەکەشدا هاتووە:"بەمەبەستی دڵنیابوون لە وردەکاریی ئەم بەراوردکارییە و خستنەڕووی دۆکیۆمێنتەکان و راپۆرتەکانی شیکردنەوە، میوانداریی سەرجەم ئەندامانی بەڕێزی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەین بۆ کۆبوونەوە و خستنەڕووی راستییەکان. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە ئامادەییی تەواوی خۆی دەردەبڕێت بۆ دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و لە بەرامبەر دابینکردنی تەواوی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، ئەوا حکوومەتی ھەرێم ئامادەی رێککەوتنە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بە مەرجێک زیان بە ھەرێم نەگات، بە پێچەوانەوە سەپاندنی ھەر ئیلتزامێکی یەکلایەنە بەبێ ھەبوونی رێککەوتنی ھاوبەش، ھەرێمی کوردستان ناچار بە جێبەجێکردنی ناکات".
news_share_descriptionsubscription_contact

