Hemin Hüseyin
26 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2017
هەولێر - AA
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماری ئاوارەکانی ئەم دواییەی بڵاوکردەوە کە بە هۆی هێرشەکانی حەشدی شەعبی ناوچەکانی خۆیانیان جێهیشتووە.
دوای ھێرشەکانی ھێزەکانی عێراق بە تایبەتی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک، خورماتوو، خانەقین و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە ١٦ تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ و رۆژانی دواتر، کارەساتی مرۆیی و ئاواربوونی سەدان ھەزار ھاووڵاتی مەدەنی لێکەوتەوە و پەنایان بۆ پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک بردووە.
بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان، ھۆشەنگ محەمەد بە ماڵپەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی راگەیاندووە کە بە ھۆی توندوتیژیییەکانی ئەم دوایە هێرشەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە کەرکووک، خانەقین، زومار و رەبیعە، ١٦٨ هەزار و ٣٧٢ کەس ئاوارە بوون".
هۆشەنگ محەمەد راشیگەیاندووە کە ٨٤ هەزار کەس روویان لە هەولێر کردووە و ٧٨ هەزار و ٣٧٢ کەس روویان لە سلێمانی و شەش هەزار کەسی رەبیعە و زومماریش روویان لە دهۆک و زاخۆ، کردووە.
بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان، راگەیاندووە: "زۆربەی ئاوارەکان لە لایەن ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، خزم و دۆستانیان لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان میوانداری کراون و ھاوکات ژمارەیەکی بەرچاویان لە کەمپ و خانووی تەواو نەکراو و شوێنە گشتییەکان نیشتەجێکراون و لە بارێکی زۆر خراپدان".
هۆشەنگ محەمەد، ئاماژەی بەوەیشکردووە کە ئاوارەکانی ناوچە کوردستانییەکان پێویستیان بە ھاوکاری دەستبەجێ و بەپەلە ھەیە وەکو خواردن، خۆراک، پێخەف، پۆشاک، شیر و دایبی منداڵ، جلوبەرگ، پێڵاو، سووتەمەنی، شوێنی نیشتەجێبوون، داودەرمان و چارەسەری تەندروستی.
بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان راشیگەیاندووە کە بە ھۆی بەردەوامی ھێرشەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و توندوتیژی و ھەڕەشە لە ھاووڵاتییان، پێشبینی دەکرێت دەیان ھەزار ھاووڵاتی دیکە ناچار بکرێن شوێنەکانیان بەجێبھێڵن و بۆ پاراستنی گیانی خۆیان لە ھەڕەشەکانی میلیشیاکان وھێزە چەکدارەکان ئاوارە بن.
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان ئەو ٨٤ هەزار کەسە بریتیین لە ١٤ هەزار خێزان کە لەناو شاری هەولێر دابەش دەبن بەسەر جێگایەکدا کە ئەوانیش: "٦٠٠خێزان لە شاری ئاشتی دوو، دوو هەزار و ٥٠٠ خێزان لە دەشتی بەهەشت، ٢٠٠ خێزان چڤین، ٣٠ خێزان لە مۆتێلەکانی دارەتوو، ١٣٥ خێزان لە مۆتێلەکانی سەنتەری شار، ١٨ خێزان لە کەمپی بەحرکە، ١٠ هەزار و ٥١٧ خێزانیش لە بنەسڵاوە، دارەتوو ، کۆمەڵگای سەری بڵند، کەسنەزان، لانە ستی، پێنجی حسارۆک، خەبات، تەلار ستی، پیرزین، تۆپزاوە، ئاڵتوون ستی، باداوە، برایەتی، بەختیاری، حەوتی حەسارۆک، مەھاباد دوو".
هەر بە پێی ئەو ئامارە، ٧٨ هەزار و ٣٧٢ کەس روویان لە سلێمانی کردووە کە ئەوانیش ١٣ هەزار و ٦٢ خێزانن و دابەش دەبن بەسەر چەند ناوچەیەکی ئەو پارێزگایەکدا کە بریتیین لە: " سێ هەزار خێزان لە سەنتەری شار و هەزار و ٥٠٠ خێزان لە بەکرەجۆ و ٣٠٠ خێزان لە بازیان، ٥٠٠ خێزان لە کەمپی سورداش، ٤٣ خێزان لە کەمپی بەرزنجە، هەزار ١٠٠ خێزان لە کەمپی چەمچەماڵ، هەزار و ٦٠٠ خێزان لە شۆڕش، ٩٨ خێزان لە تەکیە، ١٠٠ خێزان لە سەنگاو، ٢٥٠ خێزان لە قادر کەرەم، ٢٤ خێزان لە هەڵەبجە، ١٢ خێزان لە خورماڵ، ٥ خێزان لە حاجیاوا، ٤ خێزان لە قەرەنی ئاغا، هەزارو ٤٧٠ خێزان لە نەوجڵ، ٩٥٠ خێزان لە کفری، ١٣٠ خێزان لە سەرقەڵا، ٩٧ خێزان لە کوڵس، ٧٦٥ خێزان لە کەلار، ٩٩٧ خێزان لە رزگاری و ١١٧ خێزان لە کەمپی تازە".
هەروەها لە پارێزگای دهۆک هەزار و ٢٠٠ خێزان کە شەش هەزار کەسن، لە سەنتەری شار و سیمێل و زاخۆ ژیان بەسەر دەبەن..