هەولێر- AA
پسپۆڕی بواری نەوت، دکتۆر گۆڤەند حوسێن شێروانی: "پێشووتریش رێککەوتننامە لەبواری نەوت لەنێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان واژووکراوە بەتایبەت لەسەردەمی نوری مالیکی، کە بەداخەوە نەچوونە بواری جێبەجێکردنەوە، دواتر دەرکەوت کە لەکاتی جێبەجێکردندا هەندێک لێکدانەوەی جیاواز هەبووە بۆیە کێشە کەوتە ناو رێککەوتننامەکان".پسپۆڕێکی بواری نەوت ئاماژە بە وردەکاریی ناو پرۆژە یاسای بوودجەی گشتیی ساڵی 2017 ی عێراق دەکات و پێیوایە کە لەماوەی رابردوودا کۆبوونەوەی رێکخراوی ئۆپیک کاریگەری لەسەر نەوت هەبووە و باس لەوەش دەکات کە ململانێی سیاسیی و هاتنی ئاوارە و پەنابەران هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی قەیرانەکان بووە لەهەرێمی کوردستان.
پسپۆڕی بواری نەوت، دکتۆر گۆڤەند حوسێن شێروانی لەچاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا گوتی: "ئەوەی روویداوە لە گۆڕەپانی ئابووری، بریتییە لە دوو شت لەسەر ئاستی هەرێمی یەکەمیان کۆبوونەوەی رێکخراوی ئۆپیک لەسەر دیاریکردنی نرخی نەوت و دیاریکردنی پشکەکانی وڵاتانی بەرهەمهێن، کە ئەویش پشکێکی تایبەتییان هەیە نزیکەی سەدا 40ی بازاڕی جیهانە، بەڵام ئەوەی کە تێبینی کراوە سەبارەت بە کۆبوونەوەی رێکخراوی ئۆپیک کە هەفتەی رابردوو ئەنجامدرا، هەوڵێکی زۆر درا بۆ ئەوەی دووبارە ئەو رێکخراوە رۆڵێکی گرنگی خۆی ببینێتەوە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و نرخی نەوت کە ماوەیەکی زۆرە دابەزیوە بۆ نزیکەی 45 دۆلار، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا نرخەکە بەرزبووەوە تاوەکو 130 دۆلار، بۆیە بڕیاردرا بە کەمکردنەوەی بەرهەمێنان بە بڕی 1.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام هەندێک وڵاتی سەرەکی وەکو عێراق و ئێران پابەند نەبوون بە بڕیارەکە و گوتیان ناتوانین بەرهەم کەمبکەینەوە".
گۆڤەند حوسێن شێروانی ئاماژە بەوە دەکات دوو هۆکار هەبوون بۆ ئەوەی عێراق و ئێران بەرهەمیان کەمنەکەنەوە و لەوبارەیەوە گوتی: "دوو هۆکاری جیاواز هەبوون کە یەکەمییان ئێران پێی باش بوو بۆ ماوەیەک ببەخشرێت لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان تاوەکو قەرەبووی ئەو ئابڵوقە ئابوورییە بکاتەوە کە چەندین ساڵە بەسەریدا سەپێنراوە، چونکە لەماوەی ساڵانی رابردوودا بەهۆی ئەو ئابلۆقەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێران دابەزی بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا ئێران توانای بەرهەمهێنانی 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە رۆژانە، بۆیە ئێران هەوڵدەدات بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنێتە 4.1 ملیۆن بەرمیل رۆژانە".
- پێشنیاز لە کۆبوونەوەی ئۆپیک
دکتۆر گۆڤەند شێروانی ئاماژە بە دوو پێشنیاز دەکات یەکێکیان لەلایەن سعوودیە و ئەوەی دیکەش لەلایەن جەزائر و گوتی: "یەکەمین پێشنیاز ئەوە بوو کە سعوودیە داوای کرد ئاستی بەرهەمهێنانی ئێران بگاتە 3.7 ملیۆن بەرمیل رۆژانە و پێشنیازی دووەمیش لەلایەن جەزائرەوە بوو کە داوای کرد ئاستی ئەو بەرهەمهێنانە بگاتە 3.9 ملیۆن بەرمیل رۆژانە و دواتر لەسەر 3.8 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا رێککەوتن، هەرچەندە عێراقیش نیگەران بوو چونکە دەیویست داهاتێکی زیاتری بێتە دەست و قەرەبووی جەنگی دژبە داعش بکاتەوە، بە تایبەت ساڵی رابردوو کورتهێنانێکی بەرچاو هەبوو لە بوودجەی ئەو وڵاتە کە گەیشتە نزیکەی 20 ملیار دینار لە بوودجەی گشتی عێراق، ئەمەش وای کرد کە وڵاتانی دەرەوەی ئۆپیکیش بێنە سەر هێڵ، ئیتر ئەوە بوو کە رووسیا ئامادەیی خۆی دەربڕی رۆژانە 300 هەزار بەرمیل کەمبکاتەوە، ئەمەش کاریگەری هەبوو لەسەر بازاڕەکانی جیهان و نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە 55 دۆلار ".
ئەو پسپۆڕە پێی وایە ئێستا پێکهاتەی ئۆپیک گۆڕاوە و رێکنەکەوتنی ئۆپیک رۆڵیکی گرنگی هەیە و لەوبارەیەوە گوتی: "دابەزینی نرخی نەوت بابەتێکی هەرێمییە و رێکنەکەوتنی ئۆپیک رۆڵێکی گرنگی هەیە، ئێستا پێکهاتەی ئۆپیک گۆڕاوە، سعوودیە تەنیا سەدا 40ی بەرهەمهێنانی ئۆپیکی هەیە، بەڵام ساڵانی رابردوو کە بەرهەمی عێراق و ئێران کەم بوو، ئەوا سعوودیە رۆڵێکی گرنگتری هەبوو، بەڵام ئەو ناکۆکییەی لە نێوان عێراق و ئێران و سعوودیەدا هەیە وا دەکات رێککەوتننامەکە دوابکەوێت، بۆیە گومان هەیە کە ئەو رێککەوتننامەیەی هەفتەی رابردوو واژووکرا، هیچ گەرەنتییەک نییە کە ساڵی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت یان نا کە ئەوەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی جیهان دروست دەکات".
سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتیی ساڵی 2017ی عێراق، ئەو پسپۆڕە پێی وایە کە پێشووتریش چەند رێککەوتننامەیەک لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان وحکوومەتی عێراقیدا هەبوون بەڵام
بەداخەوە هیچ یەکێک لەو رێککەوتننامانە نەچوونە بواری جێبەجێکردنەوە و گوتی: "پێشووتریش چەندین رێککەوتننامە لە بواری نەوت لەنێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان واژوو کراوە بەتایبەت لەسەردەمی نوری مالیکی، کە بەداخەوە نەچوونە واری جێبەجێکردنەوە، دواتر دەرچوو لە کاتی جێبەجێکردن هەندێک لێکدانەوەی جیاواز هەبووە بۆیە کێشە کەوتە ناو رێککەوتننامەکان و لەبەر ئەوەی هەندێک کێشەی تەکنیکی هەیە وا دەکات نەتوانرێت پابەندی ئەو ژمارەیە بێت کە دیاریکراوە بۆ نموونە ئێستا دەڵێین رۆژانە 550 هەزار بەرمیل رەوانە دەکرێت، بەڵام هەندێک جار لەبەر هەر هۆیەکی تەکنیکی یان زۆرجار بەهۆی کاری تێکدەرانە کە ئەمەش وادەکات ئاستی هەناردەکردنی نەوت دابەزێت یان بۆ ماوەی چەند رۆژێک بوەستێت".
- رێککەوتننامەی ساڵی 2015
دکتۆر گۆڤەند شێروانی ئاماژەی بەوەدا کە لە دوو ساڵی رابردوودا رێککەوتننامەیەک لە نێوان هەرێم و بەغدا واژووکرا بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی نێوانیان بەڵام ناوڕۆکی ئەو رێککەوتننامەیە نەچووە واری جێبەجێکردنەوە و ئەمەش هۆکار بوو بۆ سەرهەڵدانی کێشەی قوڵتر لە نێوان هەردوولا و گوتی: "لە رێککەوتننامەی ساڵی رابردوودا باسی ئەوە کرا کە لێژنەیەکی هونەری پێک بێت، بەڵام هەندێک جار کێبڕكیی سیاسیی رۆڵ دەبینێت بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنامەیە بۆیە دەبینین ئێستا لە پەرلەمانی عێراق چەند پێشنیازێک هەیە لەسەر ئەو بابەتە بەڵام ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە ئێستا پەسەند کراوە بابەتی 550 هەزار بەرمیلەکەیە کە رۆژانە 250 هەزار لە هەرێمی کوردستان و 300 هەزار لە کەرکووک، بۆیە ئەوەی گرنگە رێککەوتننامەکەیە بەڵام لەوەش گرنگتر پابەندبوون بەو رێککەوتننامەیە، بۆیە دەبێت ئەوەش بزانین ئەو لەسەدا 17یە چی دەگرێتەوە، دەبێت ئەوەش بزانین کە خەرجییەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ئەو سەدا 17یە یان لە چوارچێوەی بوودجەی سیادییە".
شێروانی گوتیشی: "هەندێک کێشەی دیکە هەیە کە بەستراوەتەوە بەیەکتر وەکو بابەتی پێشمەرگە و بوودجە و رێککەوتنی نەوت. بۆیە دەبێت هەموو بابەتەکان گفتوگۆی لەسەر بکرێت چونکە بە چارەسەرکردنی تەنها لایەنێک وا دەکات کە هاوکێشەکە هاوسەنگ نەبێت".
شێروانی پێی وایە کێشە و قەیرانەکان پێکهاتوون لە سێ بەشی سەرەکی ئەوانیش نەوت و ئاوارەکان و ململانێیە سیاسییەکان و گوتی: "قەیرانەکان سێ بەشی سەرەکین ئەوانیش یەکەمیان دابەزینی نرخی نەوت و بۆ ئەو مەبەستەش هیچ پێشنیاز نەکراوە بۆ چارەسەرکردن و بەشی دووەمیش هاتنی زیاتر لە 2 ملیۆن پەنابەر و ئاوارە بۆ هەرێمی کوردستان و جەنگی داعش کە ئەمەش هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ سەرهەڵدانی کێشە و قەیرانەکان و بابەتی سێیەمیش ململانێیە سیاسییەکانە کە وایکردووە دامودەزگاکانی حکوومەت وەکو پێویست کار نەکەن وەکو پەرلەمان و وەزارەتی دارایی و ئەوەی زۆر گرنگە وەکو ئابووری هەرێمی کوردستان سەدا 90 پشتی بە بواری نەوت دەبەستێت ئەمەش وادەکات کە گرنگی زیاتر بدرێت بەو کەرتە".
news_share_descriptionsubscription_contact

