Zana Natık Kerem
08 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2016
ئەنبار ــ AA
گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، عید كەربوولی بەرزبوونەوەی ژمارەی كوژراوانی بۆردومانە هەڵەكەی دوێنێی شاری قائیم رۆژئاوای رومادی راگەیاند و گوتی: "ژمارەی كوژراوەكان گەیشتووەتە 100 كەس".
تا ئێستا سوپای عێراق هیچ روونكردنەوەیەكی لەسەر بۆردومانە هەڵەكە ھەروەھا ئەوەی گوتەبێژەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار باسی لێوەكرد رانەگەیاندووە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو عید كەربوولی گوتی: "دوێنێ چوارشەممە، فڕۆكەكانی جەنگی عێراق بازاڕێكیان لەناوەڕاستی شاری قائیم (350 كیلۆمەتر رۆژئاوای رومادی) و ژمارەیەك خانووی هاووڵاتییانی مەدەنییان لە شارەكە كردە ئامانج و بۆردومانیان كرد".
گوتەبێژەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار ئاماژەی بەوەش كرد كە بەپێێ دوایین ئامار ژمارەی قوربانیانی بۆردومانەکە، گەیشتووەتە 100 كوژراو و دەیان بریندار.
ناوبراو داواشی كرد كە پێویستە بەپەلە لەسەر ئاستی باڵا لێكۆڵینەوە لەبارەی بۆردومانەكەوە بكرێت چونكە بە كۆمەڵكوژییەكی گەورەی مرۆیی هەژمار دەكرێت.
پێشتریش سەركهۆز لە شاری قائیم، حارس دلێمی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندبوو كە بەهۆی بۆردومانی هەڵەی فڕۆكەكانی جەنگی عێراق لەو شارە، زیاتر لە 60 كەس كوژراون و دەیانی دیكەش بریندار بوون.
شاری قائیم (350 كیلۆمەتر رۆژئاوای رومادی) تا ئێستا لە ژێر كۆنترۆڵی داعشدایە.