Muhammet Ali Kemal
08 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2016
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) جێف دەیڤیس وێڕای ئاماژەدان بەوەی شاری سرت ـی لیبیا لەچەکدارانی داعش پاککراوەتەوە، راشیگەیاند: ''لە لیبیا هیچ ناوچەیەک نەماوە لەژێردەستی داعشدا بێت''.
جێف دەیڤیس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لەپێنتاگۆن سازییکرد، لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی داعشەوە لە لیبیا دوا.
دەیڤیس جەختی لەوەکردەوە ئۆپەراسیۆنەکان لە سرت کۆتاییان پێهاتووە کە دوایین ناوچە بوو لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدا مابووەوە، باسی لەوەشکرد لەداهاتوویەکی نزیکدا حکوومەتی سازانی نیشتمانیی لیبیا ''سەرکەوتن رادەگەیەنێت'' و ''لە لیبیا هیچ ناوچەیەک نەماوە لەژێردەستی داعشدا بێت''.
گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن ئاشکرایکرد ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سرت بوون دوێنێ شەو ژمارەیەکیان خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە و ئەوان پێیان وایە ناوچەکە هیچ چەکدارێکی چالاکی تێدا نەماوە. ئاماژەی بەوەشکرد بەڵام سەرەڕای ئەمە لەقوڵاییەکانی شاری سرتدا و لەناوچە بیابانەکان، پیدەچێت ژمارەیەک چەکداری رێکخراوەکە مابن و پێویستە رێوشوێن دژی ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستیی بگیرێتە بەر.
جێف دەیڤیس باسی لەوەشکرد راگەیاندنی ''سەرکەوتن'' بەسەر داعشدا لە لیبیا لەدەسەڵاتی ئەواندا نییە و ئەوە ئەرک و لێپرسراوێتیی حکوومەتی لیبیایە.
شاری سرت لە سەرەتای ساڵی 2015دا کەوتبووە دەست چەکدارانی داعش و هێزە ئەمنییەکانی لیبیا و لەمانگی ئایاری ئەمساڵەوە بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە ئۆپەراسیۆنێکیان دەست پێکردبوو. لەسەر داوای حکوومەتی لیبیاش فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لەمانگی ئابەوە پشتیوانیی ئاسمانیی هێزەکانی ئەو وڵاتەیان دەکرد.