Dlshad Saifaalddin Ahmed
07 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2016
سلێمانی - AA
ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی یەكێتی كوردی لەسووریا عەبدولباقی یوسف:
- "پەیەدە سیاسەتێكی زۆر چەوت دەكات و دەخوازێت خۆی بەسەر هەموو شتێكدا بسەپێنێت، عەقڵیەتی ئەوان عەقڵیەتێكی سیستمی كۆمۆنیزمە".
- "ئەوان نەك تەنها شەراكەت قبوڵ ناكەن بەڵكو كاری دیموكراتی ئاشتییانەش ".
- "پەیەدە ئاڵای كوردستان ژێر پێ دەخەن و دەسووتێنن، بەڵام ئاڵای رژێمی بەعس لە زۆربەی شارە كوردییەكان بەرزكراوەتەوە".
ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی یەكێتی كوردی لەسووریا عەبدولباقی یوسف لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی باسی لەدوایین گۆڕانكارییەكانی ناوچە كوردییەكانی سوریا و نیگەرانی لایەنە كوردییەكان بەرامبەر كردەوەكانی پەیەدە لەو ناوچانە کرد و بەحزبێكی خۆسەپێن تۆمەتباریكردن.
عەبدولباقی یوسف ئاشكرایکرد سووریا بە رەوشێكی زۆر هەستیاردا دەڕوات و ئەوەش هەلێكی گرنگ بوو بۆ كوردان تا بتوانن چارەنووسی خۆیان لەو وڵاتە دیارییبكەن و مافەكانیان پارێزراو بێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو هەلە لەمەترسیدایە و لەرۆژئاوای كوردستان رەوشەكە بەرەو گۆڕانكاریی دەچێت و بەهەمان شێوەی سەرەتای دەستپێكردنی جەنگ لەساڵی 2011دا نییە.
ئەو گوتی:" لەرۆژئاوای كوردستان كێشە و گرفتمان زۆرە و یەكڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەكان بوونی نییە و دابەشبووین، ئەوەش مەترسییەكی گەورە لەسەر بەرژەوەندی میللەتەکەمان درووستدەكات ، پەیەدە ئێستا هەموو هێز و ئیدارەی خستۆتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە و بەداخەوە عەقڵیەتی شەراكەت لای ئەوان بوونی نییە، ئێمە وەك ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لەدەستپێكی ئەم شۆڕشەدا زۆر هەوڵماندا و تەنازولاتی زۆرمان كرد بۆ یەكڕیزی نێو ماڵی كورد، بەڵام بەداخەوە هەڤاڵانی پەیەدە پابەند نەبوون بە رێكکەوتنەكانەوە لەوانەش (رێكکەوتنی هەولێر1، رێكکەوتنی هەولێر2، رێكکەوتنی دهۆك)".
یوسف گوتیشی:" ئەو دۆخەی ئەمڕۆ تێی كەوتووین نەك تەنها رێكکەوتن نەماوە، بەڵكو پەیەدە سیاسەتێكی زۆر چەوت دەكات و دەخوازێت خۆی بەسەر هەموو شتێكدا بسەپێنێت، عەقڵیەتی ئەوان عەقڵیەتێكی سیستمی كۆمۆنیزمە و خۆیان وەك حزبی قائید سەیر دەكەن، ئەوەش رێگا بەوە نادات پێكەوە شەراكەتێك بكەین لەرۆژئاوای كوردستان، ئەوان نەك تەنها شەراكەت قبوڵناكەن بەڵكو كاری دیموكراتی ئاشتییانەش ناخوازن".
ئەو بەرپرسەی حزبی یەكێتی كورد لە سووریا ئاماژەی بەوەشكرد: " پەیەدە رێگە بە كاركردنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد نادات، رێگریی لە ژیانی سیاسی دەكەن، چالاكوان و رۆشنبیران دەستگیردەكەن و راگەیاندنەكان سەركوتدەكەن، پێش دوو هەفتە سەردار عەلۆیان دەستگیركرد و پێشتریش رەنگین شەرۆیان لە كەناڵی رووداو سەركووتكرد، بارەگای پارتە سیاسییەكان دەسوتێنن و دایاندەخەن، دەیان دەستگیرکراوی سیاسی لە رۆژئاوای كوردستان بوونیان هەیە كە ئەندامی سەركردایەتی حزبە سیاسییەكانیان تێدایە".
هەروەها گوتی: "پەیەدە رێگە بەخۆپیشاندانی ئەنجوومەنی نیشتمانی نادات و خەڵكانی تر لەدژیان هاندەدات، ئەوەش کارێکی مەترسیدارە و ئاشتی كۆمەڵایەتی لەرۆژئاوای كوردستان لەمەترسیدایە و ناكۆكی و شەڕ لەنێوان هاووڵاتییان دروستدەكات".
عەبدولباقی یوسف گوتی:" پەیەدە لەم ماوەیەی دواییدا رێز لەسیمبولی میللەتی كورد ناگرێت، بەتایبەت ئەوە چەندەمین جارە ئاڵای كوردستان دەخەنە ژێر پێیانەوە، دواین جار رۆژی شەممەی رابردوو لەعامودا ئاڵای كوردستانیان سووتاند كە ئەوەش شتێكی زۆر مەترسیدارە و جێگەی قبوڵكردن نییە، لەكاتێكدا ئاڵای رژێم لە قامیشلۆ و عامودا و زۆر شاری رۆژئاوای كوردستان دەبینن و ئاڵای كوردستان دەستونێنن".
بەرپرسە كوردەكەی رۆژئاوا ئاشكرایكرد كە حزبی بەعس لەشارە كوردییەكان چالاكییەكانیان زیاتركردووە و رۆڵ و دەسەلاتیان كاراتر دەكەنەوە و لەوبارەیەوە گوتی: "لەم دواییەدا رۆڵی حزبی بەعس زیاتردەبێت، دوێنێ لەشاری قامیشلۆ كۆبوونەوەیەكی گەورە لەسەنتەری رۆشنبیری شار ئەنجامدرا كە بەسەدان كەسیان بانگهێشت كردبوو، نوێنەری قیادەی قوتری حزبی بەعس تێیدا ئامادە بوو، هەڤپەیڤینی لەگەڵ خەڵك و كەسانی سەربە عەشیرەتەکان و رۆشنبیر و بەرپرسانی پارێزگاكە كرد و باسیان لە گێڕانەوەی دەزگا ئەمنییەكان و درووستكردنی حەشدی شەعبی كردووە، ئەوەش شتێكی زۆر هەستیار و مەترسیدارە".
ئەندامەکەی مەكتەبی سیاسی حزبی یەكێتی كوردی لەسووریا گوتی:" ئیدارەی پەیەدە لەوە بەرپرسیارە و رێگە بە برایانی كورد نادەن خەباتی خۆیان بكەن و لێگتێگەیشتن لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد ناكەن، بەڵام رێگە بە حزبی بەعس دەدەن رۆڵی بەهێزتر ببێت لەرۆژئاوای كوردستان و دەزگاكانی حكوومەت بەتایبەت دەزگا ئەمنییەكان جارێكی تر بگەڕێتەوە".
عەبدولباقی یوسف ئامانجی ئەنجوومەنی نیشتمانی روونكردەوە و گوتی: "ئامانجی ئێمە دروستكردنی تۆمەت و هێرش و پەلاماردان نییە ، ئامانجمانە دەنگی ئێمە بگاتە دۆستمان و بەهەموو لایەكەوە فشارێك دروست بكەین كە رۆژئاوای كوردستان بەرەو مەترسی هەنگاو دەنێت".
ئاماژەی بەوەشكرد كێشەی ئەوان لەگەڵ پەیەدە ئەوەیە کە هاوبەش قبوڵ ناكەن و بە پێچەوانەی رێكکەوتنەكانەوە مامەڵە دەكەن و دەیانەوێت بچنە ژێر چەتری ئەوانەوە و وەك حزبێكی سەركردە مامەڵە دەكەن، سەدان كادریان لە زیندان كراون و هەزاران كەسیان لە دەوام دەركراون.