Hemin Hüseyin
27 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2017
هەولێر - AA
بە ئامادەبوونی باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق، سۆنگ ڤوونگ یوب و وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خالید دۆسکی و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا و پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی کتێبخانەی زەیتون کرایەوە.
کتێبخانەی زەیتون لە ساڵی ٢٠٠٨ لە لایەن حکوومەتی کۆریای باشوور دروستکراوە و رادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا، ئەمساڵ لە لایەن کۆنسوڵخانەی گشتی کۆریای باشووری لە هەولێر نۆژەنکرایەوە و بە ئەلیکتڕۆنی کرا و جارێکی دیکە رادەستی حکوومەتی هەرێم کرایەوە.
لە رێورەسمی کردنەوەی کتێبخانەکەدا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا بە گوتەیەک دەستی پێکرد و گوتی: "گوتەیەکی زۆر گرنگ کە هەموو کات سەرنجم رادەکێشێت، ئەویش کە دەڵێت 'کتێب هەموو کات خۆراکی بیر و مێشکە' بۆیە لە روانگەی خۆمەوە دەمەوێت داوا لە رۆشنبیرانی هەرێمی کوردستان بکەم، لەم کتێبخانەیەدا سمینار و چالاکییە رۆشنبیرییەکان بۆ قوتابخانەکان و شوێنە جیاجیاکان ئەنجام بدەن، هاوکات داوا لە وەزارەتەکانی، رۆشنبیری و پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکەم کە چەند پشێبڕكییەک لەسەر ئەو کتێبانەی بە زمانە جیاوازەکان نووسراون ئەنجام بدەن، تاوەکو لەگەڵ کاروانەکە بڕۆین و لە پێشکەوتنەکانی دونیا دوا نەکەوین، هەروەها داوا لە حکوومەتی کۆریای باشوور و وڵاتانی دیکە دەکەم کە هاوکاریمان بکەن لە دابینکردنی پەرتووکی نوێ و سەرچاوە بۆ زانکۆکانمان تاوەکو قوتابییان سوودی لێ وەرگرن".
هەر لە رێوڕەسمەکەدا پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریای باشوور و گوتی: "دوای ساڵی ٢٠٠٤ و جێگیربوونی تیپی زەیتوون لە هەولێر و دروستبوونی پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان خەڵک و تیپی زەیتون کە ئەمەش وایکرد چەندین پڕۆژە لە پارێزگای هەولێر و دەورووبەری ئەنجام بدەن لەوانە دروستکردنی چەندین بنکەی تەندروستی و قوتابخانە و کارەبا و رێگاوبان و خانەی بەساڵاچووان و کۆمەڵیک پڕۆژەی دیکە".
نەوزاد هادی گوتیشی: "بیرۆکەی دروستکردنی ئەو کتێبخانەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٨ کە جەنەڕاڵی تیپی زەیتون داوای کرد کارێک بکەن وەکو سیمبولێک بمێنێتەوە و ئێمەش پێشنیازی دروستکردنی کتێبخانەیەکمان کرد و دواتر ئەو پێشنیازە بوو بە پڕۆژە و دروستیان کرد و ئەمساڵیش بۆ جارێکی دیکە کتێبخانەکەیان نۆژەن کردەوە و کتێبخانەکەش بە ئەلیکتڕۆنی کرا کە ئەمەش مایەی دەست خۆشییە و جارێکی دیکە سوپاسیان دەکەین".
لە رێوڕەسمەکەدا، هەروەها چەندین چالاکی جۆراو جۆر پێشکەش کرا.
کتێبخانەی زەیتون لەسەر رووبەری چوار هەزار مەتردووجا دروستکراوە و دەکەوێتە ناو پاڕکی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر لە دوو نهۆم پێک دێت کە نهۆمی دووەم لە شەش هۆڵ و دوو ژووری دیکە پێک دێت و تایبەتە بە پۆڵێنکردنی کتێبەکان و شوێنی خوێندنەوەی کتێب.
جێی ئاماژەیە لە هۆڵی کتێبە کوردییەکان و زمانە بیانییەکانی وەکو ئینگلیزی و فارسی و تورکی ناونیشانی ٢٠ هەزار کتێب و لە هۆڵی کتێبە عەرەبییەکان ناونیشانی ٣٣ هەزار کتێب و لە هۆڵی کتێب و شانۆی منداڵان ناونیشانی دوو هەزار کتێب هەیە.