Hemin Hüseyin
16 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2017
هەولێر-AA
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی ١١ ملیار دینار بۆ گەشەپێدانی زانکۆی هەڵەبجە تەرخان دەکات و گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی ئاشکرای دەکات کە ئەم بوودجەیە بۆ تەواوکردنی کۆمەڵێک پڕۆژەیە لە زانکۆی هەڵەبجە.
بەمەبەستی گەشەپێدان و بوژانەوەی زانکۆی ھەڵەبجە، لەسەر داوای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕی زیاتر لە ١١ ملیار دیناری بۆ زانکۆی ھەڵەبجە تەرخان کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی، عەباس ئەکرەم لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوا بەدوای نوسراوی وەزارەتمان بە ژمارە (١٢١٣٤) لە رێکەوتی ١٤/٨/٢٠١٦ کە بە واژوی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، یوسف گۆران، بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەرزکرایەوە کە نوسراوەکە تایبەت بوو بە دابینکردنی بوودجە بۆ چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە زانکۆی ھەڵەبجە".
عەباس ئەکرەم گوتیشی: "لە رێکەوتی ٧/٥/٢٠١٧ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە نوسراوی ژمارە (١٩٦٧) رەزامەندی نیشاندا بە خەرجکردنی بڕی ١١ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دیناری عێراقی بۆ جێبەجێکردن و تەواوکردنی دوو پڕۆژەی ستراتیژی بۆ زانکۆی ھەڵەبجە".
سەبارەت بە پڕۆژەکانیش، عەباس ئەکرەم گوتی: "پڕۆژەکان بریتین لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی باڵەخانەی سەرۆکایەتی زانکۆی ھەڵەبجە، کە بڕی ٦ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، ھەروەھا پڕۆژەی باڵەخانەی بەشی ناوخۆیی ٢، قۆناغی سێیەم، بۆ ئەوەش بڕی ٥ ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و نوسراوەکەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران گەیشتووەتە وەزارەتەکەمان و لە دوای ئەنجامدانی رێککاری پێوست دەست دەکرێت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان".
لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لەمیانی سەردانێکی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دکتۆر یوسف گۆران، بۆ زانکۆی ھەڵەبجە بڕیاری چارەسەری بەشێک لە کێشە کارگێڕی و داراییە پێویستەکانی زانکۆکە درا، ھەروەک تەرخانکردنی بوودجە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی زانکۆی ھەڵەبجە ھۆکارێکی باش دەبێت بۆ کەمکردنەوەی بەشێک لە کێشەو گرفتەکانی ئەم زانکۆییە.