Rewa Mahmood Hasan
17 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی - AA
منداڵێکی بێ سەروشوێنی ھەڵەبجە بەناوی خەلیل ساڵح دوای ئاشکراکردنی ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی لە رێورەسمێکدا بە فەرمی گەڕایەوە نێو خێزانەکەی خۆی و ناسنامەی عێراقی پێدرا.

کاتژمێر١٠ لە مۆنۆمێنی ھەڵەبجە مەراسیمێک رێکخرا بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتییەکی ونبووی کیمیابارانی ھەڵەبجە بەناوی خەلیل ساڵح کە لەدوای کیمیابارانی ھەڵەبجە لە ئێران لە کەسوکارەکەی دابڕابوو، دوای ٣١ ساڵ بە خێزانەکەی شاد ببوویەوە.
کۆمەڵەی قوربانییانی ھەڵەبجە و تۆڕی رێکخراوەکانی ھەڵەبجە، مەراسیمەکەیان رێکخست.
لە مەراسیمەکەدا، ھەریەک لە پارێزگاری ھەڵەبجە، ئازاد تۆفیق و کۆنسولی ئێران لە سلێمانی، مەھدی شوشتەری و کەسوکار و ئەو خێزانەی لە ئێران گرتبوویانە خۆیان و خوشک وبراکانی ئامادەبوون.

سەرەتا پارێزگاری ھەڵەبجە، ئازاد تۆفیق گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە ھەڵەبجەییەکان تەنھا لە کیمیاباراندا زیانبەرکەوتوو نەبوون بەڵکو دوای ١٦ی ئادار، ھەڵەبجەییەکان چوونە ئێران، ئەورووپا و ئاوارە و بێسەروشوێن بوون.
ئازاد تۆفیق گوتی: "٣٢ ساڵ دوای کارەساتەکە ھێشتا فرمێسک ئەڕێژین، ئێستا دڵخۆشین بەو رووداوە کە فرمێسکی خێزانێکی سڕیەوە و دوای ئەوەی ٣٠ ساڵ منداڵێک دوور دەبێت لە خێزانەکەی، پێان شاد دەبێتەوە. بەو بۆنەیەوە سوپاسی ئەو خێزانە دەکەین کە لە ئێران لەخۆیان گرتبوو، ئێستاش بۆیان گەڕانووینەتەوە. ھیوادارین ھەموو خێزانەکانی تر بەڕۆڵە ونبووەکانیان شاد بنەوە".

دواتر کۆنسولی ئێران لە سلێمانی، مەھدی شوشتەری سوپاسی خانەوادە ئێرانیەکەی کرد کە ھەوڵیانداوە ئەم کوڕە بە کەسوکاری راستەقینەی خۆی شاد بێتەوە و گوتی: "ئەمڕۆ لێرەین بۆ بینینی رووداوێکی خۆش و بەیەکگەیشتنەوەی دوو خێزان، دوای ٣١ ساڵ منداڵێکی ساوای نۆ مانگ بە کەسوکاری شاد بوویەوە ئەمەش مایەی دڵخۆشییە. ھیوادارین ھەموو کەسوکارەکانی تری قوربانییانی ھەڵەبجە بە منداڵە ونبووەکانیان شاد بنەوە و کەمێک لە ئازارەکانیان بڕەوێتەوە.
دواتر ھەریەک لە خەلیل ساڵح بە زمانی فارسی گوتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە ئەنجامی پشکنینەکان و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو نموونەیەکی زیندو بووە لەو زوڵمەی بەرامبەر نەتەوەیەک ئەنجامدراوە.
دواتر فیلمێکی بەڵگەنامەیی لەسەر ژیانی خەلیل ساڵح و چۆنیەتی ونبوون و دۆزینەوەی کەسوکارەکەی پێشکەش ئامادەبوان کراو، ھەرلەنێو ئەو فیلمە بەڵگەنامەییەدا بڕیاری دادگای ھەڵەبجە خوێندرایەوە سەبارەت بەو بەڵگانەی ئاراستەیان کرابوو، بۆ سەرلەنوێ پووچەڵکردنەوەی بەڵگەنامەی مردن و داواکاری بۆ پێدانەوەی رەگەزنامەی باری شارستنی عێراق بەو ھاووڵاتییە.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا پارێزگاری ھەڵەبجە، ئازاد تۆفیق رەگەزنامەی باری شارستانی و ناسنامەی نوێی پێشکەش بە ھاووڵاتی خەلیل ساڵح کرد.