Rewa Mahmood Hasan
11 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2020
هەڵەبجە-AA
پارێزگای هەڵەبجەش وەک هەر پارێزگایەکی تری هەرێمی کوردستان رێکاری پێویستی گرتۆتە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ و بەهۆی بوونی سنوورێکی بەرفراوانی پارێزگاکە لەگەڵ ئێران، رێوشوێنی توند گیراوەتە بەر.
وەک یەکەم هەنگاو بەشێک لە نەخۆشخانەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا تەرخانکراوە بۆ ئامادەکاری تایبەت بە ڤایرۆسەکە و سنوورە نافەرمییەکانی پارێزگاکەش لەگەڵ ئێراندا توندوتۆڵتر کراونەتەوە و رێگە بە دزەپێکردنی هیچ کەلوپەل و کاڵا و شمەکێکی قاچاخ نادرێت لە سنوورەکەوە ئاودیی هەرێمی کوردستان بکرێت.
لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور لە چەند رۆژی رابوردوو دەستی بەسەر ٥١ سەر ئاژەل کە دەویسترا بە قاچاخ داخڵی پارێزگای هەڵەبجە بکرێت داگرت.
- نەخۆشخانەی کیمیابارانی هەڵەبجە بۆ کۆرۆنا تەرخانکراوە
لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە، بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، بەبەشداری چەند بەڕێوەبەرایەتییەک و سەرپەرشتی راستەوخۆی پارێزگاری هەڵەبجە، ئازاد تۆفیق و قایمقامی قەزای هەڵەبجە، نوخشە ناسح و بەڕێوەبەری تەندروستی و JCC ، رۆژانە کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو پارێزگاری هەڵەبجە، ئازاد تۆفیق ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان لەئێستادا پێش بڕیاری حکوومەتیش هەریەک لە مەرزەکانی شوشمێ لە تەوێڵەو پشتە لە بەمۆ، داخراون و رێگا بە هیچ جۆرە هاتوچۆ و گواستنەوەیەکی کاڵاو شمەک و خۆراک نادرێت.
پارێزگاری هەڵەبجە راشیگەیاند کە بەردەوام تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە گەڕاندان بەناوچەکەدا بۆ دەستگرتن بەسەر هەر کاڵایەکی دەرەکی کە لە ئێرانەوە بەقاچاخ دەهێنرێتە ناو پارێزگاکە، هاوکات ئەو هاووڵاتییانەش کە دەگەڕێنەوە بە قاچاخ، رەوانەی کەرەنتینەکان دەکرێن.
ئازاد تۆفیق ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بۆ چاودێریکردنی تەندروستی ئەو هاووڵاتییانەی لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە دەخرێنە نێو دوو کەرەنتینەوە کە یەکێکیان لە نەخۆشخانەی بیارەیە و ئەوەی تر لە هەڵەبجە پاڵاسە.
- تەواوی شەقامە قەڕەباڵغەکانی پارێزگاکە پاکژ دەکرێنەوە بە بەردەوامی
پارێزگاری هەڵەبجە بەهەماهەنگی لەگەڵ قایمقامی شارەکە، سەرۆک شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە و بەهاوکاری تیمەکانی بەرگریی شارستانی و شارەوانی لە نۆی ئادارەوە دەستیانکردووە بە پاکژکردنەوەی شەقامە قەڕەباڵغەکانی پارێزگاکە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەرۆک شارەوانی هەڵەبجە، کوێستان شێخ ئەکرەم ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بەمەبەستی پاکژکردنەوەی تەواوی شەقامە قەڕەباڵغەکانی هەڵەبجە لە رێی ماددەی ڤێڕکۆن کە ماددەیەکی پاککەرەوەی ڤایرۆسە و هیچ جۆرە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر خۆراک و شەقامەکان نابێت، هەڵساون بە پاکژکردنەوەی شەقامەکان و دووپاتیکردەوە کە هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت چونکە ئەو ماددە پاکژکەرەوەیە بۆ ماوەی سێ رۆژ کاریگەریی دەمێنێت و دواتر دەبێت سەرلەنوێ بەکاربهێنرێتەوە.
- ناوچەی هەورامان بێ گەشتیار ماوەتەوە
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە چەند پارێزگایەک و دوای هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، هاووڵاتییان کەمتر روودەکەنە ناوچە گەشتیارییەکان، هاوکات بەشێکی زۆری دووکان و بازاڕەکانی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور چۆڵییەکی زۆریان پێوە دیارە و ئەمەیش کاریگەریی کردۆتە سەر دۆخی ئابووری ناوچەکە.
کاسپکارانی ناوچەی گەشتیاری هەورامان نیگەرانن لە دۆخەکە، بەڵام داوا دەکەن کە بە بڕیارێک سەرجەم چێشتخانە و شوێنە قەڕەباڵغەکان دابخرێن هەرچەندە زیانی ماددی بەوان دەگات.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لوقمان حەمە رەحیم تەمەن ٤٨ساڵ کە خاوەن کەبابخانەیەکی سەر رێیە لە ناوچەی گەشتیاری هەورامان لە وەزەنێ، ئاماژە بەوە دەکات پار لەم کاتانەدا رۆژانە و بەتایبەت لە هەینیدا ٤٠٠-٥٠٠ گەشتیار رووی کردۆتە کەبابخانەکەیان، بەڵام لەئێستادا تەنها ئەگەر ١٠٠ کەسێک روویان تێ بکات ئەویش تەنها لە سەیدسادق و ناوچە نزیکەکانەوە بۆی دەچن.
لوقمان حەمە رەحیم دەڵێت ''ئێستا هیچ کارمان نەماوە، پێشتر لە تەواوی شارەکانی هەرێم و عێراقەوە گەشتیار رووی تێ دەکردین، بەڵام ئێستا گەشتیارەکانمان خەڵکی ناوچە نزیکەکانی وەک هەڵەبجە، سەیدسادق و کەمێکی سلێمانی-ن''.
ناوبراو پێی وابوو کە لە رۆژانی داهاتوودا بڕیاری داخستنی چێشتخانەکەیان دەدەن بەهۆی کەمی گەشتیارەوە تاکو مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەم دەبێتەوە و دەڵێت، ''خۆپارێزی باشترە، بۆیە کەمتر دێینە دەرەوە و پێمان باشە هەموو لایەکیش رەچاوی رێنماییەکان بکەن، ئەم زیانە ئابوورییانەش جیهانییە و تەنها ئێمەی نەگرتۆتەوە، بۆیە ئاساییە بەلامانەوە".
-هەورامانییەکان بە گوێز و توو خۆیان لە کۆرۆنا دەپارێزن
ناوچەی هەوارامان کە بە گوێزەکەیان زیاتر بەناوبانگن، بەردەوام خەڵکەکەی خاوەن تەندروستییەکی باشن، بەهۆی ئەو جۆرە خۆراکانەی رۆژانە بەکاری دەهێنن، هاوکات پاکی سروشتی ئاووهەوای ناوچەکە هۆکارێکی تری سەرەکی تەمەندرێژی و تەندروستی هەورامانییەکانە.
کاتێک دەچێتە ناوچەی هەورامان زۆر بە دەگمەن خەڵکی ناوچەکە دەبینیت بە کامەکە و ماسکی تایبەت بە خۆپارێزی لە کۆرۆنا، هاوکات تێکەڵییان لەچاو جاراندا بەڕێژەی بەرچاو کەمی نەکردووە. ئەگەر بە کۆمیدیاش بێت هەورامانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوان سیستەمی بەرگری لەشی خۆیان بە گوێز و توو بەرز رادەگرن تاکو بەدووربن لە ڤایرۆسەکە، هەرچەندە بەشێکی زۆری ناوچەی هەورامان دەکەوێت خاڵی سفری سنووریی لەگەڵ ئێران کە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکەکەی تووشی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ بوون.
لوقمان حەمە رەحیم-ی کاسپکار کە خۆی خەڵکی هەورامانە و تەمەنی ٤٨ ساڵ دەبێت، وێرای خۆپارێزی ئاماژە بەوە دەکات ئەوان رۆژانە بە گوێز و توو ژەمە خۆراکیەکانیان دەڕازێننەوە تاکو سیستەمی بەرگری لەشیان بەهێز بێت، جگە لەوە جوڵەی زۆر دەکەن بۆ راگرتنی پلەی گەرمی لەشیان.