Cemal Sargati
12 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2017
سلێمانى-AA
قەیرانى سووتەمەنى و کارەبا بەشێکن لە قەیرانەکانى هەرێمى کوردستان، لە وەرزى زستان هاووڵاتیان توشى گرفتى نەبوونى سووتەمەنى و کارەبا بوونەتەوە، ئەوەش وایکردووە هاووڵاتیان پەنا بۆ بەکارهێنانی سۆپاى دار ببەن چونکە سۆپاى دار خەرجى کەمترە، لەگەڵ بوونى خواستى زۆر نرخى دار لە چەند ناوچەیەکى هەرێمى کوردستان بەرز بووەتەوە.
لە ناوچەى هەورامان سەربە پارێزگاى هەڵەبجە لە ئێستادا هاووڵاتیان بۆ گەرم کردنەوەى ماڵەکانیان سۆپاى دار بەکاردەهێنن، بەڵام وەک خۆیان رایدەگەیەنن لەبەر ئەوەى سووتەمەنى وەک پێویست دابەش نەکراوە بۆیە خواست لەسەر بەکارهێنانی سۆپاى دار زیادى کردووە، چونکە خەرجى سۆپاى دار بەراورد بەسۆپاى سووتەمەنى کەمترە، دەشڵێن لەبەر خواست بۆ بەکارهێنانی سۆپاى دار نرخى داریش بەرزبووەتەوە.
هاووڵاتى عێزەت عەبدولرەحیم تەمەن 65 ساڵ کە سۆپاى دار بۆ گەرم کردنەوەى ماڵەکەى لە گوندى سەرگەتى ناوچەى هەورامان بەکار دەهێنێت بۆ ئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند: "ئەگەر چى ماوەى چەند ساڵێکە هەرێمى کوردستان رووبەڕووی قەیرانى دارایی بووە، لە ئێستادا کە وەرزى زستانە وەک پێویست کارەبا و سووتەمەنى دابین نەکراوە، ئێمەش لەبەر کەمبوونەوەى سووتەمەنى و کارەبا ماوەى دوو ساڵە بەزۆر سۆپاى دار بەکاردەهێنین.
ئەو گوتیشى: "ساڵى پار دارمان بڕیوە بۆ بەکارهێنان،بەڵام ئەمساڵ وەک پێویست دارمان نییە سۆپا بەکار بهێنین وە لە ئێستاشدا نرخى دار لە سنوورى ناوچەى هەورامان و پارێزگاى هەڵەبجە بەرزبووەتەوە وە لە ساڵى رابردوو یەک عەرەبانە دار بە 40 بۆ 50 هەزار دینار بووە ،بەڵام ئەمساڵ یەک عەرەبانە دار بە 90 هەزار دینارە کە ئەمەش نرخێکى بەرزە لە ئێستادا.
عیزەت عەبدولرەحیم داواشى کرد کە رێگرى بکرێت لە بەرزبوونەوەى نرخى دار.
هاووڵاتى عەلى حوسێن دانیشتووى گوندى ئەحمەد ئاوایە، لەبەر نەبوونى سووتەمەنى و کارەبا سۆپاى دار لە ماڵەکەیدا بەکاردههينيت گوتى: "لەو کاتەى کە ئەم قەیرانانە لە هەرێمى کوردستان دروست بوون ئێمە لەماڵەوە سوپاى دار بەکار دەهێنین چونکە خەرجى کەمترە"..
گوتیشى: "لەم وەرزەدا کە وەرزى زستانە و وەرزى سەرماوسۆڵەیە حکوومەتى هەرێمى کوردستان وەک پێویست سووتەمەنى بۆ دانیشتوانی ناوچەکەى ئێمە دابین نەکردووە، چونکە ناوچەکەمان ناوچەیەکى شاخاوییە و بەفرێکى زۆرى لێ دەبارێت بۆیە ئێمەش پەنامان بردووەتە بەر بەکارهێنانی سۆپاى دار.
لەبارەى کرینى دارەوە عەلى ئاماژەى بۆ ئەکرد "ئێمە ساڵى پار دارى خۆمانمان بریووە لەباخەکەمان بەڵام ئەمساڵ دارمان کڕیوە ،لەگەڵ ئەوەشدا نرخى دار بەرێژەیەکى بەرچاو بەرزبووەتەوە،ئەگەر تاکو ساڵى داهاتوو حکوومەتى هەرێمى کوردستان سووتەمەنیمان بۆ دابین نەکات توشى گرفتى کەمی داریش دەبین".
لەبارەى نرخى دار، دارفرۆشان دەڵێن لەبەر بوونى خواستى زۆر بۆ سۆپاى دار نرخى داریش بەرزبوەتەوە.
باقى حەسەن ماوەى چەند ساڵێکە کارى دار فرۆشتن دەکات لە ناوچەى هەورامان بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى:"وەک خۆم ماوەى چەند ساڵێکە کارى دار فرۆشتن دەکەم لەم ناوچەیە، ساڵانى رابردوو وەک پێویست هاووڵاتیان داریان نەدەکڕى ئەویش بەهۆى پێدانى نەوت و کارەباوە بوو لەلایەن حکوومەتەوە ،بەڵام ئەوە ماوەى دوو ساڵە کە قەیرانى سووتەمەنى و کارەبا دروست بووە هاووڵاتیان سۆپاى دار زیاتر بەکار دەهێن.
گوتیشى: "لەناوچەى هەورامان خواست لەسەر بەکارهێنانی سۆپاى دار زۆر بووە لە ئێستاشدا هاووڵاتیان سۆپای دار بەکاردەهێنن چونکە خەرجى کەمە، بەڵام لەگەڵ بەرزووبونەوەى خواستى بەکارهێنانی سۆپاى دار گۆڕانکارى لە نرخى دار دروست بووە".
باقى حوسێن ئاماژە بەوە دەکات "ساڵانى رابردوو نرخى دار هەرزان بوو بەڵام ئەم ساڵ نرخى دار بەرزبووەتەوە، ئەویش بەهۆى زۆرى خواستەوەیە".
ئەو دار فرۆشە گوتى: "نرخى دار بۆ نزیکەی 90 هەزار بۆ 100 هەزار بەرزبووەتەوە، بەڵام لەپێش ئەم قەیرانە نرخى یەک عەرەبانەدار بە 40 هەزار دینار بووە".