hemn husain
05 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2016
لە چەند رۆژی رابردوو وەزارەتی کارەبا ھەوڵەکانی خۆی خستە گەڕ بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانەکانی سرووشتی و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە رێگەی ھاتنی گازوایل گیراوە و سووتەمەنی نایەتە هەرێمی کوردستان و بڕی ٢٠ ملیۆن لیتر گازوایل لە نێوخۆ دابیندەکرێت بۆ ئەو ماوەیە، بۆیە لە ئێستادا وەزارەتی کارەبا رووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە لەسەرچاوەی بەرھەمھێنانی کارەبا لەکاتێکدا چەند رۆژێکە پێمان ناوەتە وەرزی زستان و پێشبینی دابەزینی زیاتری پلەکانی گەرما و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا دەکرێت و ئەوەیش کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی.
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی کارەبا و خواستی هاووڵاتییان لەسەر بەکارهێنانی کارەبا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنێت کە ئەگەر سووتەمەنی دابین بکرێت ئەوا دەتوانن سەعاتەکانی پێدانی کارەبا بۆ هاووڵاتییان درێژ بکەینەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا یاسین حەسەن لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لە کۆتایی هەموو ساڵێک لێژنەیەکی تایبەتمان هەیە بۆ ئەوەی بزانین کە لەماوەی ئەمساڵەدا چەند کارەبا بەرهەمهاتووە، لە ساڵی 2014 تێکڕای مێگاواتی بەرهەم هاتوو بریتی بووە لە ٢٣٤٦ مێگاوات و ئەو کارەبایەی کە لە وڵاتانی دراوسێش کڕاوە لە تورکیا 90 مێگاوات و لە وڵاتی ئێران 8 مێگاوات بووە، ئەم وزەیە لە ساڵی 2014 بەپێی ئەو حساباتەی کە کراوە بۆ هەر کیلۆواتێک بڕی 15.17 سەنتی تێچووە و بۆ ساڵی 2015 هێشتا لێژنەکە دەست بەکارنەبووە بەڵام پێشبینی دەکەین وەکو ساڵی پار بێت چونکە چەند وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بە گازوایل کاردەکەن لە ئێستادا لە کارکەوتوون بەهۆی ئەم قەیرانە داراییە و، لە هەمانکاتدا ئەمساڵ وێستگەی خورمەڵە کە وێستگەیەکە بە غاز کاردەکات کەوتەکار و رێژەیەکی باش کارەبای بەرهەمهێناوە و ئەم بەرهەمهێنانەش بە غازی سرووشتی بووە چونکە غازی سرووشتی نرخەکەی زۆر کەمترە لە گازوایل هەروەها وێستگەی هەولێری غازی کەوتووەتە کار".
سەبارەت بە پرۆژەی وەزارەتی کارەبا کە بڕیاربوو وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بکرێتە غازی سرووشتی لە جیاتی بەکارهێنانی گازوایل، یاسین حەسەن گوتی: "پێویست بوو لە سەرەتای درووستکردنی وێستگەکان غازی سرووشتی دابین بکرابایە چونکە ئەم وێستگانە دوو جۆر سیستەمیان هەیە واتا بە غازی سرووشتی و بە گازوایل کاردەکەن، لە کاتێکادا فشاری غاز دادەبەزێت لەم وێستگەیەدا ئەوا بە ناچاری بە گازوایل کاری پێدەکرێت، بۆیە ئەگەر بە شێوەیەکی ئاسایی بێت ئەوا پێویستە ئەم وێستگانە بە غازی سرووشتی کار بکەن و کە نرخی غازی سرووشتی زۆر هەرزانترە لە چاو نرخی گازوایل".
لە درێژەی قسەکانیدا یاسین حەسەن گوتی: "لە مانگی 12ی ساڵی 2014 حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی خۆیدا فەرمانێکی دەرکردووە بە ژمارە 8174 لە 14/12/2014 دەرچووە لە بڕگەی سێ ئاماژە بەوە دەکات کە سەرجەم وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە غازی سرووشتی کار بکەن و پێویستە لە ماوەی دوو ساڵدا ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت و پێویستە وەزارەتی سامانەکانی سرووشتی ئەم کارە جێبەجێ بکات تا کۆتایی ساڵی 2016".
لە ئەگەری نەکرانەوەی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا، گوتەبیژی وەزارەتی کارەبا گوتی: "ئەو بارودۆخەی هەفتەی رابردوو درووست بوو ئەگەر بەردەوام بێت ئەوا بە دڵنیاییەوە ئاستی بەرهەمێهنانی کارەبا دادەبەزیت واتا ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگاتە 2 هەزار مێگاوات لە کاتێکا ئێستا ئێمە توانای 4 هەزار مێگاواتمان هەیە ئەگەر سووتەمەنی بۆ هەموو وێستگەکان دابین بکرێت، لەلایەکی دیکەوە خواستی کارەبا لە سەرووی 5 هەزار مێگاواتەوەیە و لەم حاڵەتەشدا قەیرانەکە قووڵ دەبێتەوە و ماوەی پێدانی کارەبا کەم دەبێتەوە و ئەگەر فشاری غاز دابەزێت ئەوا قەیرانێکی قووڵ روو لە هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ نموونە، ئێمە هەفتەی رابردوو بە ناچاری بڕیارماندا کە کارگەکانی چیمەنتۆ و تواندنەوەی ئاسن لە کاربخەین و کارەبایان پێ نەدەین و ناکرێت ئەم بڕیارەش بەردەوام بێت چونکە ئەم کارگانە بەشێکن لە داهات و ئابووری هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک کرێکار کاری تێدا دەکەن و دوای ئەوەیش ئەو کارگانە گرێبەستیان لەگەڵ حکوومەت هەیە کە کارەبایان بۆ دابین دەکرێت بۆیە ناتوانین ئەو بڕیارە درێژە بکێشێت".
سەبارەت بە پرۆژەی بەکارهێنانی سیستەمی کارتی کارەبا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتی: "ئێمە لە ساڵی 2011 پرۆژەیەکمان دەست پێ کرد بەناوی پرۆژەی پێوەری زیرەک کە بەیەکێک لە پرۆژەکانی ستراتیجی وەزارەتی کارەبا دادەنرێت و تا کۆتایی ساڵی 2013 هەموو قۆناغەکانی ئەم پڕۆژەیە گەیشتە کۆتایی بەڵام بەداخەوە لە کۆتاییدا ئەم پرۆژەیە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە راگیرا بە هۆی ئەوەی تێبینییان لەسەر پرۆژەکە هەبوو، دواتر بڕیاربوو ئەم پرۆژەیە بە سیستەمێکی تر جێبەجێ بکرێت ئەویش بە هۆی قەیرانی دارایی راگیراوە، ئەم سیستەمە رێگا لە تەواوی سەرپێچی دەگرێت و خوێندنەوەی پێوەر بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبێت هەروەها بەکارهێنانی ئەم کارەبایە لە رێگای کارتی مۆبایل و یان کڕینی خودی کارتی بەکارهێنانی کارەبا یان لە رێگەی ڤیزا کارت و کۆمەڵێک رێگای دیکەوە دەبێت".
لەبارەی پێدانی وەزارەتی کارەبا بە کەرتی تایبەت، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنیت کە ئەم هەواڵانە هەتا ئێستا هەر پێشنیازن و هێشتا هیچ شتێک بە شێوەیەکی فەرمی لە ئارادا نییە و لەم بارەیەوە یاسین حەسەن گوتی: "هەتا ئێستا ئەم هەواڵانە هەر پێشنیازن و ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی سەیری بابەتەکە بکەین ، ئێمە بەشێکی زۆری وەزارەتی کارەبامان سپاردووە بە کەرتی تایبەت، هۆکارەکەش ئەوە بووە لە سەرەتای دەست بەکاربوونی وەزارەتی کارەبا هەستمان بەوە کرد بەم بوودجەیەی حکوومەت ناتوانین کارەکانمان جێبەجێ بکەین بە تایبەت هەر سێ کەرتی کارەبا، بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردن و لە ساڵی 2006 کە دوو سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کارەبامان هەبوو ، دوکان و دەربەندیخان ، پێویست بوو ئێمە لەگەڵ ئەو گۆرانکارییە خێرایەی کە هەبوو ئەوا بیر لە رێگای دیکە بکەینەوە، ئەوەبوو بیرمان لە کەرتی تایبەت کردەوە، لە ئێستاشدا کۆنترۆلی کارەبا لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی کارەبایە و ئێمە پێمان باشە تەنیا سێکتەری دابەشکردنی کارەبا و کۆکردنەوەی داهات بدرێت بە کەرتی تایبەت لەگەڵ هەندێک رێنمایی پێویست".
لە کۆتاییدا گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بە هاوکاری نەکردنی هاووڵاتییان کرد لە بەکارهێنانی کارەبا و رایگەیاند کە ئەگەر زیادەرۆیی لە بەکارهێنانی کارەبا نەکرێت، رەنگە ماوەی پێدانی کارەبا زۆر لەوەی ئیستا زیاتر بێت.