Heman Hussein Yaseen
11 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2020
ههولێر - AA
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف بەبۆنەی ٢٩ھەمین ساڵڕۆژی راپەڕینە مەزنەکەی شاری ھەولێر، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ھاتووە ''بەبۆنەی ھاتنی ساڵڕۆژی راپەڕینە مەزنەکەی بەھاری ١٩٩١ی گەلەکەمان، پیرۆزبایی لە تەواوی پێکھاتەکانی، کورد، تورکمان، کلد و ئاشوور و سریانی شاری ھەولێر دەکەین، بەڕاستی خاوەنی یەکەم و کۆتایی ئەو شۆڕشە گەورەیەن کە کۆتایی بە حوکمی زوڵم و ستەمی رژێم ھێنا''.
لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان ھاتووە ''راپەڕینەکەی ھەولێر شکۆی ھێزی داگیرکەری رژێمی بەعسی تێکشکاند، بەرھەمی راپەڕینەکەش لە دایکبوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە کە یەکێک بوو لە دەستکەوتەکانی جێی شانازی ئەو پێکەوە ژیانەی نێوان پێکھاتەکانە''.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، "ئەمڕۆ کە یادی راپەڕین دەکەینەوە بەشێک لە خواستەکانی جەماوەر بەدی ھاتوون و خاوەنی ژمارەیەک دەزگای یاسایی و قەوارەی کیانی سیاسین لە ھەرێمی کوردستان، ئومێدەوارین ئەم بۆنەیە ببێتە ھۆی ھەنگاوەکانی زیاتری ئاوەدانکردنەوە و یەکڕیزی و تەبایی نێوان گشت پێکھاتەکان''.