Cemal Sargati
18 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2017
گوندی سەرگەت دەكەوێتە ناوچەی هەورامان، ئەو گوندە لە رووی ئیدارییەوە سەربە ناحیەی بیارەیە لەپارێزگای هەڵەبجە، گوندەكە زیاتر لە 50 ماڵی تێدایە كە هەر خێزانێك بەكاروباری تایبەتی خۆیان بژێوی ژیانیان دابین دەكەن كە بەشێكیان كاری ئاژەڵداری دەكەن و بەشێكی تریان بژێویان لەسەر بەرهەمە خۆماڵییەكانە.
ژیانی خەڵكی گوندی سەرگەت ژیانێكی سادە و ساكارە بەڵام بەشێكیان لە ئێستادا بەهۆی دابین نەكردنی پێداویستیە سەرەتاییەكانی ژیانەوە وەك رێگاوبانی پێویست، هەروەها كارەبا و سووتەمەنی پێویست بەشێكی خەڵكی ئەو گوندە روویان لە شارەكانی هەڵەبجە و سلێمانی وناحیەكانی دەورووبەری كردووە.
ئەو خێزانانەشی كە تاكو ئێستا لەو گوندە ماون گوندەكەیان چۆڵ نەكردووە وەك خۆیان دەڵێن گوندەكە یادگار بەجێماوە، هەروەها شوێنی باو باپیرانیانە بۆیە تاكو ئێستا گوندەكەیان چۆڵ نەكردووە.
سەرگەت لە وەرزی زستاندا روویەكی جوانی هەیە و بەفرێكی زۆری لێ دەبارێت و زستانێكی ساردی هەیە و لە هاوینیشدا ناوچەیەكی فێنك و خۆشی هەیە خەڵكانێكی زۆر سەردانی دەكەن.
لە ئێستاشدا كە وەرزی زستانە ئەو گوندە هەر لە سەرەتایی وەرزەكە بەفرێكی زۆری لێ دەبارێت شاخ و دۆڵەكانی بەهۆی سپی دەبن.