ئیزمیر
بەرێوەبەری تەندروستی شاری ئیزمیر پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا تۆزون بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەبێ ھەموو کەسێ لە زستاندا ھەوڵبدا کە ھەریەکە لە سەوزەکانی گێزەر و برۆکلی و کولەکە، لە میوەکانیشدا سێو و پرتەقاڵ و لالەنگی و سندی بەشێوەیەکی پێویست بخوات. چونکە ئەو میوەو سەوزانە سیستمی بەرگریی لەش زیاد دەکەن."
ئەو پرۆفیسۆرە ئاماژەی بەوەدا خواردنی سەوزەو میوە بە تایبەت ئەوانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین A و C لە زستاندا زۆر گرنگن بۆ بەھێزکردنی توانای بەرگریی لەش بەرامبەر بە نەخۆشییەکانی کە لە زستاندا زیاتر توشی مرۆڤ دەبن.
لەپاڵ ئەواندا خواردنی کەلەرم، لالەنگی، سێو، سندی، پرتەقاڵ، کولەکە، مەعدەنووس بە گرنگترین خۆراک وەسف دەکرێن بۆ وەرزی زستان.
تۆزون ھەر لەبارەی ئەو خۆراکانەی سیستمی بەرگریی لەش بەھێز دەکەن گوتی: "گوێز و بادام و سەوزە پرن لە ڤیتامین E کاریگەریی باش دەکەنە سەر بەھێزکردنی جەستە و بەرگریی زیاتر دروست دەکەن. لە زستاندا بەھۆی کەمی بوونی تیشکی ھەتاو ڕێژەیەکی کەمتر ڤیتامین D لە لەشدا بەرھەم دێ، ڤیتامین Dسەرچاوەکەی لە پێستەوەیەو زۆر بەکەمی لە خواردنەکاندا چنگ دەکەوێ، بۆیە بۆ بەدەستھێنانی ئەو ڤیتامینە کە سەرچاوەیەکی سەرەکی بەھێزبوونی ددان و ئێسکە، دەبێ بە پێی توانا لە حەفتەیەکدا ٢-٣ جار ماسی بخورێ کە یۆد و کانزاکانی فۆسفۆر و کالیسیۆمی تێدایە کاریگەریی باش دەکات بۆ توانەوەی ترشە چەورییەکان کە لەو ڕێیەوە ڤیتامین D بەرھەم دێنن."
ئەو پرۆفیسۆرە ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ راگرتنی ھاوسەنگی میتابۆلیزم و دەرکردنی تۆکسینە دروست بووەکان لەناو لەشدا، دەبێ ڕۆژانە ٨-١٠ پەرداخ ئاو بخورێتەوە.