Muhammet Ali Kemal
18 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2015
لەشارۆچكەی چاتاكی سەربە پارێزگای وان شوانەكان لەكاتی هێنانەوەی رانەكاندا لە كوێستانەكانەوە بۆ شارەكان بەهۆی بارینی بەفری لەناكاوەوە تووشی ناڕەحەتی بوون.
لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما لە خۆرهەڵاتی ئانادۆڵو، هێنانەوەی رانەكان لە كوێستانەوە بۆ شارەكان درێژەی هەیە.
سێ شوان كە لە دەشتاییەكانی شارۆچكەی چاتاكەوە شەش رۆژ لەمەوبەر بەرەو ناوەندی شارۆچكەكە بەڕێكەوتن، لەرێگەیاندا لە پردی پەڕینەوەی كوروباش بەفریان بەسەردا باری.
شوانەكان ناچار بوون لەنێو خێوەتەكانیاندا چاوەڕێ بكەن بۆ ئەوەی بارینی بەفرەكە كۆتایی بێت.
یەكێك لە شوانەكان بەناوی عەلی بارغ وێڕای ئاماژەدان بەوەی لەرێگەدا تووشی ناڕەحەتی بوون، گوتی:"شەش رۆژە بەرێگاوەین. نزیكەی 180 كیلۆمەترمان بەپیادە بڕیوە. پێشبینی ئەوەمان دەكرد كە بەفر ببارێت بەڵام دیسان هەر ویستمان بێینەوە. كۆی گشتی 150 مەڕمان هەیە. زستانان لە ئەستەبڵەكانی گەڕەكەكانماندا دەیانلەوەڕێنین. كە هاوین هاتەوە دیسان دەچینەوە دەورووبەری چاتاك''.
عەبدوڵڵا بارغ لای خۆیەوە ئاماژەی بەوە كرد كە بەهۆی ئەو بەفرە لەناكاوەی كە باریوە تووش ناڕەحەتی بوون.
بارغ ئاماژەی بەوە كرد كە لەنێو ئەو خێوەتانەدا كە وشكیان كردووەتەوە چاوەڕێی وەستانی بارینی بەفرەكەیان كردووە و بە سەرە ئێشكیان بەلای مەڕەكانەوە گرتووە و گوتی: "رێگایەكی ناڕەحەتە بەڵام لەبەر ئەوەی بەدرێژایی هاوین لەدەرەوە بووین، راهاتووین. دوای ئەوەی كە پشووماندا دووبارە دەست بە رۆیشتن دەكەینەوە''.