hemn husaın
18 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2015
گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان فوئاد عوسمان رایدەگەیەنێ لە چەند رۆژی داهاتوودا لێژنەیەکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان سەردانی شنگال دەکات و بۆ ئەوەی پێویستییەکان و بری تێچووی هەڵدانەوەی گۆڕەکان دەستنیشان بکەن.
فوئاد عوسمان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەم ماوەیە سێ گۆڕی بەکۆمەڵ لە قەزای شنگال دۆزراوەنەتەوە یەکێکیان دەکەوێتە گوندی خانەسوور و یەکێکیان دەکەوێتە گوندی بردیای سەر بە ناحیەی سنوونێ و رووپێوی چەند گۆڕێکی دیکەش کراوە لە چوارڕێیانی حەردان بەڵام لەبەر نزیکی تیرۆرستانی داعش لەم سنوورە توانای هەڵدانەوەمان نییە".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان رایگەیاند: "دوای ئازادکردنی شنگال، لەم چەند رۆژەی رابردوودا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە دوو گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزرانەوە و تاکو ئێستا تیمەکانی ئێمە نەچوونەتە ئەم شوێنە تاکو لەلایەن هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەم ناوچەیە رێگامان پێدەدرێت چونکە مەترسی ئەوەیە کە تەرمەکان بۆمبڕێژ کرابن و بە دڵنیاییەوە لە چەند رۆژی داهاتوودا لێژنەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان سەردانی شنگال دەکات و بۆ ئەوەی بڕی تێچووی هەڵدانەوەی گۆڕەکان دەستنیشان بکەین".
دوای ئەوەی قەزای شنگال لە 3/8/2014 لەلایەن تیرۆرستانی داعش داگیرکرا و دوای زیاتر لە یەک ساڵ و سێ مانگ لەرۆژی 13/11/2015 لەلایەن ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئازادکراوە و لە ئێستادا دوو گۆڕی بە کۆمەڵ لەم ناوچەیە دۆزراوەتەوە یەكێكیان لە گوندی خانەسوور وئەوەی دیکەیان لە گوندی بردیایە كە سەر بە ناحیەی سنونێ-ن. ئەم ناحیەیە سەر بە قەزای شنگال و 140 كیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە دوورە و پێش داگیرکردنی لەلایەن تیرۆرستانی داعش، ژمارەی دانیشتوانی بە 140 هەزار كەس دەخەمڵێندرا، سنووری ناحیەكە 40 گوندی لەسەرەو رووبەرەكەشی 1714 كم دووجایە.
گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان گوتیشی: "دوو گۆڕە بە کۆمەڵەکەی شنگال یەکێکیان هەمووی ژنن و تەمەنیان لە نێوان 40-80 ساڵییە و گۆڕەكەی دیكەش کە 52 رووفاتی تێدایە و گومان لەوەدا نییە كە دوای پاككردنەوەی ئەم ناوچانە چاوەڕوان دەکرێت گۆڕی زیاتر بدۆزرێتەوە لە ئەنجامی ئەم تاوانکارییانە و بەتایبەت لە گوندی کۆجۆ چونکە لەم ناوچەیە تیرۆریستانی داعش کۆمەڵکوژی زۆریان ئەنجامداوە دژی ئێزدییەکان".
سەبارەت بە پەیوەندی حکوومەتی عیراق بەم پرسە، فوئاد عوسمان گوتی: "بەپێی یاسای ژمارە 5 ی ساڵی 2006، وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقی پەیوەنددارە بە ھەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان بەڵام لەم دواییەدا لە پەراوێزی جێبەجێکردنی بەرنامە چاکسازییەکەی عەبادی ئەوا وەزارەتی مافی مرۆڤی عیراقی هەڵوەشایەوە و لە ئێستادا ئەم وەزارەتە لە کارکەوتووە، ئێمە بەپێی ئەو تواناییەی لەبەردەستمانە ئەوا وەکو وەزارەت هەڵدەستین بە هەڵدانەوەی ئەم گۆڕەبەکۆمەڵانە".