Rewa Mahmood Hasan
15 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2020
سلێمانی - AA
دوای زیادبوون و هەڵکشانی سەرلەنوێی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، وەک خۆپارێزیەک و بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە، لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە بڕیاری داخستنی سەیرانگەکانی ناوچەکەی دەرکرد و رێنماییەکانی سەر سنوور و مەرزە نافەرمییەکانی ناوچەکەی توندتر کرد.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قایمقامی هەڵەبجە و ئەندامی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگاکە، نوخشە ناسح ئاماژەی بەوەدا کە بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە و رێگریکردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە لەنێو خەڵکدا، وەک لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە کۆمەڵێک بڕیاری نوێیان دەرکردووە لەوانە داخستنی سەیرانگەکانی سنووری پارێزگاکە ئەوەیش بۆ بنبڕکردنی هاتوچۆی سەیرانکەران بۆ ناوچەکە، هاوکات بڕیار دراوە کە سەرجەم ئەو دووکان و کاسبکارانەی پابەند نابن بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە بەتایبەت لە بەکارهێنانی دەمامک و دەستکێشدا، ئەوا رووبەڕووی سزا و داخستنی شوێنی کارەکەیان ببنەوە.
نوخشە ناسح ئاماژەی بەوەیش دا کە بڕیاریان داوە مەرجەکانی تێپەڕین لە مەرزەکانی سەربە پارێزگای هەڵەبجە، لەوانە شوشمە و پشتە توندتر بکەنەوە و لە رێوشوێنێکی تەندروستیی تونددا رێگا بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بدرێت لەو مەرزانەوە.
ناوبراو نەیشاردەوە کە ئەوان لەئێستادا بۆ زیاتر پابەند بوون بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە لە هەوڵدان بڕیار بدەن بۆ داخستنی ئەو مەرزانە بەشێوەیەکی کاتیی.
قایمقامی قەزای هەڵەبجە هەروەها ئاماژەی بەوەیش دا کە لەگەڵ بەردەوامی ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییانەی لە پارێزگاکەدا لەگەڵ ئێراندا دەکرێت، هاوکات رێگە بە هیچ جۆرە هاموشۆیەک نادرێت کە بە قاچاخ ئەنجام دەدرێت و لەو بارەیەوە گوتی: "لە ماوەکانی رابردوودا دوای وەرگرتنی زانیاریی لەسەر گەڕانەوەی ژن و منداڵێک کە لەلایەن هاوسەرەکەیانەوە دەرکرابوون لە ئێران کە بەقاچاخ گەڕابوونەوە، لەئێستادا خراونەتە ژێر کەرەنتینەوە و رێگە بە هیچ جۆرە هاموشۆیەکی بەقاچاخ نادەین نە بۆ کاڵا نە بۆ گەشتیار و هاووڵاتییانی ناوچەکە".
نوخشە ناسح سەبارەت بڕیاردان لەسەر داخستنی سەیرانگەکان کە ئایا کاریگەریی نەرێنی ناکاتە سەر بژێوی هاووڵاتییان رایگەیاند "ئێمە بیرمان لە گوزەرانی خەڵک کردۆتەوە بەس لەو بڕوایەدا نین کاریگەریی ئەوتۆ بکاتە سەر بژێوی بە هەفتەیەک، ئەم رێکارە بۆ پاراستنی خەڵکەکەمان گیراوەتە بەر، تاکو بەدووریان بگرین لە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ".
قایمقامی قەزای هەڵەبجە، نوخشە ناسح راشیگەیاند کە ئەوان سەرجەم بڕیارەکان لەسەر راسپاردە و پێشنیازی سەرجەم ئەندامانی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەردەکەن.