Salim hemexan
22 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2015
گۆشت فرۆشێكی بازاڕی هەڵەبجە فارس حەمەعەلی، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "نزیكەی دوو هەفتەیە نرخی گۆشتی سوور لەبازاڕی هەڵەبجە دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و نرخی یەك كیلۆ گۆشت بۆ 11 هەزار دینار دابەزیوە".
ئەو گۆشت فرۆشە گوتی: "لەبەر ئەوەی ئێستا رێژەیەكی یەكجار زۆر مەڕ و بزن لەبازاڕەكەدایە، هاوكات لەبەر دابەزینی ئاستی بژێوی هاووڵاتییان و كاریگەریی قەیرانی دارایی لەسەر گیرفانیان، گۆشتفرۆشانی بازاڕی هەڵەبجە نرخی گۆشتیان بەرێژەی جیاواز بۆ گۆشتی مەڕ و مانگا و قیمە و گۆشتی نەرمە دابەزاندووە".
بە گوتەی ئەو لە ئێستادا نرخی یەك كیلۆ زیندە گۆشتی مەڕ و بزن بە چوار هەزار و 500 دینارە، نرخی گۆشتیش بۆ 11 هەزار دینار دابەزێنراوە، گۆشتی مانگا و گوێرەكە بە 12 هەزار دینار و قیمە و گۆشتی نەرمەش بە 13 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
بە گوێرەی ئاماری قەسابخانەی هەڵەبجە لەماوەی ئەمساڵدا 15 هەزار و 681 سەر مەڕ و بزن و دوو هەزار و 302 سەر مانگا و گوێرەكە لەسنووری پارێزگای هەڵەبجە سەربڕراوە، ئەمەش بە بەراورد بەساڵی رابردوو تاڕادەیەك كەمی كردووە و لە پارساڵدا 16 هەزار و 519 سەر مەڕ و بزن و دوو هەزار و 592 سەر مانگا و گوێرەكە سەربڕراون.
حەمەعەلی ئەوەشی گوت: "لەبەر ئەوەی زۆرینەی ئەو مەڕ و بزنەی ئێستا لەبازاڕەكەدایە لەدەرەوە هاوردە دەكرێت و ناوچەكەی ئێمەش سنوورێكی بەرفراوانی بەرووی ئێراندا هەیە، رێژەی ئەو ئاژەڵەی لێرە زیاترە و نرخەكەی كەمتر دەكەوێت، بۆیە ئاسانە بۆ گۆشتفرۆشان بەو نرخانە گۆشت بفرۆشن".
لەلای خۆیەوە لێپرسراوی هۆبەی ڤێتەرنەری هەڵەبجە نەبەز عوسمان لە لێدوانێكدا بۆ ئانادۆڵو گوتی: "بە گوێرەی ئامارەكانی ئێمە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەدا نزیكەی 100 هەزار سەر مەڕ و بزن و زیاتر لە 15 هەزار سەر مانگا و گوێرەكە هەیە، كە لەلایەن هاووڵاتییان و ئاژەڵدارانی ناوچەكەوە بەخێودەكرێن و بەشێك لەو ئاژەڵانە رۆژانە بۆ خواردنی گۆشتەكانیان بەكاردەهێنرێن، بەڵام زۆرینەی ئەو ئاژەڵەی سەردەبڕدرێت، ئاژەڵی هاوردەیە".
لێپرسراوی هۆبەی ڤێتەرنەری هەڵەبجە هەروەها گوتی: "ئاماری ئەو ئاژەڵە هاوردانەمان لا نییە كە بەقاچاخ لەسنوورەكانە دەهێنرێنە ناوچەكەمان، بەڵام تەواوی ئەو ئاژەڵانەی لەسنووری هەڵەبجە سەردەبڕدرێن بەشێوەیەكی تەندروستانە لەقەسابخانە سەردەبڕێن و هەر ئاژەڵێكیش هەر جۆرە نەخۆشییەكی هەبێت، رێگە بەفرۆشتنی نادەین".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، كە لەماوەی ساڵێكدا 27 سەر مەڕ و بزن و مانگا و گوێرەكە لەبەر ناتەندروست بوونی گۆشتەكانیان، رێگە نەدراوە بفرۆشرێن و لە ناوبراون، هەروەها هەندێك ئاژەڵیش هەیە تەنها كێشە لە ئەندامێكیاندا هەیە، بەتایبەتی لە سییەكانیان یان لەجگەریاندا بۆیە تەنها ئەو ئەندامەیان لەناوبراوە كە بە هەمان شێوە لەماوەی ساڵێكدا سێ هەزار و 342 ئەندامی نەخۆشی مەڕ و بزن و مانگا و گوێرەكە لەناوبراوە.